لیستەکەی جۆلانی بڵاوکرایەوە

مەودا میدیا-

سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل (پەرلەمانی سوریا) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا مەرسومی ژمارە 143ی ساڵی 2026ـی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی خوێندەوە کە تایبەت بوو بە ناوی 70 کەس کە وەک پەرلەمانتار لەلایەن جۆلانییەوە بەبێ هەڵبژاردن دانراون.

محەمەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل، ناوی 70 ئەندامی کۆتایی ئەنجومەنەکەی ئاشکراکرد، ئەم پێکهاتەیەش بە لیستی ئەحمەد شەرع (جۆلانی) ناسراون و بەشێوەی دامەزراندن دانراون بە بڕیاری خودی جۆلانی، سەرۆکی کاتیی سووریا.

ناوی دوو ئەندامی ئەنەکەسە لەنێو ئەو 70 پەرلەمانتارەدا هەیە کە ئەوانیش (عەبدولحەکیم حەواس بەشار (ناسراو بە عەبدولحەکیم بەشار)ە لە پارێزگای حەسەکە و مستەفا عەبدولڕەحمان عەبدی (ناسراو بە مستەفا عەبدی) لە شاری حەسەکە کە لەلایەن جۆلانییەوە، دوور لە ئیرادەی گەلی کورد لە رۆژئاوا دانراون.

دابەشبوونی جوگرافیی لیستە 70 ئەندامەکەی جۆلانی بەمشێوەیەیە: پێنج لە ئیدلب، شەش لە حومس، حەوت لە حەسەکە، چوار لە دەرعا، سێ لە رەققە، پێنج لە دیمەشق، دوو لە قونەیتەرە، شەش لە دێرەزوور، چوار لە لازقیە، پێنج لە گوندەوارەکانی دیمەشق، 14 لە حەلەب، دوو لە تەرتووس، پێنج لە حەما و دوو لە سوەیدا.

لیستی ئەو ئەندامانەی کە لەلایەن جۆلانییەوە دانراون لە 55 پیاو و 15 ژن پێکهاتوون، کە نوێنەرایەتی یەک لەسەر سێی ئەنجومەنەکە دەکەن، لە کۆی گشتیی 210 ئەندام، هەروەها لە کۆی گشتی تەنها رێژەی لە 10٪ بۆ بەشداریی ژنان دانراوە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان