ئەحمەد بەرواری

ئەحمەد بەرواری

بۆ کۆچی دوایی ئەحمەد بامەڕنی

ئامادەبووانی بەڕێز.. ئەم کاتەتان باش 
سوپاسی رێکخەرانی مەراسیمی چلەی ماتەمینیی باڵیۆز ئەحمەد بامەڕنی دەکەم بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆ پێشکەشکردنی ئەم وتانە.

پێشەکی بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عیراق و گشت باڵیۆز و کارمەندەکانی وەزارەتەکەم پرسە و سەرەخۆشی دووپات دەکەمەوە بۆ نازەنین خان، خێزانی کاک ئەحمەد و کاک عادلی برای کە لێرە ئامادەن و بۆ کەسوکار و خزمان و هاوڕێیانی باڵیۆز ئەحمەد، بەداخێکی زۆرەوە کۆچی کاک ئەحمەد ناخمانی هەژاند و کەلێنێکی جێهێشتووە کە بە ئاسانی پڕناکرێتەوە، کاک ئەحمەد هاوڕێیەکی ژیر و رۆشنبیر و خەباتگێڕ و دیپلۆماتکار و خاوەن هزر و بەرنامە بوو بۆ دواڕۆژی میللەتەکەی.

بەندە لە کۆتایی ساڵەکانی (80)ی سەدەی رابردوو و دوای روودانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئەوروپا ناسیم و ئەوکات کاک ئەحمەد دەورێکی زۆر دیاری هەبوو لە پێ ناساندنی دۆزی کوردستان و تاوانەکانی رژێمی سەدام دژی کورد و عیراق، لەو کاتەوە هاوڕێیەتیمان پتەوتر بوو و کار و چالاکی هاوبەشمان دەکرد لە دەرەوەی وڵات و رۆڵی کاک ئەحمەد زۆر دیار و گرنگ بوو لە دروستکردنی لۆبییەکی پتەو لە ئەوروپا لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان.

ئەحمەد بامەڕنی دوای راپەڕینی کوردستانی باشوور لە 1991دا بۆ ماوەی چەند ساڵێک گەڕایەوە بۆ کوردستان و هەڵبژێردرا وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بەردەوام بوو لە کار و چالاکی سیاسی و دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ کوردستانی جێهێشت و دواترش لەسەر داخوازیی سەرکردایەتیی کوردستان دەستبەکاربوو وەک نوێنەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس، دواتریش لە بروکسل.

دوای روخاندنی رژێمی سەدام کاک ئەحمەد گەڕایەوە بۆ عیراق و دەستبەکاربوو لە ساڵی 2004دا وەک باڵیۆزی عیراق و چەند ساڵێک باڵیۆز بوو لە وڵاتانی سوید و ئیتاڵیا، هەروەها بۆ ماوەیەکی درێژ سەرۆکایەتی گرنگترین دوو دایرەی دەکرد لە وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا کە دایرەی ئەوروپا و دایرەی رێکخراوە نەودەوڵەتییەکان بوو.

باڵیۆز ئەحمەد جێدەستی دیارە لە گەشەپێدانی و پێشبردنی کاری دیپلۆماسی عیراق لە بوارە جیاجیاکانی ئەرکی وەزارەتی دەرەوە، من و ژمارەیەک لە باڵیۆز و کارمەندە پایە بەرزەکانی وەزارەتەکەم خۆمان نە تەنیا بە هاوڕێی کاک ئەحمەد دەزانین، بەڵکو سوودی زۆرمان بینیوە لە ئەزموون و توانا و ئامۆژگارییەکانی.

باڵیۆز ئەحمەد بامەڕنی هاوڕێیەکی دڵسۆز و خەم خۆرمان بوو لەو کاتەی کە بوو بە راوێژکاری جەنابی سەرۆک کۆمار بەرنامەی کار و چالاکی سیاسی هاوبەشمان هەبوو بەغدا، بەڵام مخابن کۆچی دوایی هاوڕێم باڵیۆز ئەحمەد لە ئاکامدا بەرنامەکەی دواڕۆژمانی وەستاند.
لە کۆتاییدا دووبارە هاوخەمی خۆمان ئاراستەی خێزان و خزم و کەسوکاری هاوڕێیانی دەکەم و بەڵێن دەدەین کە ناو و دەستکەوت و هزری کاک ئەحمەد هەرگیز لەیاد نەکەین و بە زیندوویی بیهێڵینەوە و هەوڵ بدەین ئەو ئامانج و خەونانەی کاک ئەحمەد هەیبوون بۆ کوردستان کاری بۆ بکەین کە بێنە دی.

هاوڕێی خۆشەویست باڵیۆز ئەحمەد بامەڕنی رۆحت شاد
باڵیۆز ئەحمەد بەرواری
سلێمانی 1/10/2020
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan