پرۆسەی لەجیاتی دانان بۆ گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێت

مەودا میدیا-

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستىی هەرێم ئاشکرایکرد بەمەبەستی چەسپاندنی شەفافیەت، دادپەروەریی و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ سەرجەم دەرچواون بەبێ جیاوازی، لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا، لە چەند رۆژی داهاتوو لە رێگەی پلاتفۆرمێکی تایبەتەوە پرۆسەی لەجیاتی دانان ئەمجامدەدرێت بۆ (ئەو وانەبێژانەی بە گرێبەست دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ بەڵام بەهۆکاری جیا جیا دەست بەکارنەبوون) یان (ئەوانەی لەسەر داهاتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان دامەزراون بە گرێبەست و دەست بەکارنەبوون) یان (هەموو ئەوانەی بە کرێی کاری رۆژانە لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامەزراون و دەست بەکاربوونیان نەکردووە).

لای خۆیەوە د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایگەیاند “دوای رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران پرۆسەی لە جیاتی دانان بۆ گرێبەستەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامدەدرێت ئەویش پاڵپشت بە بڕگەی شەشەم لە رێنمایی ژمارە (10)ی ساڵی (2019)ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی و بەپێی پسپۆڕی یان بڕوانامە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پرۆسەیەکە تەواو شەفاف و دادپەروەر و یەکسانە و سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو بەبێ جیاوازیی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەتوانن بە ئەلیکترۆنی داواکاریی بۆ دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست لە زانکۆکان پێشکەش بکەن کە لە چەند رۆژی داهاتوو پرۆسەکە لە رێگەی پلاتفۆرمێکی تایبەتەوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رادەگەیەنرێت”.

بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند “سیستەمەکە رەچاوی خاڵبەندی دەکات بۆ پێشکەشکاران و هەموو ئەوانەی داواکاریی بۆ لە جیاتی دانان پێشکەش دەکەن پێویستە مەرج و ڕێنماییەکانیان تێدابێت و سیستمەکەش ئاسانکاریی تەواوی بۆ پێشکەشکاران کردووە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان