کوردستانی
دابان محەمەد: حکومەت بە 402 رێگا باج و سەرانە لە خەڵک وەردەگرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی دەستی بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ کرد، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە خراپی ژیان و گوزەرانیان و بەشێکیشیان چاویان لەوەیە تا چەند رۆژی دیکە دەتوانن مووچە وەربگرن و دوای ئەوەی پێدانی مووچەی مانگی نۆ 55 رۆژی خایاند و ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت "هاوڵاتییان باجی ئەو قەیرانە و خراپی بارودۆخە دەدەن".
دابان محەمەد، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "تا ئێستا چەندین جار بە فەرمی داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بکات بە ئەو پرسە گرنگانەی کە پرسی ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان وەڵامی ئەرێنی داواکەی نەداوینەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو "حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت گۆڕانکاری لە ژیانی هاوڵاتییان و خەڵکیدا بکات دەبێت خاڵی یەکەم سەرجەم سەرچاوەی داهاتەکانی کۆبکاتەوە، وەک داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت و چەندین سەرچاوەی داهاتی دیکە، بەڵام ئەوەی روونە تا ئێستا حکومەت هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ کۆکردنەوەی داهاتەکانی چونکە بەشێکی زۆری ئەو داهاتانەی کە لەناوخۆ دەستدەکەوێت بە سیستەم و بە یاسا رێکیان خستووە و پارەکەی دەچێتەوە بۆ کۆمپانیاکان بەڵام لە راستیدا دەچێتە گیرفانی حیزبەکانەوە و ناچێتەوە خەزێنەی حکومەت بە شێوەیەک حکومەت بە 402 رێگای جیاواز سەرانە و باج لە خەڵک وەردەگرێت و کەسیش نازانێت ئەو هەموو داهاتە بۆ کوێ دەچێت و لە چیدا سەرف دەکرێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بەداخەوە هەموو ئەو بارودۆخانە هاوڵاتییان هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن کە بەڕاستی پێویستی بە چاکسازییە، بەڵام دەبینین بابەتی ئەنجامدانی چاکسازیش ناکۆکی لەسەرە هەندێک لایەن سێکتەرێک دیاری دەکات بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لایەنێکی دیکە سێکتەرێکی دیکە، هیچ بنەمایەکی نییە، قاچاخچێتی و ونکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان بەشیوەیەکی لێهاتووە کەسی پلە پێنج لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەستیان داوەتە بازرگانیکردن و قاچاخچێتی بە موڵک و داهاتی هەرێمی کوردستانەوە".
روونیشیکردەوە "حکومەت ئەگەر بە راستی و بە جدی کار لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکات ئەگەر نەشتوانێت تەواوی مووچە و داهاتی بژێوی خەڵەکەکەی دابین بکات، بە دڵنیای دەتوانێت ئەم بارودۆخە ئابوورییە چەق بەستووە تێبپەڕێنێت".
روونیشیکردەوە "حکومەت ئەگەر بە راستی و بە جدی کار لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکات ئەگەر نەشتوانێت تەواوی مووچە و داهاتی بژێوی خەڵەکەکەی دابین بکات، بە دڵنیای دەتوانێت ئەم بارودۆخە ئابوورییە چەق بەستووە تێبپەڕێنێت".