کوردستانی

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرينه‌ى له‌ زیندان گیانى له‌ده‌ستدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرينه‌ى له‌ زیندان گیانى له‌ده‌ستدا

مه‌ودا میدیا- 

بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌ى رۆژى هه‌ینى له‌ كه‌لار و له‌ نێو زیندانى گرتن و گواستنه‌وه‌ى گه‌رمیان كۆتایی به‌ ژیانى خۆى هێنا، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا گومانى خۆیان له‌ گیانله‌ده‌ستدانى كوڕه‌كه‌یان ده‌رده‌بڕن.

بنه‌ماڵه‌ى ( جمعە مه‌جید داوی-ە) ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌ى كه‌ به‌گومانى كوشتنى مێردمنداڵێك ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك له‌ زیندان بوو، رایده‌گه‌یه‌نن " خوالیخۆشبوو چەند رۆژێک لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرابوو، چونکە گوایە لە گرتەیەکی کامێرا ئەو منداڵەی لەگەڵ خۆی سەرخستبوو لە ئۆتۆمبیلەکەی، کە ( 10بۆ 15 رۆژ‌) پێش رووداوەکە بوو، دواتر لە رووداوێکی تەمومژاویدا منداڵه‌كه‌ گیانی لەدەست دابوو". 

راشیانگه‌یاندووه‌ " خوالێخوشبوو پاش ئەوەی دەزانێت کە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە زور بە ئاسایی وەریدەگرێت و خۆی رادەستی پۆلیس دەکات، پاش راگرتنی و مانەوەی لە زیندان بۆ چەند رۆژێک، هەواڵی کۆچکردنی بڵاوکرایەوە کە گوایە بە تەزوی کارەبا خۆی کوشتووە". 

بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و پێشمه‌گه‌ریه‌، ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌ "هەرگیز تەنانەت ئەگەر بۆ جارێکیش بێت ناوی نەک لە تاوانێک نەهاتووە، بەڵکو کەسێک نیيە کە بانگەشەی ئەوە بکات، ئەم پیاوە زەرەر و زیانێکی پێگەیاندبێت، هه‌روه‌ك ئێمە وەکو بنەماڵەی خوالێخوشبوو گومانمان لە کۆی رووداوەکان هەیە و بە هیچ جۆرێک ئەو ماڵە ناناسین، وە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ بنەماڵەی منداڵە کۆچکردووەکەدا نییە" . 

له‌ماوه‌ى رۆژانى پێشوودا ته‌رمى مێردمنداڵێك له‌ كه‌لار به‌ خنكێنراوى دۆزرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى بۆماوه‌ى چه‌ند رۆژێك ون بوو بوو، پاشان پۆلیسى گه‌رمیان ده‌ستگیركردنى دوو گومانلێكراوى له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ راگه‌یاند و، رۆژى هه‌ینیش هه‌واڵى ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆى ته‌زووى كاره‌باوه‌ یه‌كێك له‌ گومانلێكراوه‌كان له‌ زیندانى گرتن و گواستنه‌وه‌ى گه‌رمیان، كۆتایی به‌ ژیانى خۆى هێناوه‌.

هـ.ع

Qaiwan
Qaiwan