کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی پێدانی سێ مووچە بە لیوا هاوبەشەکان زانیاری دەخاتەڕوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی پێدانی سێ مووچە بە لیوا هاوبەشەکان زانیاری دەخاتەڕوو
مەودا میدیا-

جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان سوورن لەسەر بڕیاری پێدانی سێ مووچە بە لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە.

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی سێ مووچەکەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بە فەرمی ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگەی کردووەتەوە کە وا ئەو سێ مووچەیە دەدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە".

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنەکەیەوە ئاماژەی بەوەکرد "دواکەوتنی پارەکەش بەهۆی هۆکارێکی هونەرییەوەیە لە گواستنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە هەر کاتێک ئەو پارەیە گەیشتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو پارەیە تەنها لیواکان و بنکەکانی مەشق و راهێنان دەگرێتەوە، بەڵام دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی 70 و 80 ناگرێتەوە، هەروەها لەومەودوا هەر هاوکارییەک لەلایەن هاوپەیمانانەوە  کە دەنێرێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە راستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan