راپۆرت

سوودە تەندروستی و دەروونییەكانی ژیانكردن لە گوند

مەودا میدیا - سلێمانی |


سوودە تەندروستی و دەروونییەكانی ژیانكردن لە گوند
مەودا میدیا-

بەشێوەیەكی گشتی گەڕانەوە بۆ ژیانكردن لە گوند و دەرەوەی شارەكان زیادیكردووە، هەروەك واباوە زۆرێك لە خەڵكی كاتەكانی پشوویان لە دەرەوەی شارەكان دەگوزەرێنن سەرەڕای ئەوەی زۆربەی هۆكارەكانی دڵخۆشكردن لەناو شارەكان بەردەستن.

بەپێی راپۆرتێكی گۆڤاری (lamenteesmaravillosa)ی ئیسپانی كە نووسەر لیتیسیا ئەگێلار نووسیویەتی باس لە سوودەكانی ژیانكردن لە دەرەوەی شارەكان و لەنێو گوند و كێڵگەكاندا دەكات.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە "سەرەڕای دیاریكراوی دەستڕاگەیشتن بە ئامێر و هۆكارەكانی ژیان و قورسی بوونی هێڵەكانی ئینتەرنێت، بەڵام ژیانكردن لە دەرەوەی شارەكان لە كۆمەڵێك رووەوە سوودی هەیە، لەسەرووی هەموویانەوە تێكەڵبوونەوە لەگەڵ سروشت و قوڵبوونەوەی پەیوەندییە كەسییەكان".

خەڵكی بەشێوەیەكی زیاتر لە پێشوو شارەكان جێدەهێڵن بەهۆی ئەوەی ژیانكرد لە گوندەكان و دەرەوەی شارەكان كەمتر پەیوەستبوونی ناپێویستی هەیە و فشارەكان لەسەر مرۆڤ كەمترن، بۆیە مرۆڤ ئاسوودەتر تیایدا ژیان دەگوزەرێنێ‌.

سوودەكانی ژیانكردن لە گوند
بەشێوەیەكی بەرچاو تێچوونی ژیانكردن (لایەنی ئابووری و پێویستییەكانی ژیان) لە ناوچەكانی دەرەوەی شار و گوندەكان كەمترە لە تێچووی ناو شارەكان، هەروەها پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەنێوان خەڵكدا زیاترە.

خەڵكی نێو گەندەكان پێداویستییەكانی رۆژانەیان لە ئەنجامی ئیشكردنی بەردەوامی خۆیان پەیدا دەكەن و زۆر دەگەڕێن كە ئەمەش دیاردەیەكی تەندروستە. هەروەها سیستمی خۆراك تەندروستە، لەبەرئەوەی پشت دەبەستێت بە بەرهەمەكانی دەستی خۆیان و خواردنە وەرزییەكان.

هەروەها نزیكبوون لە سروشت یارمەتیدەرە بۆ هەستكردن بە ئارامی و دڵنیایی، لەگەڵ ئەوەشدا دوور دەبیت لە كێشەكانی ناوشار وەكو قەرەباڵغی، هاتوچۆ، ژاوەژاو و پیسبوونی ئاو و هەوا.

لەگەڵ ئەوەشدا ژیانكردن لە گوند و دەرەوەی شارەكان هاوكاریكردنی زۆری یەكتری تیادایە بەبێ ئەوەی پشت ببەستێت بە ركابەری یەكتر و سەر و خواری، گەڕانەوە بۆ ژیانكردنی دەرەوەی شارەكان هۆكارێكە بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتر كە پێشتر بەهۆی كۆچكردن بۆ شارەكان چۆڵكراون.

كەموكوڕییەكانی ژیانكردن لە گوند
ژیانكردن لە گوند ناخۆشی و كەموكوڕیشی هەیە، بۆ نموونە قورسیی دەستڕاگەیشتن بە تەكنۆلۆژیا بە هەموو جۆرەكانییەوە بەتایبەت هێڵی ئینتەرنێت، هەروەها بۆ ئەنجامدانی هەندێك كاروباری ئیداری خەڵكی گوند ناچارن سەردانی شارەكان بكەن.

خەڵكی دەرەوەی شار و گوندەكان كێشەی ئەوەشیان تووش دەبێت كە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانیان بەراورد بە شارەكان كەمترە، ئەمە زیاتر بۆ ئەو كەسانە خراپە كە نەخۆشیی بەردەوام و درێژخایەنیان هەیە و سەردانیكردنی بەردەوامیان لەسەر قورس دەبێت.

سوودە دەروونییەكانی
سەرەڕای كەموكوڕی و رێگرییەكان، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی بڕیاریان داوە لە گوند و دەرەوەی شارەكان بژین، لەنێو زۆر هۆكاردا، هۆكاری ئارامی دەروونی و تێكەڵبوونەوە لەگەڵ سروشت لە هەموویان كاریگەترن.

كەمبوون یان نەبوونی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان تاكەكانی ئەو شوێنە، كە ئەوەش یەكێكە لە لایەنە باش و چالاكەكانی ژیانی دەرەوەی شارەكان. هەروەها بەهۆی قوڵبوونەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و تێكەڵبوون لەگەڵ سروشت، مرۆڤ هەست بە پەراوێزبوون و تەنهایی ناكات و لایەنی سۆز و خۆشەویستی زیاتر دەبێت.

سوودی بۆ بە تەمەنەكان چییە؟
كەسانی بە تەمەن كاتێك لە گوند دەژین سوودی زۆر لە بەپێ رۆیشتن وەردەگرن، ئەوە یارمەتییان دەدات بۆ تەندروستبوون و گەنج بوونەوە، هەروەها گەنج و منداڵەكان زیاتر یارمەتیی كەسە بە تەمەنەكان دەدەن.

بۆ منداڵەكانیش خۆشە
ژیانكردن لە گوند دەرفەتی زیاتری ئازادیی جوڵە و چالاكی و یاریكردن بە منداڵەكان دەبەخشێت، هەروەها زۆری پانتایی زەوی دەرفەتی زیاتر دەداتە منداڵەكان بۆ وەرزشكردن و تێكەڵبوون لەگەڵ هاوڕێكانیان. هەروەها بۆ گەشە و تەندروستیی منداڵەكان سوودی زۆرە.