کوردستانی

کێشەی کوالێتی بەنزین چارەسەر دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


کێشەی کوالێتی بەنزین چارەسەر دەکرێت
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/10/8 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوالێتی بەنزین.
 
لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "کە هەرچەندە ئێستا هەرێمی کوردستان و عیراق و جیهان بە گشتیبە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن، بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بیناتنانی ژێرخانێکی ئابووری بە هێز و سەرکەوتوو کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە عیراق و ناوچەکەدا، لە پێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیجی".
 
لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی لیژنەیەکی تایبەتی خستەڕوو سەبارەت بە کێشەی کوالێتی بەنزین و سووتەمەنی ھاوردەکراو لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پەسەندکران لە نێویاندا گرنگیی یەکخستن و نوێکردنەوەی پێوەر و ستانداردە تەکنیکی و تەندروستی و سەلامەتیی و ژینگەیی پێوانەی کوالیتی سووتەمەنیەکان لەسەر تاسەری ھەرێم.

هەروەها رێکخستنەوە و پەرەپێدانی تاقیگەکانی ناوەندی پشکنینی کوالیتی سووتەمەنی لە ھەرێم و دابینکردنی ئامێری پشکنین و پێداویستیەکانی و راسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازرگانی و تیمەکانی چاودێریی بازرگانی، بۆ بەدواداچوونی بابەتی کوالیتی سووتەمەنی ھاوردەکرا، لە دەروازە سنوورییەکان و لەناو عەمبارەکانی گلدانەوەی سووتەمەنی و بەنزینخانەکان و رێگرتن لەو کەسانەی، کە مادەی کیمیایی نەگونجاو بەکاردەھێنن بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی بەنزین بە شێوەیەکی نادروست، کە دەرئەنجامی نەرێنی و خراپی ھەیە لەسەر ژیان و سەلامەتی ھاووڵاتییان و ژینگەی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای لێکەوتە داراییەکانی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ وەرگرتنی رێکاریی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران.  
 
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر وەرگرتنی باج لەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی سووتەمەنی  بە مەرجێک ئەم رێکارانە کاریگەری نەبێت لەسەر زیادکردنی نرخی سووتەمەنی بۆ ھاوڵاتییانی بەکاربەر.
 
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، ھێڵەگشتیيەکانی پرۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی ھزریی (حماية الملكية الفكرية) خستەڕوو بۆ پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتی ھزری لە بوارە جیاجیاکانی ھونەریی، ئەدەبی، زانستی، بازرگانی و پیشەسازیی، لە پێناوی ھاندانی بزاڤی ھونەری و زانستی و پاراستنی مافی ئەوانەی لەم بوارانە کاردەکەن. 

دواتر لیژنەی قانونی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا، پەلە بكات لە پێداچوونەوە بە پرۆژە یاساکە و ئامادەکردنەوەی بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران  پەسەندی بکات تا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ئەم یاسایەش ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووری و ھاندانی کۆمپانیاکان بۆ پشتیوانیکردنی خاوەن مافە ھزرییەکان، هەروەها ڕێگرتن لە ھەر دەستدرێژیی وپێشێلکارییەک لەسەر ئەم مافانە و بەرگرتن لە تەقلیدکردن و ساختەکردنی بەرھەمەکان و کێبڕکێی ناڕەوا.

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە