راپۆرت

مەوداپرێس مەترسییەکی نوێ لەسەر کەرکوک ئاشكرا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەوداپرێس مەترسییەکی نوێ لەسەر کەرکوک ئاشكرا دەکات
مەودا میدیا-

عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک هەوڵەکانیان خسووەتە گەڕ بۆ ئەوەی دۆخێکی تایبەت بدەن بە کەرکوک و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەو پارێزگایە بەڕێوە نەچێت، هاوكات کوردیش دەڵێت مانەوەی ئەو دۆخەی ئێستای پارێزگای کەرکوک بە زیان بۆ کورد دەشکێتەوە و هەوڵەکانیشیان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو هەوڵە دەست پێ کردووە.

بە پێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، یەکی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە دەچێت، بەڵام بە هۆی خراپیی بارودۆخی کورد لە کەرکوک سەرەڕای زۆرینەبوونیان، بەڵام عەرەب و تورکمان هەوڵی مانەوەی بارودۆخی کەرکوک دەدەن بەو شێوەیەی ئێستا و کوردیش رەتی دەکاتەوە.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە مەودا پرێس-ی وت "تاكو هەڵبژاردنی داهاتوو دۆخی كەركوك نائاسایی دەبێت، چونكە هەوڵ دەدرێت وەكو هەڵبژاردنی ڕابردوو كەركوك بە یاسایەك ببەستنەوە و تایبەتمەندییەكی دیكەی پێ بدەن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێتەوە."

وتیشی "عەرەب و توركمانەكان بارودۆخی ئێستای كەركوكیان بە دڵە و دەیانەوێت دووبارە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ماددەیەكی یاسایی دەربكەن و ڕێگر بن لەوەی هەڵبژاردن بكرێتەوە، تاكو 10 ساڵی دیكە، ئەمەش زیانمەندی یەكەم كوردە."

لە دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا، کەرکوک و ٥١%ی خاکی کوردستان کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و جگە لە لادانی پارێزگاری کەرکوک کە کورد بوو، هاوکات دەیان هەزار ماڵی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ئاوارە بوون و عەرەب خراوەتە شوێنیان.

"ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت و كورد یەكدەنگ بێت و بتوانێت نیوەی كورسییەكان بهێنێت، لەگەڵ مەسیحییەكان نیوە زیاتر دەبێت و ئەو كاتە بارودۆخەكە دەگۆڕێت و لەوانەیە بە ڕێككەوتنێك پارێزگارێك بۆ كەركوك دابنرێت، بەڵام پێش هەموو شتێك هیوادارین ڕێككەوتنی نێوانی یەكێتی و پارتی تێك نەچێت."

ئەگەرچی یەکێتی و پارتی ڕێککەوتنێکیان هەبووە بۆ دانانەوەی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرا و بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە ئەو هەوڵە کۆتایی پێ هات تا هەڵبژاردنی داهاتوو.

مامۆستا غەفوور، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بە مەوداپرێس-ی ڕاگەیاند" ئاگاداری ئەو هەوڵەین کە کار دەکرێت هەڵبژارن لە کەرکوک نەکرێت، بەڵام ئێمەش کەوتووینەتە خۆمان و بە هەموو شێوەیەک دژی هەوڵی لەو شێوەیەین و ڕەتی دەکەینەوە.

وتیشی "مانەوەی بارودۆخی ئێستای کەرکوک تەواو لە دژی بەرژەوەندییەکانی کوردە و نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێت هەڵبژاردن لە کەرکوک دوا بخرێت، چونکە بە پێی ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو کورد لە کەرکوک زۆرینەیە و لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا کورد دەتوانێت زۆرینە بێت و پارێزگار لە خۆی بێت و ئەو بارودۆخە خراپانە چاک بکاتەوە."

حزب و هێزە سیاسییەکانی کوردستان جگە لە نەوەی نوێ لە هاوپەیمانێتییەکدا بە ناوی هاوپەیمانیی کوردستان لیستێکیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک درووست کردووە و هەموویان بە یەک لیست بەشداری دەکەن.

ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکوک پێی وایە ئەو هەوڵانە مەترسیدارن و گەڕانەوەی ئیدارەی عێراق و دیکتاتۆرییەتە بۆ پارێزگای کەرکوک و مەبەستیش لێی لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی کورد.


كورد داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات لە كەركوك وەكو هەر پارێزگایەكی دیكەی عیراق بەبێ‌ مەرج، بەڵام توركمان و عەرەب بە مەرجەكانیان تەگەرە دەخەنە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دیارترینیشیان مەرجی هەڵگرتنی زیادەڕۆیی و پێداچو‌ونەوە بە تۆماری دەنگدەران و دەركردنی یاسایەكی تایبەتە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجو‌ومەنی پارێزگای كەركوك. 

جەباری بە مەودا پرێس-ی وت "کورد لە سەرگرتنی ئەو هەوڵەزەرەرمەندی یەکەمە، بۆیە کوردیش لە حکومەتی عیراق و پەرلەماندا نوێنەری هەیە و دەبێت حزبە سیاسییەکانیش لە هەرێم بەیەکدەنگ دژی ئەو هەوڵە بووەستنەوە و هەرچی کرابێت دەبێت هەڵبژاردن لە کەرکوکیش بکرێت."


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان