ئۆجەلان: دەبێت پەرلەمان پەلەبکات لە چارەسەرکردنی پرسی کورد

مەودا میدیا-

رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێگەی شاندی دەمپارتییەوە بۆ ئیمراڵی پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە پەرلەمانی تورکیا بە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییەوە مامەڵە بکات بۆ دەرکردنی یاسایەک کە ببێتە بنەمایەک بۆ پرۆسەی دیموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورد،

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند “کۆمەڵگە لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە گیری خواردووە، بۆیە ئەوان پێداگرن لەسەر خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی، نابێت تەنها لە چاوەڕوانیدا بن، چونکە ئەوە مەترسی دروستدەکات و دەبێت هەموو هەنگاوەکان چوارچێوەیەکی یاساییان هەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” پرۆسەی ئێستا هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییەی کە ساڵانێکە پرسی کوردی تێکەوتووە، لە رێگەی سیستمێکی چارەسەرییەوە کە هۆکارەکانی توندوتیژی لە رەگەوە هەڵدەکێشێت، بۆیە داوای لە هەموو لایەک دەکات بەشداریی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بکەن”.

ئەوەشی خستەڕوو “دەوڵەتانی وەکو ئێران و ئیسرائیل بەرەو توندتربوون دەچن و نەتەوەپەرستیش زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت، لەسەر ئاستی ناوخۆش پەلاماردانی بارەگای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) نیشانەی نەبوونی دیموکراسی و کەموکوڕییەکانی بنەمای کۆمارییە لە تورکیا”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان