چاوپێكەوتن

بەدیعە دارتاش؛ دایکی شانۆی کوردی

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەدیعە دارتاش؛ دایکی شانۆی کوردی
مەودا میدیا-

پاشنیوەڕۆیەکی رەشەمێیە، کەش فێنکە، ئاسمان نە هەور  نە هەساوە، پەمووی هەوری سپی؛ قووڵایی ئاسمانی شینی نەخشاندووە. بەڕێوەین بەرەو ماڵی خانمێکی میهرەبان و هەستناسک، تابڵێی نەرمونیان و لەسەرخۆ... وردورد بەسەر پلیکانەکاندا سەرکەوتین بۆ نهۆمی سەرەوە، هەر لەگەڵ چوونەژوورەوەدا، راستەوخۆ سەرنجت دەچێتە سەر ئەو هەموو گوڵانەی ماڵەکەیان تەنیوە. کاتێکیش دانیشتین؛ دیوارێک کە بە وێنە و خەڵات و رێزلێنانەکان داپۆشراوە، پێتدەڵێت ئەوەی لەم ماڵەدایە، بۆ هونەر لەدایکبووە و ئێستاش بەو هەوایە دەژی کە لە هەواری شانۆوە دێت...
بەدیعە عەبدوڵڵا حەسەن، لای هەمووان بە بەدیعە دارتاش ناسراوە. خاتوو بەدیعە وەک هەر کچێک، خەونی هاوسەرگیری و پێکەوەنانی خێزان و دایکایەتی هەبووە، بەڵام لەجیاتی خێزانە بچووکەکەی هاوسەر و منداڵ، خێزانە گەورەکەی هونەر و شانۆ هەڵدەبژێرێت. 

کەی، لە کوێ و چ بنەماڵەیەکدا چاوت بە دنیا هەڵهێناوە؟
لە ساڵی 1946 لە گەڕەکی مەڵکەندی، لە شاری سلێمانی لە دایکبووم. باپیرم لە ترسی سەربازیی لە ئێرانەوە هاتووەتە سلێمانی و نیشتەجێبووە، لە حەوت ژن تەنیا باوکمی هەبووە. خۆشمان دوو خوشک و سێ برا بووین. 

ئەو نازناوی "دارتاش"ە لە چییەوە هاتووە؟
باوکم لەگەڵ باپیرم کاری دارتاشییان دەکرد، ئەو نازناوەشم هەر لە کاری باوکمەوە هاتووە. مامۆستا درەخشان حەفید، بەڕێوەبەرمان بوو، ئەو ناوینام "بەدیعە دارتاش"، چونکە لەگەڵ بەدیعە مەحوی هەردووکمان بەیەکەوە مامۆستا بووین، کاتێک بانگی دەکردین هەردووکمان وەڵاممان دەدایەوە، ئیتر منی کرد بە "بەدیعە دارتاش".

لە چ خوێندنگەیەک چوویتە بەر خوێندن؟ 
لە خوێندنگەی (صدیقە)، لە لای ماڵی حاجی قادری جەبار دەستمکردووە بە خوێندن. چوونم بۆ بەر خوێندن، ئاسان نەبوو، ئەوسا کچ، بەتایبەتی لە ماڵێکی ئایینیدا، چوونی بۆ بەر خوێندن ئەستەمبوو. بە هیمەتی برا گەورەکەم توانیم دەست بە خوێندن بکەم، کە تەنیا سێ ساڵمان جیاوازی هەبوو.
ئەم چوونە بەر خوێندنەم بەسەرهاتێکە: لە منداڵیمدا زۆربەی ئەرکی ماڵم لەسەر شان بوو، بەتایبەتی وەک بەردەستیی دایکم و نەنکم، بەبێ وچان ئەرکیان بەسەردا دەدام.

کەشی ژیانی خێزانیتان چۆن بوو، ئایا لە ماڵەوە توند بوون لەگەڵت؟
لەبەرئەوەی لە ماڵەوە تەنیا کچ بووم، بەردەست و خزمەتکاری هەموویان بووم. لە ترسی کاکە حەمەم نەمدەوێرا وەک کچی تر بچمە دەرەوە، بە قژڕاکێشان دەیهێنامەوە ماڵەوە، ئیتر منیش لە ترسی لێدان فێر بووبووم ئەو هێڵە سوورەم زۆرکەم دەبەزاند. هەرچەندە تاڕادەیەک لە پەروەردەکردن تووندبوون، بەڵام پڕبوون لە سۆز و خۆشەویستی.
پاشان تەمەنم هەڵکشا و زۆر قەڵەو، کورتەباڵا و بەهێزبووم، ئیش و ئەرکم زیاتر بووبوو لەچاو منداڵیدا، هەموو کارەکان لام ئاسانتر بووبوو و باوەڕیان زۆر پێم هەبوو، وای لێهاتبوو لای دایک و باوکم لە هەر سێ براکەم لەپێشتربووم.

هیچ یادگارییەکی خۆشی ئەو سەردەمەت لەیادە؟
باوکم بە منداڵیی هەندێکجار بە ئێواران دەیبردین بۆ سینەما سیروان، یان رەشید، کە زۆر لێمانەوە نزیکبوون. ئەوکات زۆربەی جار فیلمەکان هیندی، یان فارسی بوون.

پێشتر وا باستکرد کە براکانت توندبوون لەگەڵتدا، ئەی سەبارەت بە باوکت چی؟ باوکت هەڵسوکەوتی چۆن بوو لەگەڵتان، بەتایبەتی لەگەڵ تۆ؟
دوای جیابوونەوەی نەنک و باپیرم لێمان، ئیتر باوکم بڕیاردەر و گەورەی ماڵەکە بوو، باوکم وەک هاوڕێ مامەڵەی لەگەڵ دەکردین. بۆ من پشتیوانێکی بەهێزبوو، کەم نەبوو لەو سەردەمەدا هانیدەدام بچمە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان و بەشی شانۆ، کە لەسەر ئەوە هەموو کەسوکار سەرزەنشتیان دەکردین، بەڵام باوکم پشتیوانێکی گەورە و بەهێزبوو بۆ من.

لەوبارەیەوە باوکت بۆچوونی چۆن بوو؟
تەنیا ئامۆژگاریی بۆ من، ئەوە بوو وتی "من لە ژیانمدا هەڵەیەکم نەکردووە، ئەو ناو و ناوبانگەم بەخۆڕایی کۆنەکردووەتەوە، بەرگری لەو بۆچوون و بیروڕا کۆنانەی خۆمانم رەتکردووەتەوە بۆ تۆ، تۆش دەبێت پارێزگاریی لێبکەیت و لە پشتەوە خەنجەرم لێ نەدەیت. هەروەها ئازادی لەوەی هەر کەسێک هەڵدەبژێریت وەک هاوسەر، بەس عەرەب نەبێت."

کاتێک پێشتر نەنک و باپیرت لەگەڵ ئێوە دەژیان، هیچ گرفتێک لەوەدا هەبوو بۆ ئێوە؟
نەنکم (دایە حەمە) کە باوەژنی باوکم بوو، زۆر دەسەڵاتداربوو، دەبوایە قسەی یەکەم و دوایی هیی ئەو بێت و رقیشی لە باوکم بوو. خۆی ژنێک بوو هەر خەریکی نوێژ و رۆژوو بوو، باوکیشم بە بیروڕا شیوعی بوو، زۆرجار بە باوکمی دەوت تۆ کافری، ئەو نان و ئاوەش کە تۆ پەیدای دەکەیت، حەرامە. باوکم چالاکییە حزبییەکانی بە شەو ئەنجامدەدا، بەبێ ئاگاداریی دایە حەمە دەڕۆیشت بەیاننامەکانی بڵاودەکردەوە.
شەوێکیان باوکم و دوو هاوڕێی لە ژێرخانەکەماندا کۆبوونەوەیان دەکرد و چاپەمەنییەکی بچووکیشیان هێنابوو لەبەر چرایەکی فانۆسدا کاریاندەکرد. دایە حەمە هەستی پێکردبوون کە لە کۆبوونەوەی حزبیدان، بەبێ ئاگاداریی ئێمە چووبوو خەبەری لە باوکم دابوو و پۆلیسی لەگەڵ خۆی هێنابوو. تا دەرگامان کردەوە، باوکم و هەر دوو هاوڕێکەی توانییان لە سەربانەوە رابکەن. دایە حەمە هاواری دەکرد "گوم بە مەزهەبت عەبە، بیکەرەوە ئەوە پۆلیسم بۆ هێنایت، شیوعی کافر دەهێنیتە ماڵەکەمان." ئێمەی منداڵ لەترسا هەڵدەلەرزین، دایکم وتی "ئەمشەو نەهاتووەتەوە." پۆلیسەکان بەزەییان بەئێمەدا هاتەوە، وازیان لێهێناین و رۆیشتن. ئەم باوەژنەی باوکم لەگەڵ دایکیشمدا زۆرخراپ بوو، چەندینجار لێیدەدا و خەڵک لەژێر دەستیان دەردەهێنا.
ئەمانە کاریگەریی زۆریان هەبوو لەسەر ژیانی من، هەندێکجار هەستدەکەم بەمنداڵی خۆشیم نەبینیوە.

بۆچی پێتان دەوت دایە حەمە؟
لەبەرئەوەی حەمەی برامی زۆر خۆشدەویست و نازێکی زۆری دابوویە.

خوێندنی ناوەندیت لە چ خوێندنگەیەک بوو؟
دوای دەرچوونم لە خوێندنگەی (صدیقە) کە ئێستا ناوی (نیشتمانی سەرەتایی کچان)ە، چوومە پۆلی یەکی ناوەندیی کچان لە تەنیشت مزگەوتی گەورە. تا پۆلی سێی ناوەندی لەو بینایەدا بووین، دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ خانوویەکی سێ نهۆمی لای گردی سەیوان کە ئێستا ئامادەیی کچانە.

لە قۆناغی ناوەندیدا بەشداریی هیچ چالاکییەکی رێکخراوەیی و سیاسیت کردووە؟
لە پۆلی سێی ناوەندی بووم چەند خوێندکارێک ئێمەیان کۆکردەوە و باسیان لە دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان دەکرد کە بە نهێنیی کاربکەن، هەر لەو رۆژەشدا دەستەی دامەزرێنەریان دانا و یەکەم کۆبوونەوەمان لە ماڵی (یەکێک لە خوێندکارەکان) بوو لە گەڕەکی قەزازەکان. هەستی نەتەوەییمان ورووژابوو نەماندەتوانی خۆمانی لێدووربخەینەوە، هەرچەندە باوکم زۆر ئامۆژگاری دەکردین کە دوورکەوینەوە لە کاری رێکخراوەیی و حزبی، چونکە خۆی زۆر ماندووبوو لەو بوارەدا و تووشی ئازاری زۆر هاتبوو و چەند جارێک گیرابوو.

دەتوانیت باسی چالاکییەکی ئەو سەردەمەی قوتابیان بکەیت؟
جارێکیان وتیان عەبا و پەچە بپۆشن دەچین بەردبارانی ماڵی پارێزگاری سلێمانی دەکەین. من دەترسام باوکم بمناسێتەوە، چونکە بە بەردەم دوکانەکەی ئەودا تێدەپەڕین، بەڵام چووین و ئەو کارەمان ئەنجامدا. وامدەزانی باوکم نەیناسیومەتەوە، بەڵام کە گەیشتمەوە ماڵەوە، گلەیی و گازندەی لێکردم کە سەرپێچی قسەکانیم کردووە. منیش پێم راگەیاند "جەنابت فێری نیشتمانپەروەریت کردووین، باوەڕت بە من هەبێت هیچکات ناهێڵم قسەیەکت بێتە سەر و هەڵەیەکی لەکەدار بکەم." بەم قسانە ئاشتمکردەوە و نیمچە رەزامەندیەکیشم بۆ بەردەوامبوونم دەستکەوت.

تۆ وتت باوکت شیوعی بوو، وەک دەزانین لەو سەردەمەدا کێشەی زۆر هەبوو لەنێوان لایەنگران و چالاکوانانی حزبی شیوعی و پارتیدا، ئەوە هیچ گرفتێکی بۆ ئێوە دروستکردبوو؟
لەو سەردەمەدا کێشەی نێوان پارتی و شیوعی زۆربوو، گەڕەک دەیانزانی باوکم شیوعییە، مانگی وا هەبوو دووجار دەگیرا. ماڵە پارتییەکان منداڵەکانیان بەردیان دەکێشا بە دەرگاماندا و جنێوی ناشیرینیان دەدا، بەڵام باوکم فێری کردبووین کە وەڵامیان نەدەینەوە. 
ئەو کاتە ماڵی باپیرم لێمان جیابووبوونەوە، دەنا لەو باوەڕەدا بووم کە نەوێرن لێمان نزیکببنەوە، چونکە دایە حەمە زۆر بەهیمەت بوو، کەس نەیدەوێرا رووبەڕووی بێتەوە، تەنانەت پیاوانیش لێی دەترسان نەک تەنیا ژنان.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم؛ لەو کاتانەی پۆلیس دەهاتن بەدوای باوکمدا، ئەگەر باوکم لە ماڵ نەبوایە، من بەپەلە رامدەکردە دوکانەکەی و ئاگادارم دەکردەوە.

ئێستا هیچ یادگارییەکی باوکت وەک دارتاشێک لاماوە؟
نەخێر، تەنانەت تەپڵەکێکیشیم لا نییە، چونکە هیچی بۆ ماڵەوە نەدەکرد.

بژێویتان لە چ ئاستێکدا بوو؟
لەو کاتانەی باوکم لە حزبدا زۆر چالاکبوو، کەمتر کاری دارتاشیی دەکرد. ئەرکی زۆر کەوتبووە سەر دایکم، دروومانی دەکرد بۆ ئەوەی بژێویمان دابینبکات، ئەوە جگە لە ئەرکی ناوماڵی ئەوساش. ئیتر وردەوردە دایکم کەوتە بۆڵە، چونکە زۆر ماندووبوو، ئیتر باوکم لە چالاکیی حزبی دوورکەوتەوە، بەڵام بە بیروباوەڕ هەرگیز کاڵ نەبووبووەوە. هەرچەندە لەسەر هاوڕێیەکی کەمێک دڵی رەنجا لە حزب؛ دوای ئەوەی ئەو هاوڕێیەی کۆچی دوایی دەکات، داوا لە حزب دەکات هاوکاریی خێزانەکەی بکەن، بەڵام ئەوان هاوکارییان نەکردبوون.  

با بێینەوە سەر باسی خوێندن، بەسەرهاتی چوونت بۆ کۆلێجی هونەرە جوانەکان بەشی شانۆ چۆن بوو؟
کە لە پۆلی سێی ناوەندی دەرچووم، چووم بۆ ئامادەیی بەشی زانستی. ئەوسا ئامادەیی زۆر قورس بوو، لە یەکەم خولی تاقیکردنەوەی پۆلی پێنج (ئەوسا ئامادەیی تەنیا تا پۆلی پێنجەم بوو، واتە دوو ساڵ بوو نەک سێ ساڵ)، لە 22 خوێندکار تەنیا یەکێکمان دەرچوو. 
هەر ئەوکاتیش کوڕانیان دەهێنا بۆ هۆڵی تاقیکردنەوە بە دەستی کەلەپچەکراوەوە، لەسەر مێزی تاقیکردنەوەکە کەلەپچەکەیان دەکردەوە و پۆلیسێک لە پشتییەوە دەوەستا تا تاقیکردنەوەکەی تەواو دەبوو، دواتر دەیانبردەوە بۆ بەندیخانە. باری سیاسیی شار زۆر شڵەژاو بوو بەهۆی چالاکیی پێشمەرگەوە، چەندین جار کە دەچووین بۆ خوێندنگە، هێشتا لاشەی کوژراوەکان هەر لەو ناوە بوون. 
دواتر بە تاقیکردنەوەی دەرەکی و بە کۆششێکی زۆر، لە ساڵی 1968 دەرچووم و چوومە بەغدا. دوای تاقیکردنەوە، لە کۆلێجی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەشی هونەری شانۆ وەرگیرام.

بەهۆی نمرەکانتەوە چوویتە بەشی شانۆ، یاخود ئارەزووی خۆت بوو بۆ ئەو بوارە؟
زۆر حەزم لە شانۆ بوو، هەروەها دایکیشم ئارەزووی لێبوو، بەیەکەوە دەچووینە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان، هۆڵی هەبوو، رەفیق چالاک نمایشی شانۆیی تێیدا دەکرد. 

پێموایە تاکە کچە کورد بوویت بچیتە ئەو بەشە، ئەی هیچ کچێکی عەرەبت لەگەڵ بوو، یان تەنیا تۆ بوویت؟
بەڵێ، من یەکەم کچی کوردبووم ئەو بەشە تەواوبکەم. پێش من دوو کچی عیراقی دەرچووبوون، کە یەکێکیان کریستیان بوو بەناوی (سومەیە). لەگەڵ من چوار کچی عەرەبیش وەرگیران، بەڵام لە پۆلەکەماندا خۆم تەنیا کچبووم و هیچ کوڕێکی کوردیشم لەگەڵ نەبوو.

لە زانکۆ ئاستت چۆن بوو؟ لەو غەریبییەدا کێ هاوکار و هاندەرت بوو؟
چوار ساڵی زانکۆم بەسەرکەوتوویی بەسەربرد، بەرهەمێکی زۆرم هەبوو. مامۆستایەکم هەبوو بەناوی ئیبراهیم جەلال، بە راستی وەک باوکێکی دڵسۆز، مامۆستایەکی لێهاتوو و خەمخۆر لە یەکەم رۆژی زانکۆوە هانیدەدام و دڵنیای دەکردم و رێنیشاندەرم بوو، لە هەموو هەڵسوکەوتێکم لەناو پۆل و دەرەوەی پۆلیش، بە هەموو شێوەیەک دەیویست چالاکبم. تەنانەت کە خۆشم بووم بە مامۆستای پەیمانگە، کاریگەریی ئەو مامۆستایە هەر بەسەرمەوە بوو. هەمیشە وتە بە نرخەکانی و هەڵسوکەوتی بەرزی لەگەڵ خوێندکاران بە کوڕ و کچەوە، لەگەڵمدا دەژیا و لەسەر هەمان رێچکەی ئەو دەڕۆیشتم لە کاتی مامەڵەکردنم لەگەڵ خوێندکارەکاندا.

ئێوە ئەو چەند کچەی کە لە بەشی شانۆ بوون، چۆن دەتانتوانی لەناو ئەو هەموو خوێندکارە کوڕانە و مامۆستاکاندا هەڵبکەن؟
ئەوسا مامۆستایانی زانکۆ وەک باوک رەفتاریان دەکرد، مامۆستای نموونەیی، جگە لە وانەوتنەوە؛ هاندەر و رێنیشاندەریش بوون. دەیان بەسەرهاتی گرنگم لایە کە لە بیرەوەرییەکانی خۆمدا ئاماژەم پێکردوون، لەوانە: جارێکیان مامۆستایەکمان بە ئۆتۆمبێلی خۆی کە خێزانەکەشی هێنابوو، هات بەدواماندا بۆ بەشی ناوخۆیی کچان بۆ ئەوەی بمانبات بۆ شانۆگەرییەک کە لە هۆڵی خولد بوو، بەناوی شانۆگەری رەش (مسرحیة السودا‌ء)، نمایشێکی چیکۆسلۆڤاکی بوو، کاژێر (9)ی شەو بوو، وەک باوکێک بەرپرسیارێتی هەڵگرتبووین. ئەوسا ئێمە هەرگیز لەو جۆرە نمایش و شوێنانەمان نەبینیبوو، چونکە سیستمی بەشی ناوخۆییەکان لە ئێوارەوە چوونەدەرەوە قەدەغە بوو و تەنیا بە نامەی فەرمیی زانکۆ دەمانتوانی بەشداربین.
سەبارەت بە خوێندکارانیش، زۆر کەم هاوڕێی جگە لە کوردم هەبوو، کوردەکان لە زانکۆی ئەو سەردەمە وەک خوشک و برا وابووین و یەکترمان دەپاراست.

رووبەڕووی توانج یان کێشە و گرفت دەبوونەوە؟
چەندین جار تووشی شەڕ بووم لەسەر تانەیەک یان توانجێک. مامۆستا ئەحمەد سالار دەهات دەیوت "دادە گیان، بۆ خاتری خوا شەڕمان بۆ مەنێرەوە، بەرگەی شەقی ئەو هیچوپووچانە ناگرین."

ئێوە ئەو خوێندکارە کوردانەی کە لە بەغدا دەتانخوێند، چۆن بژێویتان دابیندەکرد؟
ئێمە هەندێک خوێندکاری کوردبووین هەم لە ئەکادیمی، هەم لە کۆلێجی پەروەردە، بژێویمان لە ئاستێکی نزمدا بوو، پێویستمان بە هاوکاریی مادی هەبوو، هەر بۆیە روومانکردە ئێستگەی کوردی لە رادیۆی بەغدا و لەگەڵ (ئەحمەد سالار، شەماڵی عەبەڕەش، فازیل قەساب) و کۆمەڵێکی تر لە خوێندکاران تیپێکی نواندنمان پێکهێنا. گرووپەکەمان ناونا (نواندن و هەمەڕەنگ)، بەیەکەوە (63) درامای ئێستگەییمان بە زمانی کوردی تۆمارکرد. هەر یەکەمان مانگی (20) دینارمان وەردەگرت، هاوکارییەکی زۆرباش بوو بۆ ئێمە وەک خوێندکار.

باسی هەندێک لە کارەکانت و سەرکەوتنەکانی ئەو قۆناغەتم بۆ بکە...
هەر لە زانکۆوە کەوتینە نمایشی شانۆ. لە قۆناغی سێی ئەکادیمی، لە نمایشێکی شانۆییدا بە ناوی (عرس الدم)، رۆڵی ژنێکی پیری تەمەن (90) ساڵم دەگێڕا، رۆڵەکەم سەرنجی بینەرانی راکێشابوو، لەو نمایشەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچم وەرگرت.
لە قۆناغی چواریش، لەگەڵ خوێندکارانی بەشی کوردیی کۆلێجی پەروەردە، یەکەم فێستیڤاڵی شانۆگەریی کوردیمان لە زانکۆی بەغدا کۆلێجی پەروەردە سازدا، لە رۆژێکدا حەوت شانۆگەریمان پێشکەشکرد.
پرۆژەی دوایین ساڵیشم بەناوی شانۆگەری (اصدقا‌ء)، بوو بە باشترین پرۆژە.
هەر لەو ساڵانەدا شانۆگەری (نەفرەتلێکراو)، کە لە بەرهەمی مامۆستا (تەلعەت سامان) بوو، بە زمانی عەرەبی بەشداریم تێداکرد و دواتریش کرا بە زمانی کوردی و لە تەلەڤزیۆنی بەغدا بەشی کوردی تۆمارکرا. لەو شانۆییەدا رۆڵی خواوەندی سۆزم دەبینی. 
سەرەڕای ئەوەی ئەکتەربووم، بەڵام رۆڵی دەرهێنەریشم زۆر بینیوە.

باسی بەسەرهاتێکی خۆشم بۆ بکە کە کاتی نمایش رووبەڕووت بووەتەوە...
جارێکیان لە شانۆگەرییەکدا رۆڵی پیاوم دەبینی، سەرۆکی شارەوانی بووم و دەبوایە جلەکانم پیاوانە بوایە، بەڵام پێڵاوەکەم هەر ژنانە بوو. پێش دەستپێکردنی شانۆییەکە، وتیان "چاوت لە قاچت نییە چیت لەپێدایە!" لەو کاتەدا کەسم دەستنەکەوت جگە لە فەرەیدون دارتاش، یەکسەر پێڵاوەکانیم وەرگرت و پێڵاوەکەی خۆم دایە. دوای نمایش خەڵک هاتنە سەر شانۆ بۆ پیرۆزبایی، گوێم لێبوو یەکێک لە خوارەوە هاواری دەکرد کوا بەدیعە؛ دیمەنێکی زۆر نامۆ و پێکەنیناوی بوو، کاک فەرەیدون لە خوارەوە بە پێڵاوی پاژنەبەرزی ژنانەوە دەسووڕایەوە.

پەیوەندیتان لەگەڵ بەشەکانی تر چۆن بوو؟
ئێمە وەک بەشی شانۆ، پێویستییەکی زۆرمان بە بەشەکانی تری وەک موزیک و شێوەکاری هەبوو، زۆر پەیوەندییەکی قووڵمان هەبوو و بەبێ ئەوان نمایشەکانمان پڕ دەبوو لە کەموکوڕی.

پەیوەندیتان لەگەڵ مامۆستاکان چۆن بوو؟
پەیوەندیمان زۆرباش بوو، خاوەنی هەمان هەڵوێست بووین لە رووی خۆشەویستیی خاک و نیشتمانەوە، بەتایبەتی هەموو مامۆستا کوردەکان، زۆرجار بەیەکەوە بانگ دەکراین بۆ ئەمن و کۆبوونەوەی بەرپرسانی بەعسی ئەوسا، بەڵام ئێمە ملمان بۆ کەچ نەدەکردن و بەرپەرچمان دەدانەوە.

کەی زانکۆت تەواوکرد؟ دوای ئەوە چیتکرد؟
لە ساڵی972 - 1973 بڕوانامەی کۆلێجی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا بەشی شانۆم بەدەستهێنا. ئەو ساڵە بەهۆی باری ئابوورییەوە دامەزراندن نەبوو، ناچار روومکردە چالاکیی قوتابخانەکان. مامۆستا ئەنوەر تۆڤی سەرۆکی چالاکیی قوتابخانەکان بوو، هەرچەند خۆی شێوەکار بوو، بەڵام کاری شانۆشی دەکرد. پێموت کە حەزدەکەم کاربکەم. زۆری پێخۆش بوو و وتی "زۆرباشە، من شانۆگەری (بازرگانی ڤینیسیا) دەردەهێنم، تۆش وەرە یاریدەدەرم بە، رۆڵی پۆرشیاش ببینە." ئەو شانۆگەرییە شەش رۆژ لە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان نمایشکرا، زۆرترین خوێندکار ئامادەبوون. لە دوای ئەوە، مامۆستا سامی حسێن نازم، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە بوو، ویستی پاداشتم بداتێ، بەڵام من نەمویست. وتی: "ئەی چیت بۆ بکەم؟" وتم: "کارێکم دەوێت، ئەگەر بێبەرانبەریش بێت، هەر ئامادەم بۆ ئەوەی لە ماڵەوە نەبم." ئیتر وەک وانەبێژ لە ئامادەیی سلێمانیی کچان دامەزرام.

کەی دامەزرایت؟
ساڵی دوای ئەوە. هەر لە هەمان ئامادەیی دامەزرام، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەوێ کارمکرد و دوایین سێ ساڵی بووم بە یاریدەدەری بەڕێوەبەر. 

لەو ماوەیە لەوێ کارتکرد، شانازیی بە چ شتێکەوە دەکەیت و هەردەم لە یادتدا ماوە؟
ئەوەی لەو ماوەیەدا لە هەمووی گرنگترە بە لای منەوە و شانازیی پێوەدەکەم؛ بەشداربوونی زۆربەی خوێندکارانی ئامادەیی سلێمانیی کچان بوو لە فێستیڤاڵەکانی بەغدا، موسڵ و هەولێر، کە پلەی یەکەمیان بەدەستدەهێنا.
سەرەڕای دەرهێنانەکان، چەندجارێک خۆشم لەو نمایشانەدا رۆڵم دەبینی. جگە لەو شانۆگەرییانەی ئەو کاتەی لە ئامادەیی سلێمانی بووم، دوو ئۆپەرێتی گەورەشم بۆ فێستیڤاڵەکانی هەولێر و بەغدا کرد، هەردوو ئۆپەرێتەکە بەپلەی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عیراق دەرچوون. هەرچەندە ئۆپەرێتی (کەژاوەی مێژوو) کێشەی سیاسیی زۆری بۆ دروستکردم و پرسیاری زۆریان لەبارەیەوە لێکردم، کەسیش لەوانەی هاوکارمبوون خۆیان نەکرد بە خاوەنی، هەمووی بەتەنیا رووبەڕووی من کرایەوە. بەڕێوەبەری پەروەردە هەرچەندە بەعسیش بوو، بەڵام توند نەبوو لەگەڵم، تەنیا بوو بەهۆی سەرنجڕاکێشان و رێگریی لە نمایش و کارکردنم.

ئەو کاتەی گەرمەی سەردەمی خۆپیشاندان و پشتگیری لە شۆڕش بوو، چییان لە بەرانبەرتان دەکرد؟
پیاوانی بەعس دەهاتن بە ئاشکرا دەکەوتنە گرتن و لێدانی خوێندکارەکانمان. هەرگیز لەیادم ناچێت کوڕێکی رەوشتبەرز کە ناوی (بارزان) بوو و لە بەشەکەی مندا بوو، بەڕێوەبەر ناردی بەدوایدا، دەمزانی ئەو کوڕە خەریکی چالاکیی بوو، بەیاننامەی نهێنیی دەخستە ژێر دەرگاکان. بەرزان هەر نەهاتەوە، بە خوێندکارەکانم وت کە هێمنی بپارێزن و ئێستا دێمەوە، بینیم دوو جەللاد دەیبەنە دەرەوە، چاوێکی لێکردم و وتی "مامۆستا ئێستا دێمەوە." بەڵام بەداخەوە بردیان و کەس نەیبینییەوە، تەنانەت تەرمەکەشی کەس نەیبینییەوە.

پەیمانگەی هونەرە جوانەکان چۆن دامەزرا؟
من یەکێک بووم لە دەستەی دامەزرێنەری ئەو پەیمانگەیە، کە لە 3ی تشرینی یەکەمی 1980 لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی عیراق - ئێران کرایەوە. لە دەستپێکی پەیمانگەکەدا، شوێنمان نەبوو خوێندکار وەربگرین، لە قوتابخانەی گۆیژەی سەرەتایی ژوورێکمان وەرگرت کە تەنیا دوو کورسی و یەک مێزی رەشی تێدابوو، بۆ هەر بەشە (20 – 25) خوێندکارمان وەرگرت. هەرچەندە کردنەوەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان خەونێک بوو، بەڵام بەهۆی شەڕ و رژێمی بەعسەوە، دووچاری ئازار و مەینەتیی زۆر بووین.

ئەی یەکەم شوێنی خۆتان کوێ بوو کە دەوامتان لێکرد؟ پاشان لە کردنەوەی پەیمانگەیەکی لەو شێوەیەدا بێگومان گرفت و کەموکوڕیی هەر دەبێت، کێشە و گرفتە بنەڕەتییەکانتان چی بوون؟
یەکەم دەواممان لە هەوارەبەرزە بوو، ئەوسا زۆر دوورەشار بوو، تەنیا دوو بەشمان هەبوو. دواتر چووینە قوتابخانەی رەنگینی کچانی ئێستا، بەداخەوە هیچ مەرجێکی پەیمانگەی تێدا نەبوو.
ئێمە هیچمان زانیارییەکی ئەوتۆمان نەبوو لە ئیدارەدانی پەیمانگە، هەرچەندە من سێ ساڵ جێگری بەڕێوەبەر بووم، بەڵام پەیمانگە جیاوازبوو، بە گشتی کێشەی بەڕێوەبردن لە بەشەکان هەبوو، بۆیە دوو جار چووم بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شاری موسڵ بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری، هەروەها چووشم بۆ بەغدا بۆ هەمان پەیمانگە، سوودم لەوانیش وەرگرت.

لە پشتگیریکردنی مانگرتنی خوێندکاراندا بەشداریتانکرد؟
بەڵێ، ئێمە بۆ ئەو پشتگیرییە چوار رۆژ مانمان گرت.

بیستوومە کە سکاڵات لەسەر پارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی (شێخ جەعفەر) تۆمارکردووە، ئەو بەسەرهاتە چۆن بوو؟
بەڵێ راستە، لەسەر گوللەبارانکردنی ئەو چوار شەهیدە بێتاوانەی لەبەردەم ناوەندیی رۆشنبیر ئەنجامدرا، کە لە کاژێر (12:30) خولەکی نیوەڕۆی 17ی کانوونی یەکەمی 1985 بوو. هەرگیز ئەو دیمەنە خەمگین و دڵتەزێنەم بیرناچێتەوە. دواتر ئەمەریکییەکان بانگیانکردم و بەدواداچوونیان بۆ قسەکانمکرد، پاشان بووم بە شایەت بەسەر سەدامەوە.

ئەو کارانە کامانەن کە بۆ خوێندکارەکانت ئەنجامتداون و ئێستاش شانازییان پێوەدەکەیت؟
زۆر بەختەوەرم کە لە ژیانی مامۆستاییمدا دەیان خوێندکارم لە مردن رزگارکردووە، ئەگەر بمبیستایە بەدوای یەکێک لە خوێندکارەکانمەوەن، گەڕەک بە گەڕەک و کۆڵان بە کۆڵان دەچووم ئاگادارم دەکردەوە بۆ ئەوەی نەیەتەوە بۆ دەوام.
تەنانەت هەوڵمدەدا شوێن و رێگە بۆ خوێندکارە کچەکان دابینبکەن و رۆژانە بۆ بەشێکیان خواردن و نانم بۆ دروستدەکردن. خوێندکاری زۆر هەژارمان هەبوو، هەبوو پارەی پاسی پێ نەبوو لە سەرچنارەوە بە پێ دەهات و منیش بە هاوکاریی باوکم کە پارەی لە دوکاندار و ناسیاو کۆدەکردەوە؛ بە پسووڵە دەمدا بە خوێندکارەکان.

ئەگەر لەبیرت بێت، چەند کاری هونەرییت لەناو پەیمانگە ئەنجامداوە؟
زۆرن، ئەوەی لەبیرمە (15) دەرهێنانم کردووە و هەمووشیان نمایشکراون.

ئەی ئەوانەی لە دەرەوەی پەیمانگە کردووتن؟
ئەوانیش زۆرن، (11)یانم لەبیرە. بەداخەوە، بیرم لەوە نەکردبووەوە کە هەموویان دۆکیۆمێنت بکەم، بەڵام ئەوانەی باسمکردن، هەموویانم بە وردیی لەبیرە. بە کۆی گشتی نزیکەی (65) نمایشن، لە دەرهێنان و نواندن و ئامادەکردن.


بێگومان خەڵات و رێزلێنانی زۆرت هەیە، لای تۆ بایەخیان چییە؟
دڵم زۆر پێیان خۆشە، ئەو خەڵاتانەی لە کوردستان و دەرەوە وەرمگرتوون؛ بچووکترینیان ناگۆڕمەوە بە هەموو سەروەتی دنیا. هەر رێزلێنانێک، ماندووبوونێکی زۆری ویستووە و دەیان بیرەوەریی جوانی لەپشتەوەیە.
بۆ نموونە؛ خەڵاتی زێڕینی یەکەم ژنی کوردم وەرگرتووە، لە ئێران لە فێستیڤاڵی چەسنوارەی سەقز، زۆر شانازیی پێوەدەکەم و ناوبەناو لە ملی دەکەم.

لە کتێبەکەتدا وێنەیەکت هەیە لای پەیکەرەکەتەوە کە لە پارکی ئازادییە، کێ ئەو پەیکەرەی بۆ کردوویت؟
هێرۆ خان، خانمی یەکەمی عیراق، کە بە لای منەوە جوانترین خەڵاتە کە ئەو پەیکەرەی بۆ کردووم.

لە کۆتاییدا دەمەوێت پرسیارێکی تایبەت و کەسیت لێبکەم، هۆی چی بوو کە هاوسەرگیریت نەکرد؟
زۆر دڵنیانیم لەوەی کە ئایا نیسب نەبوو، یاخود خۆم خواست و مەبەستم نەبوو، چونکە دەترسام لەوەی نەوەکوو پیاو لە کاری شانۆگەری رێگریم لێبکات. هەموو ژیانی خۆم بۆ هونەر تەرخانکردبوو، چونکە کاردانەوەی باوکم بینیبوو بەرانبەرم، هەموو ئێوارەیەک لەسەر دواکەوتن، دوای دەوام باوکم سەرزەنشتی دەکردم و دەیوت "بووکەکەم دوو دەوام دەکات و دێتەوە ماڵەوە کەچی تۆ هەر دوادەکەویت." دەشیزانی لە دەوامم. 

بۆچی وا درەنگ دەڕۆیشتیتەوە؟
بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بووم، هەموو تەمەنم لە پەیمانگە بەسەربرد. چاوەڕێ دەبووم تا دوایین خوێندکار دەڕۆیشتەوە، نەوەک قسەیەکیان بێتە سەر، بەتایبەتی بەشی سیرامیک و شێوەکار، کە ئەوان بەهۆی کارەکانیانەوە بە ناچاریی دەبوایە بمێننەوە. 

ئەی ئێستا لەگەڵ کێ دەژیت؟
بەتەنیا دەژیم، بەڵام براکەم لە نهۆمی خوارەوەن لەگەڵم.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە