کوردستانی

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پیلانی گروپێکی تیرۆرستی داعشی شکستپێهێنا

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پیلانی گروپێکی تیرۆرستی داعشی شکستپێهێنا
مەودا میدیا-

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش، لە گوندی بەردەڕەش سەر بە قەزای سەیدسادق لەسەر رێگەی پێنجوێن دەستگیر دەکەن و پیلانێکی گروپێکی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکە ئاشکرادەکەن، کە مەرامیان بووە چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان  هاتووە "پاش ئەوەی رۆژی 25ی 12ی 2020 لە نزیک گوندی میرەدێ لەسەر رێگەی سەرەکی (قەزای شارەزوور - دەربەندیخان) ئاڵایەكی داعش ھەڵکرا، لەسەر بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ژوورێکی لێکۆڵینەوەی ھاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی پێکھێنراو راستەخۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم کەیسە دەستیپێکرد و چەند تیمێک دەستبەکاربوون".
 
 ئاماژە بەوەشکراوە "ئەوەبوو لەھەمان کاتی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە، دوای یەک ھەفتە لە نزیک گوندی بەردەڕەشە لە قەزای سەیدسادق لەسەر رێگەی پێنجوێن نزیک گوندی کانی سپیکەی پەرخ ئاڵایەکی دیکەی تیرۆریستانی داعش بەھەمان شێوەی ئەوەی تر ھەڵکرابوو کە لەژێرەکەیدا عبوەی پێوەلکێنرابوو، لە کاتی ھەڵگرتنەوەیەدا دووکارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوو برینداربوون، لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و بە دوو ئاڕاستە و دوو تیمی لێکۆڵینەوەو سەربازی دەستبەکاربوون، لەلایەک زانیاری کۆدەکرایەوە لەھەمانکاتیشدا کیوماڵی سنوورەکە دەستپێکرد".
 
باس لەوەشکراوە "پاش چەندرۆژێک ماندووبوون و شەونخونی ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم (ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی)  سەرەداو و بەڵگەی دروست بەدەستھاتن و زانیاری تەواو لەسەر شانەیەکی نەنووستوی تیرۆریستی داعش  ئاشکراکران و ئەندامەکانیان ناسنامەو شوێن و جێگایان دەستنیشانکراو خرانە ژێرچاودێری ورد".
 
ئاماژە بەوەشدراوە "رۆژی  23ی 1ی 2021 پاش رەزامەندی دادوەری بەڕێز بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم جوڵە بە ھێزەکانی ئاسایش کراو لەچەند ھەڵمەتێکدا لە قەزای سەیدسایدق ھەرسێ تیرۆریست (ج - ع) و (ع - ع ) کە ھەردووکیان برابوون لەگەڵ (ع  - ع - ح)   دەستگیرکران کە پیلاندانەر و ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە بوون، مەرامیان بووە دوای ئەم کردەوە تیرۆریستیانە، چەند شوێن و جێگایەکی دیکەی گشتی لە شارەرزوور دەستنیشانبکەن و بیان تەقێننەوە".
 
ئەوەش هاتووە "بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو، روونبووەوە چەند تۆمەتبارێکی تر ھاوکاری ئەم کردەوە تیرۆریستی و تۆقێنەرانە بوونە و لەئۆپراسیۆنێکدا رۆژی 28ی 1ی ئەمساڵ لە قەزای سەیدسادق (ز- م) دەستگیراکراو، لە ھەمان رۆژ بە تاوانی ھاوبەش ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار (ج - م) دەستگیرکران، کە پێکھاتبوون لە دایکی بەناوی (ب . ک) و دوو خوشکی بەناوەکانی (ب.ع /  ز . ع / ف .ع) لەگەڵ ھاوسەری تیرۆریست (ج -م) بەناوی (ب . ع)، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ھەموو ئەو کەرەستەو کەلوپەل و پێداویستییانەی بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانیان بەکاریانھێنابوو".
 
س.س
Qaiwan
Qaiwan