کوردستانی

پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەبارەی کەرکوکەوە ئەنجام دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەبارەی کەرکوکەوە ئەنجام دەدات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سبەینێ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەرپرسی دەزگا و نووسینگەکانی هەڵبژاردنی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەنجام دەدات.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "سبەینێ پێنجشەممە 28ی کانونی دووەمی 2021 کاتژمێر 11:30 خولەکی پێشنیوەڕۆ لەسەر بانگهێشتی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەرپرسی دەزگا و نووسینگەکانی هەڵبژاردنی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "کۆبوونەوەکە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنەکانی عیراق و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەپێناو دروستکردنی لیستێکی نیشتیمانی بۆ ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی دەنگی کورد پەرت نەبێت و نەفەوتێت".

ئەوەشی خستەڕوو "سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەمیشە جەختی لە یەکڕێزی و تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکان کردووەتەوە لە ئاست پرسە نیشتیمانییەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan