بۆچی هێشتا واشنتۆن خۆی لە شەڕ لەگەڵ ئێران دەپارێزێت؟

مه‌ودا میدیا-

لە چەند هەفتەی رابردوودا، هه‌ڕه‌شه‌ى بەرپرسانی ئەمه‌ریکا لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی تر چڕتر بووەتەوە، دۆناڵد ترەمپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و بەشێک لە ئەندامانی ئیدارەکەی باسیان لە هەموو بژاردەکان لەسەر مێز کردووە و هەوڵیانداوە ئەو پەیامە بگەیەنن کە واشنتۆن ئامادەیە بۆ هەر کارێک لە دژی تاران.

بەڵام ئەو راپۆرتانەی لە ناو کۆشکی سپییەوە بڵاودەکرێنەوە، وێنەیەکی جیاواز لە حساباتی راستەقینەی حکومەتی ئەمه‌ریکا دەخەنەڕوو.

کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدا بە ئاشکرا باسی بژاردەی هێرشی سەرتاسەری دژی ئێران دەکات، بە نهێنی داوای لە تیمی دانوستانکاری ئەمه‌ریکی کردووە بەردەوام بن لە دانوستان لەگەڵ ئێران، راپۆرتەکە دەریدەخات لە پشت هەڵوێستە توندەکانی راگەیاندن، هەوڵەکان بۆ هێشتنەوەی کەناڵەکانی دانوستان بە کراوەیی بەردەوامن و کۆشکی سپیش پێشوازی لە داخستنی رێگەی دیپلۆماسی ناکات.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا و دان کاین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمه‌ریکا، هۆشدارییان دا لە بارەی دۆخی کۆگاکانی چەکی ئەمه‌ریکا و دەرئەنجامەکانی هەر پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئێران.

به‌پێى كه‌ناڵه‌كه‌، ئەم نیگەرانیانە تەنیا لە پرسی کەرەستەی سەربازیدا سنووردار نین، بەڵکو رەهەندە ئابووری و سیاسیی و ئەمنییەکانی ململانێیەکی ئەگەری لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.

هەروەها کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەمه‌ریکا تا نیوەڕۆی هەینی سیناریۆی جۆراوجۆری بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران تاوتوێ کردووە، لە هەمان کاتدا وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارسیش خوازیاری خۆگرتن و پێشگرتن لە هەر چالاکیەکی سەربازیی لە په‌یوەندیی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمه‌ریکادا بوون، ئەم وڵاتانە کە زیاتر لە هەموو یاریزانێکی تر بەرکەوتەی لێکەوتەکانی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدان، باش دەزانن کە هەر ململانێیەکی بەربڵاوی نێوان ئێران و ئەمه‌ریکا دەتوانێت تەحەدای جددی بۆ ئاسایشی وزە، بازرگانیی دەریایی و سەقامگیریی ئابووری لە ناوچەکەدا دروست بکات.

خاڵێکی ترى سەرنجڕاکێش لەم راپۆرتەدا ئەوەیە کە تەنانەت لە نێوان هاوکارە نزیکەکانی ترەمپ و هەندێک لە فەرماندەکانی پینتاگۆن، هیچ کۆدەنگییەکی بەرچاو نییە بۆ هەنگاونان بەرەو پەرەسەندنی گرژییەکان.

لەم ململانێیەدا ئەمه‌ریکا هەستی بەوە کرد کە رووبەڕووبوونەوەی ئێران بە پێچەوانەی زۆرێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رابردوو، شەڕێکی سنووردار و کۆنترۆڵکراو نابێت، لە ماوەی ئەم شەڕەدا ئێران نیشانی دا کە توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە و دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا تێچووی قورس بەسەر دیوەکەی تردا بسەپێنێت.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان