مهودا میدیا-
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا ئهمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران رەنگە چەند رۆژێکی تر بخایەنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی دانوستانە بەردەوامەکان و کەمکردنەوەی هیواکان بۆ پێشکەوتنێکی خێرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان هەردوولا.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بهقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە دانوستانەکان لەسەر ژمارەیەکی بەرچاو خاڵی پەیوەست بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵی پێشکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە بەو مانایە نییە کە رێککەوتنی کۆتایی نزیکە.
دانوستانە ناڕاستەوخۆکان کە لەدوای ئاگربەست لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، تیشک دەخاتە سەر پرسە سەرەکییەکان لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، سزا ئابوورییەکان، شەڕی ئیسرائیل لە لوبنان لە دژی هەسەدە و کەشتیوانی دەریایی لە کەنداوی فارس.
هەردوولا دەڵێن پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە بەرەو داڕشتنی چوارچێوەیەکی پێشوەختە بۆ ڕێککەوتنێکی ئەگەری بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، کە ماوەی 60 ڕۆژە بۆ دانوستان لەسەر وردەکارییەکانی کۆتایی تەرخانکراوە.
بەگوتەی بەقایی، چوارچێوە پێشنیارکراوەکە بریتییە لە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە چەند بەرەیەک لە بەرامبەر سووککردنی سنووردارکردنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، هەڵگرتنی بەشێکی سزاکان و ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستووی ئێران.
گەرووی هورمز یەکێکە لە خاڵە دیارەکانی مشتومڕ، تاران بە موزایەدەی ستراتیژیی دەزانێت، لە کاتێکدا واشنتۆن بە پرسێکی ئەمنی زۆر هەستیار وەسفی دەکات.
هەروەها بەرنامەی ئەتۆمی وەک خاڵێکی ناوەندی مشتومڕ دەمێنێتەوە. ئەمهریکا پێداگریی لەسەر سەپاندنی سنووردارکردن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات، لە کاتێکدا ئێران پێداگریی دەکات کە بەرنامەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانە و رەتیدەکاتەوە تاوتوێی توانا مووشەکییەکانی بکات.
دزەکردنەکان ئاماژەن بۆ ئەگەری گەیشتن بە رێکخستنە کاتیەکان کە بریتین لە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندن یان گواستنەوەی بەشێک لە کۆگا ئەتۆمییەکان بۆ وڵاتی سێیەم، بەبێ ئەوەی چوارچێوەی کاتیی یان میکانیزمەکانی جێبەجێکردن دیاری بکرێت.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە ” ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمهریکا و نەهێشتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو”.
جگە لە پرسی ئەتۆمی، تاران داوای هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکانی ئەمهریکا و ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستوو و هەروەها قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە ئابوورییانەی کە لە ئەنجامی چەندین ساڵ لە سنووردارکردندا هاتۆتە ئاراوە، دەکات.
بە پێچەوانەوە واشنتۆن پێداگریی لەسەر خستنەڕووی بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێران لەسەر مێزی دانوستان دەکات، داواکارییەک کە ئێران بە یەکجاری رەتی دەکاتەوە و بە دەرەوەی بازنەی هەر رێککەوتنێکی ئەگەری دەزانێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمهریکا رایگەیاندووه “ئەمهریکا تێگەیشتووە کە موجتهبا خامنەیی چوارچێوەی گشتی ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردووە”.
ئاماژەکان ئەوە پیشان دەدەن کە قۆناغی یەکەمی رێککەوتنە ئەگەرییەکە رەنگە لەسەر راگرتنی پەرەسەندنی سەربازیی و ڕێکخستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە ماوەی ئینتقالی تا 30 رۆژدا بێت، کە دواتر دانوستانی فراوانتر لەسەر پرسە ئاڵۆزترەکانی ئەتۆمی و ئەمنی و ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ع