
پرژە زاهیر جەلال
قسە مەکە
ئەوە تەنها دەرگاکان نین کە بە کلیل کڵۆم دەدرێن و دەکرێنەوە، بێگومان تەواوی جیهان و مرۆڤەکانیش هەمان شێوەی دەرگاکان کلیلی خۆیانیان هەیە، بێ شک ئەم کردارە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، وەک چۆن کلیلی هیچ دەرگایەک بۆ دەرگایەکی دیکە کار ناکات، ئەمەش بە هەمان شێوەیە، تەنیا جیاوازییەکە ئەوەیە ئێمە بۆ دەرگاکان کلیلێکی بەرجەستەی کانزاییمان پێویستە، بەڵام بۆ مرۆڤەکان ئەو کلیلانە بەرجەستە و ماددە نین، بەڵکو کۆمەڵێک وشە و کار و کاردانەوەن، لە کات و ساتی گونجاودا ئەنجام دەدرێن و رۆڵی کلیل دەگێڕن لە کڵۆم کردن و کرانەوەیاندا، جا ئەو رۆڵە بە باش یان خراپ کار دەکات.
گەر بمانەوێت بەشێوەیەکی سادە لە مرۆڤەکان تێبگەین، وێنای ئەوە دەکەین لە (ناخ)ی هەر یەکێکدا خانوویەکی گەورە بوونی هەیە و هەمان ئەو ژوورانەی لە ماڵەکانی خۆماندا هەن لەو خانووەشدا هەمان ئەو ژوورانە بوونیان هەیە، بێگومان بە پێشئاو و گەرماویشەوە، کە ئەم دوو ژوورە گرنگترین دوو ژوورن لە ناوەوەدا، پێویستە بزانین کاتێک مرۆڤ پڕ و تەنگاو دەبێت لە ترس و رق و هەستە نەرێنیەکان، ئەوا ژووری پێشئاو بەکاردەهێنێت بۆ رزگاربوون لە پاشماوەی رووداوەکان، یان بە مەبەستی خوود پاککردنەوە لە بارگرانی ژیان و رابردوو و تاوان و ویژدان، ژووری گەرماو بەکاردەهێنێت بۆ پاکبوونەوە و ئاسوودەیی گیان و رۆحی، لەگەڵ ئەوەشدا کەسانی میوان و تێپەڕی نێو ژیان تەنیا دەچنە نێو ژووری میوان، بەڵام ژوورەکانی دیکە ژووری تایبەت و هەستیاری ئەو مرۆڤەن، بەو واتایەی کەسانێک زۆر تایبەت و نزیک نەبن لە ناخ و رۆحی ئەو مرۆڤەوە ناتوانن پێی تێبخەن، هەندێک ژووری پڕ و هەندێک ژووری خاڵی هەن کە بەپێی کات و تەمەن خۆی پڕیان دەکاتەوە و چەند ژوورێکیش بەشێکی تایبەتی ئەو کەسە لە خۆ دەگرن و تەنیا خودی خۆی دەتوانێت بچێتە ناویان و بێتە دەرەوە، ژوورەکان بریتین لە یادەوەریی خۆش و ناخۆش و ترس و دڵخۆشی و فۆبیا، نائومێدی و هەستی ئەرێنی و نەرێنی، رابردوو خۆشەویستی و رق و تۆڵە و لاوازی و گرێی دەروونی و...هتد
بەڵام یەکێک لەو کلیلانەی بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ کڵۆم دەدات بەڕووی خۆی و دنیادا کلیلی ژووری (ترس)ە، چونکە هەمیشە کەسانێک هەن بەدوای خاڵە لاوازەکاندا وێڵن تا لە یەکێک لە ژوورەکانی ناوەوەی خۆتدا کۆتت بکەن، تێبینی ئەو ئاسکە بکە کاتێک لە چنگی پڵنگێک هەڵدێت، قاچە باریکەکانی بەخێرایی رزگاری دەکەن، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێکەی چەند جارێک ئاوڕی پێدەداتەوە تا هەنگاوەکانی خاو دەبنەوە و دەبێتە نێچیر و ئەگەر کەسێکت بینی بە ئاشکرا دەربارەی ترسەکانی دەدوێت و بۆ خەڵکیان رووندەکاتەوە کە لە چی دەترسێت بەسەریدا بێت، یاخود خاڵی لاوازی ئەو چ شتێکە لە ژیاندا، ئەوە بزانە بەدەستی خۆی کلیلی زەلیلبوونی داوەتە دەست کەسانی دیکە.
چونکە مەرج نییە هەمیشە ئەو کەسەی گوێت بۆ رادەگرێت هاوڕێیەکی باش بێت، رەنگە کەسێکی پرۆگرامکەری دەروونی بێت و بە ترسەکانت کۆنترۆڵت بکات بۆ کردنی چەند کارێکی تایبەت لە سوودی خۆی و زیانی خۆت، یان چێژ لە ترساندنت ببینێت، یان بابەتەکەت بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە بڵاوبکاتەوە و لە کەسایەتیت بدات.
کەواتە هەرگیز قسە مەکە دەربارەی لاوازییەکانت، کلیلەکانت باش حەشار بدە و دەرگای ماڵەکەت بۆ هەموو کەس واڵا مەکە، سفرەی ناخت لەپێش هەموو کەس رامەخە، چونکە ئەوە دەبێتە سەرەتای لەناوچوونت.
بەشێوەیەکی کورت و پڕ مانا لەم وتەیەشدا ئاماژەی پێدراوە کە دەڵێت: گەر تۆ بزانیت لە چی دەترسم، ئەوا بزانە لە تۆ دەترسم.
خ.غ