کوردستانی

پەرلەمانتاران بۆیان هەیە تەنها لەسەر سێ پرس گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت بكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەرلەمانتاران بۆیان هەیە تەنها لەسەر سێ پرس گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت بكەن
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

 سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات "هەفتەی داهاتوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان وتارێك دەخوێنێتەوە و بەهیچ شێوەیەكیش دانیشتنەكە مافی پرساندن و لێسەندنەوەی متمانەی تێدا نابێت".

مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە "سەرۆكی حكومەت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی سێ پرس دێتە پەرلەمان، ئەوانیش بریتین لە پەتای كۆرۆنا و پەیوەندیی هەرێم و بەغدا و چاكسازی و بە هیچ شێوەیەكیش دانیشتەكە مافی  پرساندن و لێسەندنەوەی متمانەی تێدا نییە".

قەهوەچی باسی لەوەشكردووە "پەرلەمانتاران دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو سێ پرسەدا گفتوگۆ بكەن".

هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی رۆژی كۆبوونەوەكە و بەرنامەی كاری دانیشتنەكە رانەگەیەندراوە، بەڵام بەشێك لە میدیاكانی پارتی دەڵێن رۆژی دووشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەكە بەڕێوەدەچێت و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش میكانیزم بۆ پرسیاری پەرلەمانتاران دیاریدەكات.

ئەوەش لە كاتێكدایە، بەشێك لە پەرلەمانتاران داوایانكردووە، سەرۆكایەتی پەرلەمان، دانیشتنێك تایبەت بكات بە لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، لەسەر دۆخی دارایی هەرێم و دواكەوتنی موچە.

Qaiwan
Qaiwan