جیهانی

ئێران: سعودیە كانگای بیری تەكفیری و پشتیوانی تیرۆرە لە ناوچەكە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 ئێران: سعودیە كانگای بیری تەكفیری و پشتیوانی تیرۆرە لە ناوچەكە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی وتەكانی پاشای سعودیە رایگەیاند "سعودیە كانگا و بنكەی گروپە تیرۆریستیەكان و تەكفیرییە، هەروەها پشتیوانی ماددی و لۆجیستی سەرەكی تیرۆرە لە ناوچەكە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "پشتیوانی رژێمی سعودیە و دواكەوتنی سیاسەتی ئەمەریكا لە سیاسەتی فشاری توند دژ بە ئێران و هەوڵەكانی ئەو وڵاتە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ ئەنجامێك بەدەست ناهێنێت بەڵكو دەیكاتە بوونەوەرێكی گەمژە لەنێوان وڵاتانی عەرەبیدا".

هەر بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران "شكستەكانی سعودیە لەسەر ئاستی مەیدانی و سیاسی لە یەمەن وایلێكردووە دژ بە ئێران بكەوێتە جوڵە، بە فەرمانی پاشای سعودیەش هێرش و تۆمەت بۆ سەر ئێران دەستیپێكردووە، وەك هەوڵێك بۆ پەردەپۆشكردنی تاوانەكانیشیان كە دژ بە ژن و منداڵ لە یەمەن ئەنجامیانداوە".

سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای سعودیە لەمیانی وتەیەكیدا لەبەردەم كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بەتوندی هێرشیكردە سەر ئێران، داواشیكرد "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگریكردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی كۆمەڵكوژ".

پاشای سعودیە وتیشی "سعودیە ماوەیەكی زۆر دەستی ئاشتی بۆ ئێران درێژكرد و لەماوەی چەند دەیەی رابردووشدا بە ئیجابی و كراوەیی مامەڵەی لەگەڵ كردووە، چەند جارێكیش هەوڵمانداوە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی پەیوەندی باش لەگەڵیان بنیات بنێین، پێشوازیشمان لە هەوڵە نێودەوڵەتیەكان كرد بۆ چارەسەری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام جار لە دوای جار جیهان لە هەوڵەكانی رژێمی ئێران تێگەیشت كە دەیەوێت ئەو هەوڵانە بقۆزێتەوە بۆ زیادكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی هەروەها بنیاتنانی تۆڕە تیرۆریستییەكان".

سەلمان بن عەبدولعەزیز وتیشی "دەسەڵاتدارانی ئێران سەروەت و سامانی گەلی ئێرانیان بۆ پشتیوانی تیرۆر و نانەوەی پشێوی شەڕی مەزهەبی تەرخان كرد لە ناوچەكە".
پاشای سعودیە ئێرانیشی تۆمەتبار كرد بەوەی "لە چەند رێگەیەی جیاوازەوە موشەكی بالیستی دژ بە وڵاتەكەی بەكاردەهێنێت و تائێستاش زیاتر لە 300 موشەك و 400 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بۆ ئەو مەبەستە بەكارهێناوە".

سەلمان بن عەبدولعەزیز ئەوەشی خستەڕوو "هەوڵماندا لە ئێران نزیك ببینەوە و چارەسەر بۆ كێشەكانی بدۆزینەوە بەڵام دەستبەرداری هەڕەشەكانی نەبوو بۆ سەر ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی، بۆیە ئێستا چارەسەری گشتگیر ئەوەیە بە بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی نێودەوڵەتی چارەسەری هەوڵەكانی ئێران بكرێت كە دەیەوێت دەستی بگاتە چەكی كۆمەڵكوژ و موشەكی بالیستی پەرەپێبدات، بەردەوامیش بێت لە پشتیوانی تیرۆر و دەستێوەردانی كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەكە".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان