عیراقی
کۆمسیۆن بڕیارێکی خۆی هەڵوەشاندەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق بڕیارێکی خۆی لەبارەی بەکارهێنانی ناسنامەکان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان هەڵوەشاندەوە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەتوانن بە کارتی دەنگدان و ناسنامەی سەربازیی دەنگ بدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر کۆمسیۆن بڕیاریدابوو، لە کاتی دەنگدان جگە لە کارتی دەنگدان هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان، ناسنامەی باری شارستانی یان رەگەزنامە و کارتی نیشتمانیان پێبێت.
ئەمڕۆ رۆژی هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت.
لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس بەشداری دەکەن کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکانن.
بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.
پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.
ب.م