کوردستانی

پێنجوێنی: رێككەوتنی حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان دژی خەباتی پەكەكەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێنجوێنی: رێككەوتنی حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان دژی خەباتی پەكەكەیە
مەودا میدیا-

سیاسەتڤانێكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت رێككەوتنی نێوان حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لەسەر شنگال بە فشاری توركیا و دەرەنجامی گفتوگۆی ژێربەژێری نێوان توركیا و حكومەتەكەی مستەفا كازمییە بۆ كۆنترۆڵكردنی خەباتی پەكەكە.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤانی دیاری هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ مەودا میدیا وتی "حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بە فشاری توركیا رێككەوتوون، ماوەیەكی زۆرە گفتوگۆی ژێربەژێر دەكەن بۆ ئەوەی لەسەر شنگال بگەنە رێككەوتن".

پێنجوێنی ئاماژە بەوەشدەكات "ئەو رێككەتنە بۆ كۆنترۆڵكردنی خەباتی پەكەكەیە لە ناوچەكە، توركیا فشاری بۆ ئەمە كردووە، مەلەفی ئەمنی شنگال دەچێتەوە دەست حكومەتی عیراق و ئەوەش كارێكی خراپە".

لەبارەی كاردانەوەی خەڵكی شنگال و سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان لەسەر ئەو رێككەوتنە، محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت "زۆرێك لە عەشایەر و سەرۆك هۆز و خەڵكی ناوچەكە پێیان ناخۆشە، بۆ پەكەكەش هەمان شت راستە، چونكە لەڕاستیدا ئەو رێككەوتنە دژی بوونی پەكەكەیە لەو ناوچەیە و ئەوەش ئاسان قبوڵ ناكرێت".

سەبارەت بەوەی ئایا ئەگەری روودانی شەڕ لەنێوان گەریلاكانی پەكەكە و هێزە كوردی و عیراقییەكان هەیە لە ئەگەری ئەوەی گەریلاكان ناوچەی شنگال بەجێنەهێڵن، محەمەد ئەمین پێنجوێنی وتی "هەموو شتێك چاوەڕوان دەكرێت".

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan