مەودا میدیا-
سەرۆکی تیمی کوردستانی-عیراقی رێکخراوی (CPT) سی پی تی ئەمەریکی ئاشکرایکرد لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمەریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتی 2026، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەپۆلێکی بەردەوام لە هێرشی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارییە هاوپەیوەندەکانی لە عیراق بووەتەوە.
کامەران عوسمان، سەرۆکی تیمی کوردستانی-عیراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمەریکی رایگەیاند “سەرجەمی هێرشەکان لەماوەی سێ مانگی شەڕەکەدا (28ی شوبات – 28ی ئایار) 751 هێرش بووە و بووەتەهۆی کوژرانی 22 کەس و برینداربوونی 112 کەسی تر لە هەرێمی کوردستان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” (60.3٪)ی هێرشەکان گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عیراق لێی بەرپرسیارن و (39.7٪)ی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراون و لە (78.4٪)ی هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە ئەنجامدراون”.
ئەوەشی خستەڕوو “لە (78.3٪)ی هێرشەکان بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر بووە و لە (37.4٪) هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان بووە، لە (31.7٪)ی تری هێرشەکان بۆسەر شوێنی مەدەنی، کۆمپانیا، بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەکانی نا بەشدار لەو شەڕە بووە، هەروەها لە (30.9٪)ی هێرشەکان بۆسەر کەمپی پەنابەران و بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە”.
باسی لەوەشکرد “سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی نیسان، هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەوەستاون و تیمی کوردستانی عیراقی CPT، لەماوەی ئاگربەستدا، 104 هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە، لە هێرشەکانی ماوەی ئاگربەستدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەدیدەکرێت کە ئەوانیش:
1-گۆڕانی ئامانجەکان: لە(82.7٪)ی هێرشەکانی ماوەی ئاگربەست، بۆسەر حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپەکانیان بوون.
2-گۆڕانی لایەنی ئەنجامدەر: لەماوەی ئاگربەستدا هێزەکانی ئێران بوونە ئەنجامدەری سەرەکی هێرشەکان بەرپرسیارن لە نزیکەی (89٪)ی هێرشەکانی ماوەی ئاگربەست.
3- قوربانیان: سەرجەمی قوربانییانی ماوەی ئاگربەست کە (5 کوژراو و 17 بریندارن، ئەندامی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
ب ح