لەنجە عەبدوڵڵا

لەنجە عەبدوڵڵا

مۆدێل و دەسەڵات

دەرکەوتنی کچە مۆدێلەکان لە شاشەکانی میدیای کوردی لەژێر ناونیشانگەلێکی جیاواز  حاڵەتێکی چاوەروانکراوەوە وەک مومارەسەکردنی پیشەیەک بۆ پرکردنەوەی خواستی زۆری کۆمپانیاو گۆڤارە بازرگانیەکان و تەنانەت پێشکەشکردنی چەن بەرنامەیەکی دیاریکراو لە ھەندێ کەناڵی میدیایی بەتایبەت لە فەزایەکی وەک کوردستاندا کە راستەوخۆ کەوتۆتە ژێر کاریگەری شەپۆلی سەرمایەداری کە خەریکە مرۆڤی ئەم سەردەمە خاڵیدەکاتەوە لە فکرو بیرکردنەوە و ھەموو بەھاو پرەنسیپە ئینسانیەکانی مرۆڤ دەسڕێتەوە .   

بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئەوەی میدیا تەرویجی بۆ دەکات نیشاندانی مۆدێلێکە کە پرۆفیشناڵانە مومارەسەی کاری خۆی دەکات و بریاری داوە جوانی دەم و چاوی و جەستەی بخاتە خزمەت کارەکەی یان بەشی ھەرەزۆری  گەرم کردنی بازاری جەستەیە لە رێگای خستەرووی چەن پرسیارگەلێکی سەیرو سەمەرە کە تێیدا باس لە گەورەیی سمت و فێلەری دەم و چاو ژمارەی ئەو بەرپرسانەی داوای سێکسیان لێکردوە وە لە پالیدا پرسیارکردن سەبارەت بە موڵک و ماڵ و داھاتی خەیاڵی ئەم خانمە کە رەنگە ھەندێکیان ساڵێک نابێت دەستیان بەم کارە کردووە کەچی خاوەنی سەیارەی گرانبەھاو شوقە و بزنس و سەروەتێکی خەیاڵین بەبێ ئەوەی کەس بپرسێت (من اين لك هذا ).

بەرای من ئەوەی میدیا دەیکات بێ بەرنامە نیە رەنگە بەشێکی گەمژەیی و کاڵفامی سیاسەتی ئەو کەناڵەبێت  لە تێنەگەیشتنی لە پیشەی بوون بە مۆدێڵ  وەک ئەوەی لە ئەوروپاو وڵاتانیتر ھەیە کە ھەرچەندە من ھەرگیز لەگەڵ ئەم جۆرە پیشەیە نیم بەڵام ھیچ کات مۆدێلێکی وەک ئەوەی ئێرە نابینیت لە شەورۆژێکدا ببێت بە ملیۆنێر و  بەستنەوەی ئەم جۆرە پیشەیە بە ئازادی ژن وەک بەدیلێک بۆ ھاتنەدەرەی لە فەزای گشتی کە من رام وایە ھیچ کاتێک نمایشکردنی جەستەو بەبازارکردنی بریتی نیە لە ئازادی و ھەڵبژاردەیەکی نادروستە کچانی کورد ھەڵبژاردەی تریان ھەیە بۆ ئەوەی تواناو لێھاتوویی خۆیان دەربخەن ھەرچەندە رێگریەکانیش زۆربن بەڵام ھیچ کاتێک ئەم جۆرە لە بزنس نابێت ببێتە ئەو بەدیلە . 

وە ئەوەشمان بیر نەچێت کەناڵی میدیایی لەم ھەرێمە موڵکی بەرپرس و پیاوانی دەسەڵاتدارە و من لەو باوەرەدام بڵاوبوونەوەی ھەر دیاردەیەکی لەم شێوەیە  دەستێکی باڵای حزب و ئیرادەیەکی سیاسی لە پشتە چونکە دواجار ئەوان ئەمنیەت و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەرێوەدەبەن و ھەمووشمان دەزانین تێگەیشتن و ئیرادەی ئەھلی دەسەڵات بۆ مەسەلەی ژن لە چ ئاستێکە ھەر بۆ نموونە ئایا ئەو پارەیەی تەرخاندەکرێت بۆ رەفاھیەت و خۆشگوزەرانی ئەم کچانە ئامادەن بیخەنە خزمەت پرۆژەیەک کە ھاوکاری سەدان ژنی بێلانەو بێ دەرامەتی ئەم ھەرێمە دەکات کە رۆژانە قوربانی توندوتیژی و ناعەدالەتیە ئەگەر بەرپرس و بزنسمانی کورد ھێندە بەخشندەو دەستبڵاون بۆ پشتیوانی کچێکی گەنج بێ ھیچ بەرامبەرێک ئێمە ئەم سەخاوەتەمان نەدی لە بەرامبەر ھاوکاریکردنی ژنانی قوربانی و بێدەرامەتی ئەم ھەرێمە .

بەرای من کاتی ئەوە ھاتووە رێکخراو ژنانی چالاکوان واز لە موجامەلەی دەسەڵات و ئەنجوومەنەکەی خانمانی بھێنن و کەمێک لەم ھوتێلە چوار ئەستێرانە بێنە دەرەوە کەمپینێکی سەرتاسەری رابگەیەنن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم بە بازاری کۆیلەییەی ژنان دانانی سنوورێک بۆ ئەو کەناڵانەی تەرویجی بۆ دەکەن ئێمە ھیچ کاتێک ئەو ژنانەمان لێ زیادنیەو دەبێت ھەوڵی پاراستنی ژیان و ئایندەی ئەو ژنانەش بدەین کە دڵنیان چەندین ھۆکارگەلی شاراوەو جیاواز ھەیە بۆ ئیستیغلالکردن و بەکارھێنانیان لەم بازارە قێزەونە و بەشێکی زۆریان رووبەرووی ھەرەشەی جۆراو جۆر دەبنەوەو  تەنانەت من ھەندێ کەیسم بینیوە کە سکی پربوەو ناجار کراوە منداڵەکەی لەبارببات و دواتر ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە . ھیوادارم ھەڵمەتی پشتیوانی بۆ شەرعیەتدان بەم دیاردەیە رابگرن و   ئەوەشی پشتیوانی لەم دەرکەوتنەی کچان دەکات  وەک ھەوڵێکی ئازادانە دژ بە عورف و نەریت و بەربەستەکانی کۆمەڵگا و ئەمەی بە ھەوڵێک بۆ ھاتنەدەرەوە و بەشداری ژن لە فەزای گشتی  لێکیدەداتەوە ھەڵەیەکی گەورە دەکات و ھیچ لە چەمکی ئازادی تێنەگەیشتوە چونکە ھیچ کاتێک لە پرەنسیپی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا ئیشتیغلالی جەستەی ژن و بەکاڵاکردنی  بەدیلی مانەوەی ژن بە دیار تەباخەوە نەبووە ! 


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan