مهودا میدیا-
راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز وردەکاری هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دانانى مەحمود ئەحمەدی نهژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ئاشکرا کردووە، هەروەها هەوڵەکانی تاران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانە، لەوانەش دانانی سەرۆکی پێشوو، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆساد ئاشکرا بوو.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان کە چوار سەرچاوەی ئێرانی تێدا بەشداربوون، بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ساڵانێکە ئۆپەراسیۆنێکی شاراوەی ئەنجامداوە بە ئامانجی دامەزراندنی ئەحمەدی نهژاد وەک “سەرماییەکی هەواڵگری”، بە ئامانجی کۆتایی دانانی ئەحمەدی نهژاد وەک رێبەری ئێران لە ئەگەری رووخانی رژێمی ئێستا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بووە لە هەنگاوێک لە سەرەتای ساڵی 2024 کاتێک بەرپرسێکی حکومەتی هەنگاریا داوای لە گێرگلی دێلی سەرۆکی زانکۆ لە بۆداپێست کرد کە ئەحمەدی نهژاد بانگهێشتی کۆنفرانسێکی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا بکات.
رۆژنامەکە لە زاری گێرگلى دێلی نووسیویەتی “ئەو کۆنفرانسە هۆكارێك بووە بۆ گفتوگۆی نهێنی نێوان ئەحمەدی نهژاد و بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل، دیڵی بە هیوای ئاسانکاریی بۆ گفتوگۆی نێوان هەردوولا، رازی بووە بانگهێشتنامەکە بنێرێت”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی پێشووی ئەمهریکاوە بڵاویکردەوە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل (شین بێت)، دەیڤید بارنیا، بە شێوەیەکی شەخسی گەشتێکی بۆ بۆداپێست کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەحمەدی نهژاد کۆببێتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ئیسرائیل پارەی نهێنی بە عەلی ئەکبەر جەوانفەکر وتەبێژی ئەحمەدی نهژاد داوە و بریکارەکانی ئیسرائیلیش پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی کۆدی “ئۆپەراسیۆنی دڵی شێر” چەند جارێک لەگەڵیدا کۆبوونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە مانگی شوباتی رابردوودا لە هێرشێکی فڕۆکەی ئیسرائیلی ئیسرائیلدا، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەحمەدی نهژاد کراوەتە ئامانج، کە پاسەوانەکانی و زرێپۆشەکەی کەوتووەتە ئامانج، پێش ئەوەی بریکارەکانی مۆساد بیگوازنەوە بۆ شوێنێکی نهێنی.
ئەحمەدی نژاد تا چەند رۆژ لەمەوبەر لە پرسەی عەلی خامنەیی رێبەری کۆچکردووی ئێران دەرکەوت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە “دوای ئەوە باڵی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران سەرۆک کۆماری پێشوویان دەستبەسەر کرد و خستیانە ژێر چاودێریی بە وتەی بەرپرسانی ئێران”.
ع