کوردستانی

کاری میدیا رێکدەخرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کاری میدیا رێکدەخرێتەوە
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

سەبارەت بە رووماڵی رووداوی کوشتن، خۆکوژی و کێشەکۆمەڵایەتییەکان، ئەندامیکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێشنیازە یاسایەکمان گەڵاڵەکردووە لەسەر رێکخستنەوەی کاری میدیا و بەم نیزیکانە دەیدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

گوڵیزار رەشید حاجی، ئەمدامی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە رووماڵی رووداوە هەستیارەکانی وەک کوشتن و خۆکوژی، بە مەودا میدیای راگەیاند "پێشتر پێشنیازە یاسایەکمان لەسەر رێکخستنەوەی کاری میدیای گەڵاڵەکردووە و رۆژی چوارشەممەی رابردوو لیژنەی رۆشنبیری کۆبووینەوە و گفتۆگۆمان لەبارەوە کردووە، هەمووان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی بیدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی کارەوە و دانیشتنی تایبەتی لەسەر بکرێت و بکرێتە پرۆژەیاسا".

ئەو ئەندامەی لیژنەی رۆشنبیری دەشڵێت "جگە لەوەی میدیاکان پێش دادگە و دادوەرەکان حکوم لەسەر رووداوەکان دەدەن و زۆرجار رای گشتی بەهەڵە دەبەن، سەرەڕای ئەوەی زۆر ناپیشەیی و نا ئیتیکییانە مایکێک دەبەنە بەردەم خاوەنی پرسە و رووداوەکە و بە خوێنساردییەکەوە لە خاوەن کوژراو دەپرسن هەستت چۆنە کوڕەکەت یان کچەکەت کوژراوە؟، ئەمە زۆر ناشرینە و پێویستە رابگیرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو پێشنیازە یاسایەی گەڵەمانکردووە بەشێوەیەکی زۆرباش کاری میدیا رێکدەخاتەوە و ئەو فەوزایەی ئێستا هەیە کەمدەکاتەوە"، وتیشی "بەداخەوە ئەو دیاردەیە وەک نەخۆشی وایە زۆربەی میدیا فەرمی و بەناو پرۆفیشناڵ و پێشکەوتووەکانیشی گرتووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک رەچاوی بارودۆخی قوربانی ناکەن و هیچ هەست بە بەرپرسیارێتی پێشەیی ناکەن".

ر. ئ
Qaiwan
Qaiwan