سیروان مەحمود
وا بۆ مانگێك دەچێت جیهان سەرقاڵی رۆژانی پاڵەوانێتی جامی جیهانیی تۆپی پێی (٢٠٢٦)ە، ئەمە خولی ٢٣یەمە لە مێژووی ئەم وەرزشەدا، بە بەشداریی ٤٨ هەڵبژاردەی وڵاتان و بە میوانداریی هاوبەشی ئەمەریکا، مەکسیك و کەندا بەڕێوەدەچێت.
ئەم رووداوە جیهانییە گەورەیە شایستەی ئەوەیە لە زانیارییەکانی نێو ساباتەکەی هەندێک ویستگەی لێ بژاردە بکەین، دید وهەڵسەنگاندنی خۆمانی لەسەر دەربڕین وەك ئەوەی کۆمەڵێ بابەتی فەرهەنگی، ئابووری و رامیاریی گرنگ لە خۆدەگرێت.
بوونی ئەو ژمارە زۆرەی تیپەکان بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەم پاڵەوانێتە، رەخنەی وڵاتانی بچووك و ئاست ناوەندی لە تۆپی پێ رەواندەوە و هەلێکی دادپەروەرانەی رەخساند بۆ گەیشتنیان بەم کەرنەڤاڵە وەرزشییە، بەتایبەتیش لەنێو وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا و چەندین ناوچەی دیکە لەم جیهانەدا کە بۆ زۆرێك ناویان نەبیستراوبوو وەك کۆرۆساو و کەپ فیردی (الرأس الأخضر)، ئەم ژمارە زۆرە کەشێکی فرە فەرهەنگیی جیهانیی بەدوای خۆیدا راکێشا بەهۆی بەشداریی بێشوماری هاندەرانیانەوە و بووە مایەی ئاشنابوونی جیهان بە کولتوور و دابونەریتیان لە رێگەی سیمای جلوبەرگی میللی و ژەنینی گۆرانی و مۆسیقی و سەماکردنیان.
ئامادەبوونی هاندەرانی وڵاتان بۆ پشتگیریی تیپەکانیان لە یاریگا و شوێنی راهێنانیان، مایەی سەرسوڕمان بوو ئەگەر مەودای نێوان ئەو شوێنانە بەهەند وەربگرین کە زۆر جار لە دوو شاری جیاوازدا بووە و نێوانیان سەروو سەد کیلۆمەتر بووە، ئەوەشی لەبەر دووری یان گرانی تیکت نەگەیشتووەتە شوێنی مەبەست، ئەوا لە گۆڕەپانە گەورەکان شەویان کردووەتەوە تا بەیانی، بۆ بینینی تیپەکانیان لەسەر پەخشی پانێڵە گەورەکان، ئەمەش رەنگدانەوەی هەستی نیشتیمانییە کە فوتبۆڵ کۆیان دەکاتەوە ئەگەر چی لە وڵاتی خۆیان ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیشیان هەبێت.
لە روویەکی دیکەوە، ئەمەریکا دووبارە وەك وڵاتێکی خاوەن هێزێکی ئابووری و هەژموونێکی سیاسیی گەورە دەرکەوتەوە، دیمانەی ئەو یاریگا زەبەلاحە قەشەنگانە و ئاستی رێکخستنی و ئیدارەدانی ئەو پاڵەوانێتییە، باڵادەستی ئەو وڵاتەی دووپاتکردەوە لە چەمکی نەرمە هێز و کاریگەرییەکەی لەسەر هۆشی میللەتانی جیهان. راستە پاڵەوانێتەکە بە هاوبەشی بوو لەگەڵ مەکسیك و کەنەدا، بەڵام ئەگەر سەیری ژمارەکان بکەین دەردەکەوێت کە ئەم پشکی شێری بەرکەوتووە، لە کۆی ١٩ یاریگای خوولەکە ١٣ی لە ئەمەریکایە، لەکۆی ١٠٤ یاری ٧٨ی لە خاکی ئەمەریکا دەکرێت، هەر بۆیە وەها دێتە بەرچاو پاڵەوانێتەکە لە ئەمەریکا کرابێت و خەڵکی ئاگایان لەوە نەمابێت کەنەدا و مەکسیکیش بەشدارن.
لە راستیدا ئەمە تەنزەکەی ساڵی پاری ترامپی بە بیرهێناینەوە، کاتێك سەرۆکی فیفا لە روویدا وتی؛ ئەم پاڵەوانێتییە کە لە ئەمەریکا، مەکسیك و کەندا دەکرێت، قسەکەی پێ بڕی و وتی؛ بڵێ کە لە ئەمەریکا دەکرێت، دیارە ترەمپ جگە لە لایەنی لۆجستی هێمای بۆ ئامانجی سیاسیش برد، پاشان جەختیشی لە تایبەتمەندییەکانی ئەمەریکا بەراورد بە وڵاتانی دیکە کردەوە، کاتێك مەرجەکانی وڵاتەکەی بەسەر فیفا و شاندەکان سەپاند و پێدانی ڤیزای بەستەوە بە رێوشوێنەکانی هاتنە ژوورەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش نامۆ بوو بە مێژووی ئەو پاڵەوانێتە.
هەڵبەتە هەموو خوولێکی پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێ بە گەورەترین رووداوی وەرزشی نێودەوڵەتیی دادەنرێت لە پاڵ چالاکییەکانی ئۆڵۆمپیاد و بگرە لەویش گرنگتر و بە بایەختر و پڕ بینەرترە. ئەوەی جامی ٢٠٢٦ جیادەکاتەوە، سەرهەڵدانی مێژوویەکی نوێ لە بەرتەسککردنەوەی مەودای کێبڕکێی نێوان وڵاتانی گەورەی تۆپی پێ و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانی و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەفریقا، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی تیپەکان، پەیامی دادپەروەری وەرزشی بە جیهان دا و سەلماندی بە دوور لە ژاوەژاوی سیاسەت و بەرژەوەندیی پاوانخوازی ئابووری، دەکرێت لە دەروازەیەکی ترەوە جیهانێکی دادپەوەر بڕەخسێت و میللەتان پێکەوە لە کەرنەڤاڵی هاوبەشدا گۆرانی و سەمای ئاشتی و خۆشی بگێڕن.هەر لەم خولەشدا، دووپات بووەوە تۆپی پێ وەك ئەوەی بە یاری هەژاران ناسراوە هەروا دەمێنێتەوە سەرەڕای سەودای سەرمایەداران پێی، ئەوەتا نرخی تیکتێکی یاری کۆتایی گەیشتووەتە ٣٢ هەزار دۆلار و شوێنە تایبەتەکانی بۆ ٧٢ هەزار، بەڵام هیچ هەژارێکیش لە جیهاندا بێ بەش نییە لە بینینی شاهانەیی یارییەکان لە رێگەی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای پەخشەوە و بەتایبەتیش ئامێری تەلەڤزیۆن.
ر.س