کوردستانی

قوباد تاڵەبانی داوایەک لە سەرجەم حزبە کوردستانییەکان دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی داوایەک لە سەرجەم حزبە کوردستانییەکان دەکات
مەودا میدیا-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  دەڵێت "رۆژمێری ئێمەی کورد پڕە لە یادەوەری ئازار و برین و کارەسات کە هەر جارەی دوژمنێک جەستەی نیشتمانی ئێمەی خەڵتانی خوێن کردووە" و دەشڵێت "سبەینێ یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە؛ ئەگەر بڕیارە راستگۆ بین لەگەڵ خوێنی شەهیدان و قوربانییەکانی گەلەکەمان، با لەبری قسە و دروشمی دووبارە، سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت "ساڵانە لە هەرکام لەو بۆنە جەرگبڕانەدا هەموو لایەکمان پەیام و راگەیەنراوی پڕ لە قسە و دروشم بڵاودەکەینەوە و بە رواڵەت یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە "دەپرسم ئەم هەموو بەیاننامە و بڵاوکراوانە چییان لێ سەوز بووە؟ هەر بە ڕاست ئەم هەموو شەهید و خوێن و برینانە بەس نەبوون بۆ ئەوەی بەئاگامان بهێننەوە لەئاست پرس و هێڵە سوورە نیشتمانییەکان تاکو بیانپارێزین؟".

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندووە "سبەینێ یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە؛ ئەگەر بڕیارە راستگۆ بین لەگەڵ خوێنی شەهیدان و قوربانییەکانی گەلەکەمان، با لەبری قسە و دروشمی دووبارە، سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین لە رۆژی ٤/١٤ کە یادی شاڵاوەکانی ئەنفالە، بەرپرسان و کەسە یەکەمەکانی هەموو حیزبەکان پێکەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کۆببینەوە و بەیەکەوە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان؛ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و بارزانییەکان و فەیلییەکان و سەرجەم شەهیدان و ئەنفالکراوانی رێگای رزگاریی کوردستان بکەینەوە"

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیشیدەکاتەوە "یادەکە هاندەرمان بێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی، ئەگەر ئەمە بکەین هەم خەیاڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەم روحی شەهیدانمان ئاسودە دەکەین".

ک. ر
Qaiwan
Qaiwan