کوردستانی

قوباد تاڵەبانی: چارەسەری به‌شێك له‌ كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی: چارەسەری به‌شێك له‌ كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدایە
مەودا میدیا-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، رایگەیاند، بەشێک لە کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا چارەسەر دەکرێن و پێویستە کورد یەکدەنگ بێت بە تایبەت لەم کاتە ھەستیارەدا.

دەقی راگەیەندراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی:

قوباد تاڵە‌بانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا وجێگری وەزیری دەرەوە کۆبووە میخائیل بۆگدانۆڤ ستایشی رۆڵی سەرۆک مام جەلال دەکات

قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا وجێگری وەزیری دەرەوە، رایگەیاند: بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چارەسەر دەکرێن و پێویستە کورد یەکدەنگ بێت بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا.

لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا كە‌ ئەمڕۆ چوارشەممە یەکی کانوونی یەکەمی 2021 لە‌ ھە‌ولێر بە‌ڕێوە‌چوو، دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کونسڵی رووسیا ئامادەی بوون، قوباد تاڵە‌بانی و میخائیل بۆگدانۆڤ، باسیان لە دواپێشهاتە سیاسییەکان و رەوشی عیراق و ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد.

لەبارەی پەیوەندی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان، میخائیل بۆگدانۆڤ باسی لە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی مێژوویی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەرۆڵی گرنگی سەرۆک مام جەلال لە پتەو کردنی ئەو پەیوەندییانە کرد.

قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسەردانی بەڕێزیان و بە دۆستێکی دێرینی گەلى کوردی وەسف کرد، دواتر باسی لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە چاوەڕێین لەم نزیکانەدا دەستبکرێت بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عیراق و جەختیشی کردەوە کە، چارەسەر کردنی بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکرێت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان-دا بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا.

 لەبارەی رەوشی عیراق، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتی، لە عیراق کێشەی نەبوونی پلانمان هەیە لە هەندێک بابەتدا، لەگەڵ نەبوونی جیاوازی لە سیاسەتی لایەنە سیاسییەکان، بۆیە ئەو گفتوگۆیانەى کەپەیوەستن بەپێکهێنانی حکومەتەوە لەسەر سیاسەتی چۆنیەتی بەرێوەبردن و حوکمڕانی نییە بەڵکو لەسەر وەرگرتنی پۆستەکان دەبێت.

 لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی دژ بە تێرۆریستانی داعش کرا و لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو شەڕە هێشتا ماوە و ئاماژەی بە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو دا کەتێیدا بەداخەوە چەند پێشمەرگەیەکمان شەهید و برینداربوون بوو.

هەر لەوکۆبوونەوەیە باس لە رەوشی سوریا و کێشەی کۆچبەران کرا. لەکۆتاییدا، پرسی کارکردن و هاتنی کۆمپانیا رووسییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا خرایە بەرباس و جێگری سەرۆک وەزیران دڵنیای کردنەوە کە ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی سود لە تواناکانی ئەوان ببینن.
ر. ب
Qaiwan
Qaiwan