کوردستانی
بۆردومانەکەی تورکیا لە شنگال پێنج شەهید و 10 برینداری لێکەوتووەتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
لانیكەم پێنج كەس لە بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر نەخۆشخانەیەكی قەزای شنگال گیانیان لەدەستدا و 10ی تریش برینداربوون و لە نێویاندا منداڵ هەیە.
لانیكەم پێنج كەس لە بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر نەخۆشخانەیەكی قەزای شنگال گیانیان لەدەستدا و 10ی تریش برینداربوون و لە نێویاندا منداڵ هەیە.
لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی (کەرکوک ناو)دا هاتووە "ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوى راگەیاندن لە پۆلیسى قەزاى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت، بۆردومانەكە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە ئەنجامدرا، بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان پێنج كەس كوژراون و 10ی تریش برینداربوون و ئەو نەخۆشخانەیە تایبەتە بە هێزەکانى یەکینەکانى بەرخۆدانى شنگال (یەبەشە)، بەڵام خەڵكی مەدەنیش تیایدا چارەسەریان وەردەگرت".
جەختیشیكردەوە "ئەو بینایە پێشتر خوێندنگە بووە و دواتر كراوە بە نەخۆشخانە و دەزگا ئەمنییەکانمان لێکوڵینەوە لە رووداوەکان دەکەن، لەئێستادا ناتوانین هیچ شتێک لەبارەى هۆکارى بۆردومانەكەوە ئاشكرابكەین".
ئەلیاس قاسم، خەڵكی گوندی سكێنییە كە لە شوێنی رووداوەكە نزیك بووە، بە کەرکوک ناو دەڵێت "سێجار بەدوای یەكدا فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانی نەخۆخشانەكەیان كرد، نەخۆشخانەكە چەند سەد مەترێك لە خانوی هاوڵاتییانەوە دورەوە و كەوتۆتە ناوەڕاستی گوندەكەوە كە نزیكەی 30 خێزان تیایدا دەژین".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "بەچاوی خۆم شەش كەسم ژمارد كە گیانیان لەدەستدابوو، لە نێویاندا خەڵكی مەدەنی، لانیكەم 10 برینداریش هەبوون و شەهید و بریندارەکان زیاتر مەدەنی بوون و بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر سەردانى نەخۆشخانەیان کردبوو، لەناو بریندارەکان منداڵ هەن و شۆفڵ و خەڵکێکى زۆری ناوچەكە سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی تەرم و بریندارەكانن لەژێر داروپەرودی نەخۆشخانەكە".
رۆژی پێشتر 16ی ئاب، فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)یان لە ناوەندی شنگال كردە ئامانج و بەهۆیەوە لێپرسراوێكی یەبەشەو چەكدارێكی دیکە كوژران و سێ چەكداری تریان برینداربوون، بەڵام هێشتا رون نییە ئایا ئەو سێ چەكدارە لە كوێ چارەسەریان وەردەگرت.
ر. ر
بیروڕا



