کوردستانی

سەبارەت بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینە روونکردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەبارەت بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینە روونکردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا - کاروان نوری

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان پابەندییان بە رێنماییەکان زیاتر بکەن و دەڵێت "دۆخەکە لە سلێمانی تا ئێستا لە مەترسی دەرنەچووە، بە پابەندی هاوڵاتیان بە رێنماییەکان و تاک پارێزی ئەوە دەتوانین دۆخەکە هێور بکەینەوە"

یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە مەودا میدیایی راگەیاند "وەک کەرتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی داوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەمان نەکردووە، چونکە رەچاوی بارودۆخی ئابوریی هاوڵاتیان دەبێت بکرێت کە بارودۆخی ئابوریی هاوڵاتیان لە ئێستا زۆر باش نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەداین کە پابەندی هاوڵاتیان بە رێنماییە تەندروسییەکان زیاتر بکرێت بەتایبەت لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "دۆخەکە لە سلێمانی تا ئێستا لە مەترسی دەرنەچووە، سەرەڕایی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بەڵام هەمووان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەگەر هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەکان و تاک پارێزی ببن ئەوە دەتوانین دۆخەکە هێور بکەینەوە و رێگربین لە هەڵکشانی ڤایرۆسەکە و ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە کەمبکەینەوە".

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی داواشی لەهاوڵاتیان کرد لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزییەکان پابەندییان بە رێنمایەکان زیاتر بکەن و دووربکەونەوە لەو کەسانەی کە نیشانەی ڤایرۆسەکەیان هەیە یان هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

ک.ن

Qaiwan
Qaiwan