راپۆرت

بەرهەم ساڵح؛ دەگەڕێتەوە عەقاری یان لە كۆشكی سەلام دەمێنێتەوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەرهەم ساڵح؛ دەگەڕێتەوە عەقاری یان لە كۆشكی سەلام دەمێنێتەوە؟
مەودا میدیا-

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشە، لەئێستاوە بە كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆی مانەوە لە پۆستی سەرۆك كۆماری و دوورخستنەوەی لەو پۆستە دەورە دراوە. ئەگەرچی سیناریۆكان زیاتر "ئەگەری مانەوەی لە كۆشكی سەلام دەردەخەن"، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی گەورە لەسەر پۆستەكەی هەیە و دوور نییە لەدەستی بدات "بە ئەگەرێكی لاواز".

عەقاری؛ گەڕێكی كۆشكنشین
بەرهەم ساڵح لە 12ی سێپتێمبەری ساڵی 1960 لە گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی لەدایكبووە، بەهۆی ئەوەی باوكی دادوەر بووە و بۆ ئەودەم و ئێستایش ژیانی دادوەرەكان خۆشتر و باشترە لە ژیانی توێژەكانی دیكە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە بەرهەم ساڵح ژیانێكی ئارام و كۆشكییانەی هەبووە و زۆر تاڵ و سوێری نەدیوە كە هاونیشتمانییەكانی چەشتوویانە. ئەمە ناكاتە ئەوەی ئەو تێكەڵ بە ژینگەی گەڕەك، شار و نیشتمانەكەی نەبووبێت، بەڵكو كاریگەریی زۆری لەسەر بیركردنەوە و شێوازی فەرمانڕەواییكردنی هەبووە، ئەگەرچی لە هەندێك وێستگەشدا، ویستی زۆری سیاسی هەبووە و لە ژینگەی گشتی دووریخستووەتەوە.

گەنجێتی و كوردایەتی
بەتۆمەتی بوونی پەیوەندیی بە كۆمەڵەی ماركسی- لینینی كوردستانەوە، ساڵی 1979 كە لە قۆناغی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بووە، بەرهەم ساڵح دەستگیردەكرێت، لەگەڵ ئازار و ئەشكەنجەدانی، بەڵام بەهۆی هەوڵەكانی باوكی كە دادوەر بووە رێگەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی پێدەدرێت، ئەنجامەكەیشی یەكەمی سەر كوردستان و سێیەمی عیراق دەبێت بە كۆنمرەی 96.5% و ئەوەش دەرگای دواتری بۆ دەكاتەوە كە دەچێتە بەریتانیان بۆ خوێندن و دەبێتە وێستگەیەكی گرنگی ژیانی.
بەپێی زانیارییەكان بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی وڵات دابڕاو نابێت لە بزووتنەوەی كوردایەتی و هاوكارێكی باش دەبێت بۆ ناساندنی دۆزی كورد لە دەرەوە، نوێنەرایەتیی یەكێتی دەكات و لە سەردانەكانی سەرۆك مام جەلالیشدا بۆ وڵاتان زۆربەی جاران لەگەڵ و هاوكاری دەبێت، بەوەش دەبێتە جێگە سەرنجی مام جەلال و لە كۆنگرەكانی یەكێتی دەبێتە ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە، تا ئەوەی ساڵی 2001 بۆ 2004 دەبێتە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان- ئیدارەی سلێمانی.
بەرهەم ساڵح ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە بۆ خۆپێگەیاندنی زیاتر، پەیوەندییەكانی لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان، عیراق و جیهان بەهێز دەكات، ئیتر لەوێوە ئەستێرەی بەختی ساڵح زیاتر دەگەشەێتەوە و دەبێتە كارەكتەرێكی دیاری حزبەكەی.

پلانی وەزیری پلاندانان بۆ كۆشكی سەلام
بەرهەم ساڵح ساڵی 2004 بووە جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەوەی سیاسییەكی بەئاگا و بەویستە رەنگە ئەوە سەرەتای پلانی ئەوبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بچێتە كۆشكی سەلام، شێوازی سیاسەتكردنی ساڵح زیاتر جیاوازە لەو شێوازە سیاسەتكردنەی هەرێمی كوردستان، بۆیە زۆرێك وایدەبینن كە ویستی بەرهەم ساڵح زیاترە بوونێتی لە بەغدا، لەگەڵ ئەوەی ساڵی 2006 بۆ 2009ش بەهەمان شێوە سەرۆك وەزیران بووە، بەڵام 2005 كە وەزیری پلاندانانی عیراق بوو زیاتر پلانێكی گشتگیریی مەدەنی بۆ عیراق خستەڕوو كە جێگەی رەزامەندیی زۆرینەی سیاسییەكانی ئەوكاتی عیراق بوو.

2017.. ساڵێكی جیاواز
بەرهەم ساڵح، ساڵی 2017 هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەریی دروستكرد، بەو هەنگاوەی یەكێتیی توڕەكرد، بەڵام هیچ لایەكیان بۆ ئاشتبوونەوەی هێڵی سووریان نەكێشا، دوای هەڵبژاردنەكان دەرفەتی پێكەوە كاركردن رەخسا و یەكێتی بەربژێرییكرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، ململانێیەكە قورس بوو بەهۆی بوونی بەربژێر پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەو پۆستە، بەڵام دەرئەنجام بەرهەم ساڵح ئەو پۆستەی وەرگرت.

خولی دووەم... ململانێی دووەم
بەرهەم ساڵح، رۆژی 2ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2018 بووە سەرۆك كۆماری عیراق، وەرگرتنی ئەو پۆستە ئاسان نەبووە، بەڵكو پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی ئاڵۆزكرد و تا ماوەیەكیش هیچ بەرپرسێكی پارتی ئامادەی سەردان و بینینی بەرهەم ساڵح نەبوو. رووداوەكان ئەو ساردییەیان نەهێشت و لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ساڵح ئامادەبوو، بەدوای ئەویشدا سەردان و یەكتربینینی دیكە هەبوون.

هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەركەوتنی سیناریۆی سیاسی نوێی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت كاتێك لە وەڵامی پرسیاری كەناڵێكی عیراقیدا سەبارەت بە ویستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، نێچیرڤان بارزانی وتی: بۆنا؟ ئیتر ئەوە بۆ سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی چیرۆكێكی درێژ كە مەترسیی دەخاتە سەر بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق.

سیناریۆ و خاڵی بەهێزی بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە زۆرن، رەنگە پێنج دانەیان دیارترین بن:
یەكەم: لە وەرگرتنی پۆستی سكرتێری گشتیدا دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، بەرهەم ساڵح ئاسان لێی كشایەوە، بگرە هیچ كاردانەوەیەكی نەرێنی و ئاڵۆزكاری نەبوو، ئەوە جۆرێك لە تەبایی بۆ یەكێتی بەدوای خۆیدا هێنا.
دووەم: لەسەر ئاستی حزبە كوردستانییەكان، جگە لە پارتی، بەرهەم ساڵح كاندیدێكی تاڕادەیەك دڵمەندە، یان ركابەری نییە، ئەوە دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی پشتیوانیی بكەن.
سێیەم: شەقامی عیراق زۆر نیگەران نین لە سەرۆك كۆمار، بەوەی پۆستەكەی سیادی- تەشریفاتییە و هیچ پاشخانێكی گەندەڵی نییە، هەروەك بەلایەنی زۆرەوە و لە 16 ساڵی رابردوودا پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد بووە و شیعەش بەتەمای نین و ناشیكەنە كێشە لەگەڵ كورد.
چوارەم: لەسەر ئاستی هەرێمایەتیی، هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی ئێران- عیراق پاراستووە، نزیكیشی لە ئەمەریكا واینەكردووە بەڕوونی ئێرانییەكان دژی بووەستنەوە. پەوەندییەكی باشی لەگەڵ توركیا هەیە، ئەوە بۆ فشاركردن لە بەشێكی زۆری سوننەكان و توركمان سوودی بۆ بەرهەم ساڵح دەبێت.
پێنجەم: هەرچی تایبەتە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تاڕادەیەك ئاسایین، هەندێكجار نێوەندگیرێكی باشیش بووە لەنێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەمەریكییەكانیش دەزانن هیچ سەرۆك كۆمارێك توانی ئەوەی نییە دۆستێكی نزیكیی ئەمەریكا و دژە ئێران بێت، دەسەڵاتەكانیشی ئەوەندە نین بەراوردی بكەی بەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عیراق بپارێزێ.

بەرهەم ساڵح و یەكێتی
پێش هەر لایەنێك لە قەزاوەتدان لەسەر بەربژێركردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق یەكێتی "بەتایبەت هاوسەرۆكان" بڕیاردەدەن، دۆخی ئێستای یەكێتی سیناریۆی زۆر هەڵدەگرێ، بەتایبەت پەیوەندیدار بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان:
یەكەم: لەناو سەركردایەتیی یەكێتی سیاسەتوانی لە بەرهەم ساڵح گونجاوتر "بەپێی پێوەرەكانی ئەزموون، بڕوانامە، شارەزایی، پەیوەندیی عیراقی و دەوروبەر و جیهانی، بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لەدوای پرۆسەی ئازادیی" نابینرێت. هەروەها بەربژێركردنی سیاسەتمەدارێكی دیكە لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەو پۆستە دۆخی ناوخۆی یەكێتیی ئاڵۆزتر دەكات، بەڵكو زۆرێك لەو كێشانەی چارەسەركراون سەرهەڵدەدەنەوە. ئەوەی دەشبینرێت تاكو ئێستا هیچ یەكێك لە هاوسەرۆكان ویستی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دەرنەبڕیوە "ئەمەیان بۆ بەرهەم ساڵح زۆر باشە".

ئەمە ئەرگۆمێنێكی باشە بۆ ئەوەی بڵێن لەناو یەكێتیدا و بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح رێگەی بۆ تەختە، یان كەمترین كێشەی دێتەڕێ.
دووەم: سیناریۆی دووەم بوونی بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەزموونی یەكەمی؛ پارتی شكستیخوارد لە وەرگرتنی ئەو پۆستە، هۆكاری زۆری هەبوو بەتایبەت بەربژێری پارتی بەراورد بە بەرهەم ساڵح بەهێزتر نەبوو.

فڕێدانی كارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق هێشتا وەكو سیاسەتێكی روون و پرۆژەی پارتی باسنەكراوە و تەنها پشت ئەستوورە بە "بۆنا"ەكەی نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی رۆژنامەوانێكدا.

لەبارەی نێچیرڤان بارزانی-ەوە سێ ئەرگۆمێنت هەیە بەم شێوەیە:
یەكەم: نێچیرڤان بارزانی كەمتر كاری لە ژینگە سیاسییە عەرەبییەكە كردووە، زمان و شێوازی سیاسەتكردنی ئێستای شەقامی عەرەبی رێگری گەورەن لەبەردەمیدا.
دووەم: نێچیرڤان بارزانی سەرقاڵی توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانێتی لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان، بۆی گونجاوتر دەبێت تاچەند ساڵی دیكەیش ئەمە بكات بۆ ئەوەی لەداهاتوودا كۆكەرەوەی عیراقییەكان بێت وەكو ئەوەی تاڕادەیەكی زۆر لە كوردستان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكات.
سێیەم: ویستی پارتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێویستی بە بوونی پەیوەندییەكانی زۆر پتەو لەگەڵ یەكێتی هەیە بەتایبەت هاوسەرۆكان، هەروەها بیركردنەوە لە جێگرەوەی نێچیرڤان بارزانی "ئەگەر پارتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم نەبێت"، هەروەها نێچیرڤان بارزانی لە ئەگەر بوون بە سەرۆك كۆماری عیراقدا پێگەكەی لەناو پارتی و هەرێمی كوردستان بەهۆی نائامادەنەبوونییەوە تووشی كێشە و گرفتی ئاییندەی دەبێت.
هەڵبەت بوونی پەیوەندیی باشی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ یەكێتی مانای ئەوە نییە یەكێتی بە هەموو پێشنیازێكی رازین، بەڵكو ئەوە پێویستی بە سەوداسەرییەكی زۆر هەیە كە زۆرینەی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ ئەو سەوداسەرییە لەگەڵ پارتی ئامادەنین.

بە ئەگەرێكی زۆرەوە بەرهەم ساڵح لە خولی دووەمدا دەبێتەوە سەرۆك كۆماری عیراق، بەڵام ئەگەر پارتی بەڕاستی كار بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بكات، هەروەها نێچیرڤان بارزانی بەربژێری ئەو پۆستە بێت، ئەوا ململانێیەكی زۆر قورس دەبێت و هیچ لایەكیان بەئاسانی دەستبەرداری نابن؛ تەنانەت یەكێتی و پارتی دەیگەیەننە مریشكە رەشە و ئەوەش بۆ هەرێمی كوردستان باش نابێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان