زەڵم بوو بە ئامێز، هەورامان بە نیشتمان

دێرین جەمال

کاتێک مرۆڤایەتی لە سنووری زمان و نەتەوەکان تێدەپەڕێت، چۆن هەورامان بوو بە باوەشی هاوسۆزی بۆ باوکێکی دڵشکاو؟

​له‌نێوان هاژەی سەرشێتانەی ئاو و هاواری نائومێدیی باوکێکدا، رووداوێکی دڵتەزێن لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا و سەرچاوەی زەڵم، سەرنجی هەموانی راکێشا. کچێکی یازدە ساڵانی گەشتیاری عەرەب، کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بۆ چێژوەرگرتن لە سروشتی جوانی هەورامان هاتبوون، کەوتە نێو شەپۆلە توندەکانی ئاوی زەڵم. دوای ئەوەی لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بینرا کە ئاو کچەکەی بردووە، کات بۆ باوکەکە وەستا و چاوەڕوانییەکی تاقەتپڕوکێن دەستیپێکرد. پاش نۆ رۆژ لە گەڕانی بێ وچان، تەرمەکەی دۆزرایەوە، بەڵام ئەوەی لەم نۆ رۆژەدا لەسەر زەمینی واقیع بینرا، تەنها چیرۆکێکی خەمناک نەبوو، بەڵکو لوتکەی بەرزی مرۆڤایەتی بوو کە مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە.

​له‌ یەکەم چرکەی رووداوەکەوە و لەو ساتەوەی رووداوەکە لە رێگەی کامێراکانەوە پشتڕاستکرایەوە، خەڵکی ناوچەی هەورامان نیشانیاندا کە جیاوازیی نەتەوە، زمان و رەگەز لە بەردەم ئازاری مرۆڤدا دەتوێتەوە.

​ئازاری ئەو باوکە، ئازارێکی هێندە قورس بوو کە چیاکانی هەورامانیشی دەهەژاند. بێ هەواڵبوون لە چارەنووسی کچە شیرینەکەت و نۆ رۆژ چاوەڕێکردنی دەرکەوتنی جەستەکەی، تاقیکردنەوەیەکی سەختی خوداییە. لەم نۆ رۆژەدا، ئەو کچە تەمەن یازدە ساڵانە بوو بە میوانی زەڵم، نۆ رۆژی تەواو ئاوی زەڵم بە هێمنی لە ئامێزی گرتبوو و چیاکانی هەورامان پاسەوانی کێلەکەی بوون، بەڵام ئەوەی بوو بە مەرهەم و سەبووری بۆ دڵی ئەم باوکە شەکەت و داهێزراوە، هاوسۆزیی بێپایانی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە، گەنجان و خۆبەخشان، شانبەشانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، دەزگا ئەمنییەکان، پارێزگار و تیمە پسپۆڕەکان، ماوەی نۆ رۆژی رەبەق شەو و رۆژیان خستە سەر یەک. چەندین تیمی جۆراوجۆر و خەڵکی ناوچەکە، بێ گوێدانە مەترسییەکانی نێو ئاوە خێراکە، خۆیان هەڵدایە ناو قوڵایی چەمەکە تەنها لەپێناو دۆزینەوەی تەرمی ئەو کچە تەمەن ١١ ساڵانە.

ئەو بە چاوی خۆی دەیبینی کە چۆن گەنجانی کورد، تەنها بۆ ئارامکردنەوەی دڵی ئەو و گەڕاندنەوەی جەستەی کچەکەی، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. ئەو تێگەیشت کە لێرە، لەم خاکەدا، لێشاوی فرمێسکەکان یەکن.

​ئەم رووداوە سەلماندی کە مرۆڤایەتی لە هەر نەتەوە و زمانێک گەورەترە. کورد و عەرەب، لێرەدا نەک وەک دوو پێکهاتەی جیاواز، بەڵکوو وەک یەک جەستە لە دەوری خەمێکی هاوبەش کۆبوونەوە. خەڵکی هەورامان بەم هەڵوێستە جوامێرانەیان نەک هەر هاوسۆزیی خۆیان پیشاندا، بەڵکوو وانەیەکی گەورەی ئەخلاقییان پێشکەشی جیهان کرد، وانەیەک کە دەڵێت: کاتێک مرۆڤێک دەناڵێنێت، ئەرکی ئێمەیە ببینە نیشتمان بۆی.

​هەرچەندە کۆتایی چیرۆکەکە کۆچی هەمیشەیی ئەو پەپوولە بێتاوانە بوو، بەڵام هاوکاری، یەکگرتوویی و هاوسۆزیی بێوێنەی خەڵک و دەزگا پەیوەندیدارەکان، وەک تابلۆیەکی پڕ لە شکۆ لە لاپەڕەکانی مێژووی هەوراماندا دەمێنێتەوە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان