مەودا میدیا-
هاوپهیمانیی هێزه سیاسییهكانی كوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی سەرۆک و سکرتێری سەرجەم پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایکرد هێز لە یەکگرتندایە و ئەم یەکڕیزییە دەبێتە پۆڵایینترین قەڵغان.
هاوپهیمانیی هێزه سیاسییهكانی كوردستانی ئێران رایگەیاند “ئەم وێنەیە تەنها ریزبوونی چەند سەرکردەیەک نییە، بەڵکو وێنای هاوپەیمانیی پۆڵایین و ئیرادەی یەکگرتووی نەتەوەیەکە کە بڕیاری داوە لەپێناو ئازادیدا کۆڵ نەدات، لەم قۆناغە مێژوویی و هەستیارەدا، کاتێک داگیرکەر بە تێرۆر و هێرشی مووشەکی دەیەوێت بڕوایان تاقیبکاتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم یەکڕیزییە دەبێتە نەبەزترین و پۆڵایینترین قەڵغان لەبەردەم هەموو دەستدرێژییەکاندا، چیا سەرکەشەکان کە شاهیدی دێرینی خۆڕاگرییانن، لە پشتی ئەم هاوپەیمانییە نوێیەدا راوەستاون تاوەکو بیسەلمێنن کە کورد خاوەنی چیاکان و خاوەنی سوێندێکی نەپساوەیە بۆ رزگاریی خاک”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەمە پەیامێکی کورت و بێپەردەیە بۆ دۆست و دوژمن، کاتێک یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانیان دەبێتە زەروورەتێکی ستراتیژیی، هیچ تاریکییەک ناتوانێت ئاسۆی روونی بزووتنەوەی رەوای گەلی کوردستان دابمرکێنێتەوە”.
ب ح