کوردستانی

بارزانی: ئەوەی لە واقعدا داعشی شکاند پێشمەرگە بوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


بارزانی: ئەوەی لە واقعدا داعشی شکاند پێشمەرگە بوو
 مەودا میدیا- 

مەسعود بارزانی وەڵامی فیلمە ئێرانییەکەی دایەوە کە باسی لە پشتیوانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە شکاندنی داعشدا کردبوو. 

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە "ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت". 

لە پەیامەکەدا، بارزانی جەختیکردووەتەوە "ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە." 

روونیشیکردووەتەوە "كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە". 

لەو پەیامەدا ئەوەش هاتووە "پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا". 

ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند رۆژێکە بڵاوبوونەوەی دۆکۆ درامایەکی فارسی کە باس لە پشتیوانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە شکاندنی داعش و بەتایبەتی لە رێگریکردن لە چوونە ناو هەولێری داعش، مشتومڕی ناوەتەوە و هەندێک لە چاودێران پێیان وایە لە دۆکۆ دراماکەدا بابەتی ناڕاست خراوەتەڕوو. 

ب.م 

 

Qaiwan
Qaiwan