کوردستانی

فراکسیۆنی یەکێتی: ناچینە ژێرباری داکۆکیکردن لە بڕیاری کەمکردنەوەی مووچە بە بڕی 21%

مەودا میدیا - سلێمانی |


فراکسیۆنی یەکێتی: ناچینە ژێرباری داکۆکیکردن لە بڕیاری کەمکردنەوەی مووچە بە بڕی 21%
مەودا میدیا-

لە راگەیەنراوێکدا فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "ئێمە لەفراکسیۆنی یەکێتی  وێرای ئەوەی بەنیگەرانیەوە دەروانینە بەردەوامیدان بە لێبرینی مووچە" و دەشڵێت "بەھیچ جۆرێک ناچینە ژێرباری بەرپرسیارێتی داکۆکیکردن لە بڕیاری کەمکردنەوەی تەمویلی مووچە بە بڕی 21%".

فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کردووە "لە ئێستاشدا دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 65 دۆلار  و دابەزینی بەھای دینار بەرانبەر بە دۆلار، درێژەدان بەلێبرینی مووچەی مووچەخۆران ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت".

دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی:

راگەیەنراوێک لەفراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان :

وابریارە کۆتایی ھەفتەی داھاتوو وەزارەتی دارایی دەستبکات بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری ساڵی ۲٠۲۱. 

ئێمە لەفراکسیۆنی یەکێتی  وێرای ئەوەی بەنیگەرانیەوە دەروانینە بەردەوامیدان بە لێبرینی مووچە، لەھەمانکاتدا  ھۆشداری دەدەینە حکومەتی ھەرێم کە بەلەبەرچاوگرتنی زۆربوونی داھاتە ناوخۆیەکان لەم مانگەدا،دەبێت کۆتایی بە لێبرینی نایاسایی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بھێنێت چونکە پێشتر حکومەت خۆی ڕایگەیاندبوو کە مووچە ئەولەویەتە و بڕەکەی بە پێی داھاتی مانگانە لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریەوە دیاری دەکرێت .

لە ئێستاشدا دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی ٦٥ دۆلار  و دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار، درێژەدان بەلێبرینی مووچەی مووچەخۆران ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت بەتایبەت کە لە چەندین بۆنە گوێبیستی بەرپرسانی باڵای حکومی بووین و دڵنیاییان پێداین کاتێک نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە  ٦٠ دۆلار  ھەرێم دەتوانێ بەبێ لێبرین مانگانە مووچە دابەش بکات بەپێی سیاسەتی راگەیەنراوی حکومەتیش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ رێژەی داھاتی مانگانە لەئێستادا دەتوانێیت مووچە بەبێ لێبرین دابەشبکات.

بۆیە ئێمە لە فراکسێۆنی یەکێتی ھەرچەندە حیزبەکەمان یەکێکە لە پێکھێنەرەکانی کابینەی نۆیەم بەڵام لەم ھەلومەرجە نوێیەی کەلەسەرەوە ئاماژەمان پێدا،بەھیچ جۆرێک ناچینە ژێرباری بەرپرسیارێتی داکۆکیکردن لە بڕیاری کەمکردنەوەی تەمویلی مووچە بە بڕی ٪۲۱.

و باوەڕمان بەوە نیە کە حکومەت نەتوانێت مووچەی مانگی ئازار بە بێ لێبڕین بدات و ویژدان و ئەرکی نوێنەرایەتی گەلی کوردستان ڕێگەمان پێنادات پاساوی بۆ بھێنینەوە..

فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان 
١٧-٣-٢٠٢١
Qaiwan
Qaiwan