مامەڵەکردن بە زەوی فەرمانبەرانەوە رادەگیرێت

مەودا میدیا-

سەرۆکی شارەوانی کفری مامەڵەکردنی بە زەوی دابەشکراوی فەرمانبەران و خانەنشینانەوە راگرت و هۆشدارییدا هەر کەسێک سەرپێچی بکات دەبێت بەرپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆ بگرێت.

عەلی خورشید فەرەج، سەرۆکی شارەوانی کفری رایگەیاند “سەرجەم ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی زەوییان وەرگرتووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانیانەوە بکەن تاوەکو تەواوبوونی تەواوی مامەڵە یاسایی، ئیداری و هونەرییەکان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پێویستە فەرمانبەران و خانەنشینان چاوەڕوانی تەواوکردنی رێکارەکان بن، بە پێچەوانەوە هەرکەسێک مامەڵە بە کرین و فرۆشتنی ئەو زەوییانە بکات خۆی بەرپرسیار دەبێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەبڕیاری ژمارە 242ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27ی ئاداری 2024 دەرچووە، هەر فەرمانبەرێک پێشتر سوودمەند نەبووبێت و خزمەتی لە هەشت ساڵ کەمتر نەبێت، مافی وەرگرتنی زەوی هەیە و لەوچوارچێوەیەدا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە شاروشارۆچکەکان دەستیپێکردووە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان