دۆگ باندۆ، شرۆڤەكاری سیاسی ئەمەریكی پێی وایە، شەڕی ئێران گرژییەكانی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی ئاشكرا كردووە، بە تایبەت كە ئێستا ترەمپ هەست بە “فریودان و خیانەت” دەكات لەلایەن نەتانیاهۆوە.
باندۆ، شرۆڤەكاری سیاسی لە ئینستیتیوتی كاتۆ لە واشنتۆن و یاریدەدەری تایبەتی پێشووی رۆناڵد ریگان، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دەڵێت” ترەمپ، وەك خۆی دەڵێت “دڵسۆزی تایبەتی” نییە بۆ ناتانیاهۆ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو كەسە زیاتر بە حیساباتی سیاسی بەڕێوەدەچێت نەك هاوپەیمانییەكی كەسی”.
دەشڵێت” رەنگە ترەمپ هەستی بە چەواشەكاری كردبێت لە كاتێكدا كە پێش هێرشكردنە سەر ئێران، ئیسرائیل بەڵێنی پێدابوو لە ماوەی چەند رۆژێكدا جەنگەكە یەكلایی بكەنەوە و كۆتایی بە رژێمی ئێران بهێنن، بەڵام بەپێچەوانەوە جەنگەكە درێژەی كێشا و ئەمەریكای راكێشایە نێو ململانێیەكی بەردەوام و درێژخایەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە” ترەمپ باش دەزانێت كە بەلاڕێدا بردراوە، چونكە پێشهاتەكانی شەڕەكە بەپێی سیناریۆكانی ئیسرائیل دەرنەچوون، بۆیە رەنگە مامەڵەی داهاتووی ترەمپ لەگەڵ شەڕەكەدا بگۆڕێت و بەدوای رێگەیەكی خێرادا بگەڕێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكە، یان رەنگە خەمی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ میراتی سیاسی و وێنەی داهاتووی خۆی وای لێبكات كە بڕیار بدات كۆتایی بە رووبەڕووبوونەوەكە بهێنێت”.
لەلایەكی ترەوە راپۆرتە میدیاییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل زیاتر ئاماژە بە گرژییە رانەگەیەندراوەكانی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ دەكەن سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جەنگی دژ بە ئێران، سەرەڕای ئەو هاوپەیمانییە نزیكەی كە لە ساڵانی رابردوودا لە نێوانیاندا هەبووە بەتایبەتی لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی ترەمپدا، بەڵام ئێستا جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان بۆچوونەكانی واشنتۆن و تەلئەبیب سەبارەت بە داهاتووی ململانێكان لەگەڵ ئێران”.
سەرچاوە سیاسییەكان پێیان وایە كە ناكۆكی بنەڕەتی ئەو دوو سەرۆكە تەنیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا نییە، بەڵكو درێژ دەبێتەوە بۆ ئامانجی كۆتایی رووبەڕووبوونەوەكە، چونكە ئیسرائیل هەوڵدەدات گۆڕانكاری ریشەیی لە هاوسەنگی هێزی ناوچەكەدا بكات، لە كاتێكدا واشنتۆن سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی دەستكەوتی ستراتیژییە بەبێ ئەوەی شەڕێكی بەرفراوانی لێبكەوێتەوە.
جگە لەوەش لە كاتێكدا ترەمپ بە ئاشكرا بەردەوام بووە لە راگەیاندنی پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل، بەڵام راپۆرتەكان ئاماژەیان بە پەرەسەندنی ناكۆكی پشت پەردە كردووە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەكانی شەڕ و توانای گەیشتن بە ئامانجە راگەیەندراوەكانی و كاردانەوەكانی لەسەر دۆخی ناوخۆیی ئەمەریكا.
هەرچەندە لە مێژە پەیوەندی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ بە یەكێك لە نزیكترین پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان سەرۆكێكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وەسف دەكرێت، بەڵام پێشهاتەكانی شەڕ لەگەڵ ئێران سنووری ئەم نزیكایەتییەیان ئاشكرا كردووە بەتایبەت كاتێك حیساباتی سەربازی لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییە ناوخۆییەكان بەریەكدەكەون.
لەلایەكی تریشەوە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویكردەووەتەوە” بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە هاوكارانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە پشت پەردەوە كاردەكەن بۆ رێگریكردن لە كۆبوونەوەی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ، چونكە ترسیان لەوە هەیە كە نەتانیاهۆ ئەو كۆبوونەوەیە بەكاربهێنێت بۆ پاڵنانی ترەمپ بەرەو هەڵوێستێكی توندتر بەرامبەر بە ئێران”.
ئەم پێشهاتانەش لە كاتێكدایە كە ناكۆكییەكانی نێوان بازنەی جەی دی ڤانس و ناتانیاهۆ سەبارەت بە ئێران و دانوستانە ئەتۆمییەكان لە زیادبووندایە و جێگری سەرۆك كۆمار، ناتانیاهۆی تۆمەتبار كردووە بەوەی كە هەوڵدەدات بەربەست بخاتە بەردەم هەر رێككەوتنێك لەگەڵ تاران و دەیەوێت شەڕەكە درێژكر بكاتەوە.
ئامادەكردن و وەرگێڕان، ئەرسەلان پەرۆش