مەودا میدیا-
سەرۆکی تیمی کوردستانی-عیراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمەریکی ئاشکرایکرد سەربازانی تورکیا، شەشگەنجی شارەدێی شیلادزێیان دەستگیرکردووە و دوای رۆژێک لە ئەشکەنجەدانیان، رێگەیان پێداون بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.
کامەران عوسمان، سەرۆکی تیمی کوردستانی-عیراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمەریکی بە مەودا میدیای راگەیاند “سەرلە بەیانی دوێنێ، شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای خۆڕسک روویان لە گوندەکانی (بێسەپێ و کوکەرێ) لە نزیک چیای کوڕەژارۆ لە پشتی شیلادزێ کردووە لە کاتێکدا کە بە رێگاوە بوون بۆ ئەم گوندانە، کەوتوونەتەناو کەمینێکی سەربازانی تورکیا و دەستگیریان کردوون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سەربازانی تورکیا بە قۆنداغی تفەنگ و شەق و زللە لەو گەنجانەیان داوە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، ئەمڕۆ رێگەیان پێداونکە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و پێیان وتوون“ئەگەر جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنە ئەوا ژیان بە چاوی خۆیان نابیننەوە و دەیانکوژن”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەر لەم رووداوەدا، سەربازانی تورکیا بە قۆنداغی تفەگ و بەرد ئازاری ئەو ئێسترەشیانداوە کە گەنجەکان بۆ بارلێنان و ئاسانکاریی لەگەڵ خۆیاندا بردبوویان، سەر لەبەری جەستەی ئێسترەکە خەڵتانی خوێنکراوە”.
باسی لەوەشکرد “شارەدێی شیلادزێ، یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆرینەی خەڵکەکەی لەسەر کۆکردنەوەی گیا خۆرسکەکان و جووتیارییە، تاوەکو ئێستا 92 گوندی سنووری ئەو شارەدێیە لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراون و خەڵکەکەی ناتوانن بچنەوە گوندەکانییان”.
ب ح