کوردستانی

ئومێد خۆشناو رەتیدەکاتەوە پرۆسەی دەنگدان بە سستی بەڕێوەبچێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئومێد خۆشناو رەتیدەکاتەوە پرۆسەی دەنگدان بە سستی بەڕێوەبچێت
مەودا میدیا-

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند تائێستا پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە باشی بەڕێوەدەچێت.

سەبارەت بە بوونی کێشە لە چەند بنکەیەک ئاماژەی بەوەکرد کە لە سێ بنکە لە ناوچەکانی؛ کەسنەزان، عەینکاوە و کۆیە بەهۆی قەرەباڵخییەوە کێشە هەبووە.

ناوبراو وتیشی "پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەناچێت بەڵکو سروشتی ئامێرەکان و میکانیزمەکە بەو شێوەیە پێویستی بە کاتە".

جەختیشیکردەوە "ئەوەی ئەرکی ئێمەی قورسکردووە گواستنەوەی ئاوارەکانە لە کەمپەکانەوە بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان، بە راشکاویش بە بەغدامان وتووە کە لەوانەیە نەتوانین ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین بکەین". 

ناوبراو باسی لەوەکرد ئەگەر بەم شێوەیە بێت و کێشکە چارەسەر نەکرێت ئەوا رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەت لە رێژەی %40 تێناپەڕێت.

ئەمڕۆ رۆژی هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت.

لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس بەشداری دەکەن کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکانن.

بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.

پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan