عیراقی
زیاتر لە 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشییدان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراق راگەیاند، لە سەرانسەری عێراق زیاتر لە 250 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بەشدار دەبن لە پاراستنی ئاسایش لە رۆژی دەنگداندا.
عەبدولئەمیر شمەری، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی عیراق کە هاوکات جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراقە، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، زیاتر لە 250 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان و جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی لە رۆژی دەنگداندا.
شمەری ئاماژەی بەوە کردووە، لە رۆژی دەنگداندا شەقامەکان کراوە دەبن و قەدەغەی هاتووچۆ راناگەیێندرێت، تەنیا هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل قەدەخە دەبێت.
بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. بۆ رۆژی هەڵبژاردن، عیراق چەند رێکارێکی ئەمنیی راگەیاندووە، لەوانەش داخستنی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، لەگەڵ راگرتنی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا.