تەڤگەری ئازادی: هەنگاوەکانی ئاکەپە و مەهەپە هەڵەیە

مەودا میدیا-

بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی رێوڕەسمی سووتاندنی چەک لەلایەن پۆلیک گەریلاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان رایگەیاند “رۆژی 11ی تەموز بەسێ هۆزات لەگەڵ 29 لە هەڤاڵانی لەبەردەم ئەشکەوتی مێژوویی جاسەنە لەنزیک سلێمانی چەکەکانی خۆیان لەبەردەم کۆمەڵێکی گرنگ لە رۆژنامەنووسان سووتاند”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پرسی کورد و رێبازەکانی چارەسەرکردنی بە شێوازێکی جەوهەری لەسەر بنەمای قبوڵکردنی بوونی کورد، کاتی چارەسەری دیموکراتیکی هاتووە”.

ئەوەشی خستەڕوو ” بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەیان کردووە، بەڵام دەوڵەت نە هەنگاوی نا، نە بۆ چارەسەری سیاسیی دیموکراتیک زەمینەی کۆمەڵایەتیی رەخساند، تێگەیشتن و مامەڵە نەرێنییەکانی ڕابردوو بەرانبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تەڤگەری ئازادیی، بە ئەنقەست درێژەیان پێدرا”.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەریی ئازادیی کوردستان:

“١١ـی تەمووز یەکەمین ساڵیادی چەک سووتاندنە لە ساڵی ٢٠٢٥، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەسێ هۆزات لەگەڵ ٢٩ لە هەڤاڵانی خۆیدا، پار کاتێک ١١ـی تەمووز بوو، لە بەردەم ئەشکەوتی مێژوویی جاسەنە لە نزیک سلێمانی چەکەکانی خۆیان سووتاند، ئەم مەراسیمی سووتاندنی چەکە کە لەبەردەم کۆمەڵێکی گرنگ لە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدرا، لەلایەن تەواوی جیهانەوە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ کرا، بۆ چارەسەری سیاسیی دیموکراتیانەی پرسی کورد لە تورکیا، وەک هەنگاوێکی گرنگ بینرا.

ڕێبەر ئاپۆ لە “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” لە ٢٧ـی شوباتدا، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پرسی کورد و ڕێبازەکانی چارەسەرکردنی بە شێوازێکی جەوهەری و سەرنجڕاکێش دیاری کرد، ڕاشیگەیاند کە لەسەر بنەمای قبوڵکردنی بوونی کورد، کاتی چارەسەری دیموکراتیکی هاتووە، بۆ پێکهێنانی ئەمەش، بانگەوازی کرد کە پەکەکە کۆتایی بەو کاروچالاکیانە بهێنێت کە لەژێر ناویدا دەکران و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری لە دژی تورکیا بهێنرێت.

دوای ئەم بانگەوازییە، لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥دا ئێمە ئاگربەستمان ڕاگەیاند، پەکەکە لە نێوان ٥ – ٧ـی ئایاردا کۆنگرەی ١٢یەمی خۆی بەستی و بڕیاری دا کۆتای بەو کاروچالاکیانە بهێندرێت کە لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکران و تێکۆشانی چەکداری لە دژی تورکیا کۆتایی پێبهێنرێت، هاوکات، بڕیاری وەرگرت کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بکرێت.

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرییمان بەسێ هۆزات و هەڤاڵانمان، لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا بۆ ئەوەی ئیرادە و بڕیارداریی گۆڕینی ستراتیژی و قبووڵکردنی ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک نیشان بدەن، چەکەکانی خۆیان سووتاند، بۆ ئەوەی ئیرادەی پێداگرانە لەسەر ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک نیشان بدرێت، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری بەسێ هۆزات بەرپرسیارێتیی ئەو گرووپەی لەئەستۆگرت، مەراسیمی سووتاندنی چەکەکانیش وەکو سیمبولی گۆڕانکاریی ستراتیژی ئەنجامدرا.

هەڤاڵمان بەسێ هۆزات کە بەرپرسیاری گرووپە ٣٠ کەسییەکە بوو، سەبارەت بە پێکهاتنی ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە وتی، وەکو ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتدا ئاماژەی پێکردووە، پێویستە مەرجە یاسایی و سیاسییەکان جێبەجێ بکرێن، مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان بووە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە گەڕانەوە بۆ ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری ڕوونادات، لە بەرانبەر دەستنیشانکردنی ئەم ئیرادەیەدا، دەبوایە دەوڵەتی تورک لە ڕووی جێبەجێکردنی ستراتیژی تێکۆشانی سیاسیی دیموکراتیک هەنگاوی یاسایی و سیاسی بنایە، بەڵام ساڵێکە هیچ هەنگاوێکی لەم شێوەیە نەنراوە.

لە ماوەی ساڵێکی پرۆسەکەدا تەڤگەری ئازادیمان بۆ جێبەجێکردنی پێویستییە یاسایی و سیاسییەکان هەنگاوی تاکلایەنەی ناوە، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە هەڤاڵ سەبری ئۆک بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند، کە گەریلاکان کشاونەتەوە بۆ دەرەوەی سنووری تورکیا، ئەو شوێنانەیان بەجێهێشتووە کە مەترسیی شەڕیان تێدا هەبووە، ئەم ڕاگەیاندراوە بۆ ئەوە بوو کە زەمینە بۆ دەوڵەتی تورک بڕەخسێنرێت تاوەکو هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت.

تەڤگەری ئازادیمان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی کرد، بەڵام دەوڵەت نە هەنگاوی نا، نە بۆ چارەسەری سیاسیی دیموکراتیک زەمینەی کۆمەڵایەتی ڕەخساند، تێگەیشتن و مامەڵە نەرێنییەکانی ڕابردوو بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیمان، بە ئەنقەست درێژەیان پێدرا.

لەم دواییانەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت، ئایا یاسای چوارچێوەیی بنەڕەتی دەربکرێت یان نا، ئەم یاسایە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشنیاز کراوە، هەم وەڵامی پێشنیازە گونجاوەکانی ڕێبەر ئاپۆ نەدرایەوە، هەمیش لەم بابەتەدا تەڤگەری ئازادیمان ئاگادار نەکراوەتەوە، بەردەنگی یەکەم و سەرەکیی یاسای ناوبراو، ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیمانە، بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییەش، باس لە پڕۆژەیاسایەکی یەک لایەنە دەکرێت، ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە نزیکایەتییەکی جددی بەرانبەر بە پرسەکە و پرۆسەکە نیشان نادرێت.

لە هەمووشیان گرنگتر؛ ئەو یاسایەی کە دەیانەوێت ئامادەی بکەن، تەنها دەیبەستنەوە بە دانانی چەکەوە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە پرسی سەد ساڵە بە شێوازێکی ڕاست هەڵناسەنگێندرێت، ئەم یاسایە پێش هەر شتێک دەبێت ببێتە ئەو یاسایەی کە پێگەی ڕێبەر ئاپۆ و کادرە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادیمان دیاری بکات و ڕێگەی چارەسەری پرسی کورد دەستنیشان بکات.

لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا، ئەو قسانەی کە دەڵێن ڕێبەرەکەمان لە دەرەوەی ئەمە دەهێڵدرێتەوە، بە واتای تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دێت، گەلی ئێمەش و تەڤگەری ئازادیی ئێمەش چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە، نزیکایەتییەک دوور لە مەرجەکانی کار و ژیانی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، قبووڵ ناکرێت، لەم پرۆسەیەدا پێش هەر شتێک دەبێت ئەم ڕاستییە بزانرێت.

“لە یەکەمین ساڵیادی مەراسیمی سیمبولی سووتاندنی چەک لە ١١ـی تەمووزدا، ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی، پێداگریی خۆمان لەسەر پرسی ستراتیژیی تێکۆشانی سیاسیی و دیموکراتیک جارێکی دیکە دووپات دەکەینەوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر “فەسخکردن” کۆتاییهێنان بە کار و خەبات و چالاکی لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی، بەڵام هەنگاونەنانی دەسەڵاتداریی ئاکەپە-مەهەپە نیشانەی مامەڵەیەکی ناڕاستە بەرامبەر بە پڕۆسەکە.

ئێمە لە ئەزموونەکانی چارەسەرکردنی شەڕدا، گونجاوترین و باشترین هەڵوێست نیشان دەدەین. زانراویشە کە ئێمە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد بۆ گەلەکەمان دەنێین.

ئەمە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەکمانە کە تورکیایەکی دیموکراتیک بونیاد بنێین، کە گەلانی ئێمە لەسەر بنەمای ئاوێتەبوونی دیموکراتیک (ئینتیگراسیۆن) بە شێوازێکی ئازاد تێیدا بژین. پێویستە گەلی کورد و سەرجەم گەلانی تورکیا بۆ خوڵقاندنی تورکیایەکی لەم شێوەیە، بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان لە هەموو ڕوویەکەوە جێبەجێ بکەن. ئێمەش بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییەی، کە لە ئەستۆمانە بەرامبەر بە گەلەکەمان، لە چوارچێوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا، لەمەودواش بەردەوام دەبین، لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆمان.”

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان