عەتا مەحمود
لە زمانی ئاخاوتن، گفتوگۆی رۆژانە، نووسین و ئەدەبیاتدا، وەک چۆن وشەمان هـــەیــــــە فــــەرامۆش دەکــــــرێن و بــــــەرەو کـــاڵبوونەوە دەچــــــن و کــــــەم بەکـــاردێن، بە پێچـــەوانەیشــــــەوە گەلێک وشەمان هەن زۆر بەکاردێن، ئەگەر بە تەنیا وشەی (ئاو)، بە نموونە وەربگرین، وشەیەکی هێندە چالاکە، رەنگە نەتوانین لە باسێکی ئاوا کورتدا ئاماژە بە هەموو بەکارهێنان و دەستەواژە و ئیدیۆم و رەهەندە جیاوازەکانی بدەین.
- ناساندنی ئاو: ئاو سەرچاوەی ژیان و ئاوەدانییە، نزیکەی سەدا حەفتای گۆی زەوی بە ئاو داپۆشراوە، لەشی مرۆڤ نزیکەی دوو لەسەر سێی لە ئاو پێکهاتووە، ئاوێتەیەکی نائەندامیی بێ تام و بۆن و بێ رەنگە، هەر گەردێکی ئاو، لە دوو گەردی هایدرۆجین و یەک گەردی ئۆکسجین پێکهاتووە، سێ دۆخی هەیە دۆخی شل، رەق (بەستوو)، دۆخی گازی (هەڵم).
- لەگەڵ وشەی تردا، سەدان وشەی نوێی لێ دروستدەبێت، وەک:
ئاو لە دڵ رۆیین: بریتییە لە برسێتیی زۆر./ ئاو لە دنگا کوتاندن: بریتییە لە کردار و گوفتاری بێهوودە./ ئاودان: ئاوکردنە بن دار و درەخت، دانی ئاو بە وڵاخ و ئاژەڵ.
لە ئاودان: بەفیڕۆدان./ دڵ ئاوەدان: مەردوومی وریای زۆرزان./ ئاوڕۆشنکەرە: گیاندارێکی بچکۆلەی رەشە بەسەر ئاودا دێت و دەچێت./ ئاوزێ: زەوی زەنەک (زەوییەک ئاو دەدەڵێنێ، ئاوەزا)./ کانیاو: کانی و ئاو./ گوڵاو: ئاو، یان ئارەقەی گوڵ./ ئاوکێش: مەشکەی ئاو، یان شیر./ ئاوبەر: ئاوگێڕ (سقاء)./ ئاشی ئاوکەوتوو: ئاش، کە ئاوی لێدەبڕێت./ ئابڕوو: ئاوی روو./ بڵقی سەرئاو: کەڤکردنی ئاو./ ئاوەڕۆ: رێڕەوی ئاو، زێراب./ ئاوباز: مەلەوان./ ئاوپارە: کۆبوونەوەی ئاو لەناو برین و شوێنی سووتان./ ئاوپرژاندن: ئاوێکە بە تەنکی بکرێت بەسەر شتدا./ ئاودار: پاراو، تێراو./ ئاوتێزان: هەرشتێک ئاوبداتەوە./ ئاوچن: هەر شتێک ئاو هەڵمژێ./ ئاوخۆرە: دەفرێکە ئاوی پێ دەخورێتەوە./ ئاودڕ: کۆردەرە./ ئاودێر: کەسێک کە ئاودێریی کشتوکاڵ بکات./ ئاوردان: ئاگردان./ ئاوڕێژگە: رێڕەوی ئاو./ ئاوماڵ: هاوسێ./ ئاوبڕە: نەخۆشییەکی کوشندەی ئاژەڵە./ ئاوبەرشنا: ئاو دەرکردن، ئاو دەرهێنان لە بیری ئاو./ ئاوبەشکەرە: میراو./ ئاوپەڕ: پارچەیەکە لە ئاشی ئاو، دارێکی لوولەکییە./ ئاوتاڤ: ئاوی شەپۆلدار./ ئاوچەم: ئاوی چاو، فرمێسک، ئەسرین./ ئاوەچۆڕە: هاتنەخوارەوەی باراناو بە دیواردا، هاتنەخوارەوەی ئاو لە بەرزاییەوە./ ئاوینگ: ئاونگ، شەونم./ ئاودز: برینێک، کە بەهۆی ئاوەوە تەشەنە و هەوی کردبێت./ خوێناو، چڵکاو، گۆلاو، قوڕاو.
بە دێڕە شیعرێکی (ئەحمەد هەردی) کۆتایی بەم بەشە دەهێنم، کە دەستەواژەی (ئاوی پێم دایە)-ی تێدا بەکارهێناوە. ئاوی پێم دایە: بەواتای، هێندە بەپێوە وەستان تا قاچەکان ماندوودەبن و سڕ دەبن و تەزوویان پێدا دێت. هەردی، لە شیعری (چاوەڕوانیی بێهوودە)ی دیوانی (رازی تەنیایی)دا دەڵێت:
هەموو رۆژێ لەبەر سەیری، بتی ئەو بەژن و باڵایە
لەسەر رێدا ئەوەستم من، هەتاکو ئاوی پێم دایە. - ئاو لە خواردن و خواردنەوەدا:
شەکراو: ئاوێک کە شەکری تێدا تواوەتەوە./ ئاودۆ: دۆ و ئاو، دۆیەک ئاوی تێکرابێت./ ئاوتەماتە: دۆشاوی تەماتە./ ئاوپرتەقاڵ: ئاوی پرتەقاڵ دەکرێ بە شەربەت نۆش دەکرێ./ بەفراو و سەهۆڵاو: ئاوی سارد- ئاو سەهۆڵ، یان بەفر./ قوڕاو: جۆرە خواردنێکە لە گۆشت و ماست و پیاز دروست دەکرێت.
نموونەیەک لە شیعری پیرەمێرد، کە شەکراو و گوڵاوی بەکارهێناوە:
هەی کانی شەکراو، هەی کانی شەکراو
کانییەکەت کانی، عەنبەر و گوڵاو
ئاوی زیندەگیت، رژاوەتە ناو
جێی حەسانەوەی، تیپی سەربەدراو. - دەنگەکانی ئاو: کاتێک ئاو بە جۆگە و رووبار و شیو دەشت و دۆڵەکاندا دەڕوات، یان لە تاڤگە و شەلالەکانەوە دێتە خوارێ، یان لە کانی و کارێزەکانەوە هەڵدەقوڵێت، یان لە کاتی باران باریندا، دەنگی جیاوازی دروست دەکات، هەریەک لەو دەنگانە لە زمانی کوردیدا ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە: قوڵپەی ئاو، تکە، یان دڵۆپەی ئاو، شڵەپەی ئاو، خوڕەی ئاو، بڵقی ئاو، هاژەی ئاو.
- قوڵپەی ئاو: دەنگی هەڵقوڵانی ئاو لەژێر زەوییەوە، یان لە کانییەوە.
- تکەی ئاو: دەنگی دڵۆپە دڵۆپە کەوتنی ئاو، بۆ نموونە لە ئەشکەوتەکان، یان سەربانی گڵ کاتێک دڵۆپە دەکات.
- شڵپەی ئاو: دەنگی کێشانی دەست و پێ، یان بەرد بەناو ئاودا.
-خوڕەی ئاو: دەنگی رژانی ئاو لە بەرزییەوە، یان رۆیشتنی ئاوی زۆر بە چەم و رووبارەکاندا.
نموونەی خوڕەی ئاو لە شیعردا:
کەمالی:
شەرابی ناب و گوێی ئاو و
شەوی مەهتاب و فەسڵی گوڵ
خوڕەی ئاو و سەدایی عوود و
تار و نەغمەیی بولبول
دڵدار:
قاسپەی کەوانی قەد کێوەکانت
خوڕەی ئاوەکەی نشێوەکانت
- بڵقی ئاو: کاتێک دوو ئاو بەر یەک دەکەون، یان
دەڕژێنە ناو یەکەوە، یان دڵۆپی باران لە ئاسمانەوە
دەڕژێتە رووبار و دەریاچە و گۆمەکانەوە، یاخود
ئاوی رووبارەکان بەتووندیی بەر تاشەبەردەکان
دەکەون، کەف و بڵقی ئاو دروست دەبێت.
نالی دەڵێت:
کە خاکی خاکی دامەن بە وەگەرنە تۆزی بەر بادی
کە ئاوی ئاوی گەوهەر بە وەگەرنە بڵقی سەر ئاوی - هاژەی ئاو: شەپۆلی دەریاکان، یاخود رۆیشتنی
ئاو بەنێو چەم و رووبارەکاندا، هاژە هاژ دروست
دەکات.
نالی:
رۆژ پڕە گوێمان لەبەر ئەنهار و جۆگە و هاژە هاژ
شەو نییە خەومان لەبەر قرژاڵ و بۆق و ژاوەژاو
رەحیم لوقمانی:
هاژەی شەتاوی بن کوێستانی بەرز
گابەرد ئەتلێنێ، کەژ دێنێتە لەرز
شەتاو: ئاوی زۆر، کە لە بەفری تواوەوە سەرچاوە
دەگرێت.
- ئاو لەگەڵ رەنگەکاندا: رەشاو، زەرداو، سپیاو،
سووراو.
6 . بەدەیان گوند و ناوچەمان هەیە بەناوی کانی
و ئاوەوە ناونراون، وەک:
- ئاوەزێ: گوندێکە لە ناوچەی سیوەیل.
- ئاوەخوێڕی: گوندێکە کەوتووەتە ناحییەی پێباز
لە کەلار(لەبەرئەوەی نزیکە لە رووباری سیروانەوە،
ھیچ بەروبوومێکی کشتوکاڵی لە بەردەمدا ناکرێت).
هەروەها: کانی ماسی، کانی با، کانی پانکە، کانی
ئاسکان، کانی کوردە، کانی سپیکە، کانی گۆران،
سەرێ کانی…
7 . ئاو، لە ئیدیۆم و پەندی پێشیناندا، کە هەر یەک لەم پەندانە چیرۆک، یاخود رووداوێکی لەپشتەوەیە:
-ئاو بتبا، له پردی نامهرد مهپڕهوه.
-ئهم ههویره، ئاو زۆر دهکێشێت.
-مردوو و زیندوو، بە ئاو پاک دەبنەوە.
-ئاوی ئاموون و توونی بابا چێت.
-دەڵێی لە ئاو لایداوە.
-لە سەد ئاوی داوە قولەپێی تەڕنەبووە!
-ئاو شوێن خۆی، ون ناكات.
-ئاو بڕوا، زیخهكهی دهمێنێ.
-له جێگایهك ئاو بێت، تەیموم بەتاڵە.
-ئاوەکە، له سهرچاوهوه لێڵه.
-ئاو و ئاگر ئامانیان بۆ نییه.
-گهوره ئاو دهڕێژێ و بچووکیش پێی تێدەخات.
-ئاو دهیبا، دهست به كهفهوه دهگرێ.
-ئاوی رۆیشتوو، ناگهڕێتهوه.
-كاوڕی دراوسێ، له ئاو دهگێڕنهوه.
-ههتا ئاو نهیبردووه، ئاگات لێ بێ.
-ئهگهر بهد نهبێ، گورگ و مهڕ پێكهوه ئاو
دهخۆنهوه.
-ئاوێ بڕوا بۆ رۆخانه، خێش بیخوا نهك بێگانه.
-ئاو ببڕێ لە رۆخانە، خزم باشترە لە بێگانە.
-لە ئاوی خوڕ مەترسە، لە ئاوی مەنگ بترسە.
-ههر كهس بڵێ جێژنه، من برنج ناكهمه ئاو.
-ئهو باوکهی مهلهوان بوو، کوڕهکهی ئاو بردی.
-ئاو وهسی، تۆ نهوهس.
-تهماع سوێراوه، وهك ئاو دهنوێنێ، تا بیخۆیتهوه
تینوێتی دێنێ.
-ئاو رێگهی خۆی دهكاتهوه.
-ئهگهر گوتیان ههق، ئاو رادهوستێ.
-لەو شوێنەی ئاو هەیە، خاک نییە. لەو شوێنەی
خاک هەیە، ئاو نییە.
-بزنی گهڕۆڵ، له سهرچاوهی كانی ئاو دهخواتهوه.
-قهت خوێن نابێ به ئاو.
-ئاو چهند بۆشه، ئاش ئهوهنده خۆشه.
-ماڵی مێرووله به تنۆكێك ئاو، تۆفانییه.
-ئاو له جێگایهكدا بمێنێتهوه، دهگهنێ.
-سەد چاکە بکەی لەگەڵ ناپیاوا، گەر بێ دڵیت کرد،
دەیدات بە ئاوا.
- ئاو، لە پەندەکانی پیرەمێرد دا:
زۆر باران بارێ، دەغڵ ژەنگ دێنێ
ئاو زۆر مایەوە، کرم هەڵدێنێ
ئەگەر دەتهەوێ بێ لەوەڕ نەبی
لەناو خەڵکا هەڵـــەوەڕ نەبی
ئێرە جەنگەڵە دەبێ مــــەڕ نەبی
سەودایەک بکە تووشی شەڕ نەبی
لە جێیەک بنوو ئاو هات تەڕ نەبی - ئاو، لە مەتەڵی فۆلکۆریی کوردیدا:
-كه هاتهدهر له مهشكه، بكوڵێ سیراج و كهشكه،
خۆشه بمێنێتهوه، وهك ئاو دهخورێتهوه. (دۆ).
-ئاو له ئافتاوه، رۆژ له رۆژئاوا، ههركهس ههڵیدا
ئهقڵی تهواوه. (نوێژ و رۆژوو).
-سەوزە وەک قەوزە، نەرمە وەکو ئاو، رەقە وەکو
بەرد. وەڵام: تاڵەبی (کاڵەک).
-دەڕوا پێی نییە، دەخورێ گۆشتی نییە.
وەڵام: (ئاو)
-ئەمە چییە، هەر دەڕوات و سەری لە بەرد
دەکەوێت؟ وەڵام: (ئاو).
10 . ئاو لە شیعری شاعیراندا:
مەحوی:
بە ئاوی تێگەیشتین ئێمە دنیا، هەر سەرابێ بوو
هەموو دەشچن بە خنکان و
لە وشکیشە مەلەی مەخلووق.
حاجی قادری کۆیی:
بە یادی نەخلی باڵات
ئاو لە چاوما بێ قسوور هەردەم
دەجۆشێ، غایەتی دوورم دەزانی من وەفادارم
قانع:
داروبەردی چەشنی گەوهەرە
ئاو و سەرچاوەی عەینی کەوسەرە
هەژار:
گولـلە، تۆپ و بۆمبا و ئاگر،
کار لە بیروباوەڕ ناکەن
ماڵ و سەر و خوێن و گیانم
قوربانی ئەم، ئاو و خاکەن.
لەتیف هەڵمەت:
رەنگە جار جار
ماسی بتۆرێ لە رووبار
ئاو بتۆرێ لە فورات،
بەڵام من هەر تۆم خۆش دەوێ و
هەڵبەستێکت بۆ دەنووسم
درێژتر بێ لە باڵات.
شێرکۆ بێکەس:
ئەوەتەی کۆچ هەیە، کۆچ دەکەم
ئەوەتەی گڕ هەیە، دەسووتێم
ئەوەتەی ئاو هەیە، دەخنکێم…
پەشێو:
خەڵک گوێ لە رادیۆ دەگرن
بۆئەوەی کەژ پێشبینی کەن
منیش کە ئێوارە دادێ
تەماشای چاوی تۆ دەکەم
دەزانم با لە کوێڕا دێ
پلەی گەرما لە چەندەوە تا چەند دەڕوا
باران کام کێڵگە ئاو دەدا
کام دارستان، کام چیا دەشوا!
د.ئەحمەدی مەلا:
ئەی ئاوی تەڕ
وەک فرمێسکی لەبن نەهاتووی چیا،
وەک سەفەرێکی سوور بەرەو زەریا،
وەک یادەوەریی کتێبێکی
هەزاران لاپەڕەیی سندباد،
کوا قامچییە شێدارەکانت
کاتێک گابەردت دەهێنایە قسە؟
کوا شمشێرە دەم ئاگرینەکانت
کاتێک ئەشکەوتت بە تەوفان دەتەقاندەوە؟
- کورت و پوخت: لە زمان و ئەدەبیات و کەلتوری کوردیدا، ئاو بەتەنیا شلەیەکی بێ تام و بۆن نییە کە دەخورێتەوە، بەڵکو وشەیەکی گەلێک چالاکە و سەدان وشە و ئیدیۆم و دەستەواژەی نوێی لێ دروست بووە و هێمای پاکژیی و ژیان و ئاوەدانییە، هەربۆیە لە هەر شوێنێک ئاو هەبووبێت، وتوویانە ئەو شوێنە ئاوەدانە، هێمای رووناکییە، بۆیە لە کەلتوری کوردەواریدا کاتێک کەسێک سەفەر دەکات، ئاو دەڕێژن بەدوایدا، بە ئومێدی ئەوەی رێگای رووناک بێت و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە. سەرچاوەکان:
بەشێک لە فەرهەنگەکانی زمانی کوردی: فەرهەنگی خاڵ، فەرهەنگی هەمبانە بۆرینە، فەرهەنگی گۆران، فەرهەنگی هەلاج، تۆڕی وشەپارێزی وشەدان، ڤەژینبووکس، پەندی پێشینان، پەندەکانی پیرەمێرد، بەشێک لە دیوانی شاعیران.
ب. ب