کوردستانی

مەسرور بارزانی: ئەم دۆخە سەختە داراییە حكومەت دروستی نەكردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانی: ئەم دۆخە سەختە داراییە حكومەت دروستی نەكردووە
مەودا میدیا - کاروان نوری

کەمێک پێش ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وردەكاریی دۆخی مووچە و قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، ئەم دۆخە سەختە داراییە حكومەت دروستی نەكردووە، لە ماوەی كاركردنیاندا توانیویانە 12 مووچە دابین بكەن، لەم ماوەیەدا تەنها دوو مووچە دواكەوتووە.

كەمێك لەمەوبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا رایگەیاند "لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت هەرێمی كوردستان وەك زۆربەی وڵاتان رووبەڕووی دۆخێكی سەخت هاتۆتەوە و نەناردنی بەشە بوودجەش دۆخەكەی سەختتر كرد، ئەم قەیرانە داراییە زیاتر هانمان دەدات لەسەر درێژەدان بە جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی".

ئەوەشی خستەڕوو "هەموو هەوڵێكمانداوە بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لە ماوەی كاركردنماندا توانیومانە 12 مووچە دابین بكەین، لەم ماوەیەدا دوو مووچە دواكەوتووە بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگەكانی پێنج و شەش و حەوت لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی روونکردەوە "ئەم دۆخە سەختە داراییە نەخوازراوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستی نەكردووە، بۆیە دەبێت بە ناچاری خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە سەختە بگونجێنین، حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرز و پابەندیی دارایی لەسەرە و بەشێكی زۆری قەرزەكانیش لەسەر حكومەتی فیدراڵە بەهۆی نەناردنی بەشەبودجەوە".

ئەوەشی ئاشکراکرد "كۆی گشتیی قەرزەكانی دەرەكی و ناوخۆ، (7 ملیار و 286 ملیار و 283 هەزار و 200) دۆلارە، كۆی گشتیی پابەندییە داراییەكان(8ملیار و 337 ملیۆن و 989 هەزار و 532)دۆلارە، كۆی گشتیی پابەندییە داراییەكان بەرامبەر مووچەخۆران و خانەنشینان، (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلارە.

هاوکات لە ئێستادا، 28 ملیار و 276 ملیۆن و 657 هەزار و 39 دۆلار كۆی گشتیی قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر هەرێمی كوردستانە.

ک.ن
 

Qaiwan
Qaiwan