راپۆرت

لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا چۆن هەمووان براوە بوون، كوالیسی رووداوەكە چۆن بوو؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا چۆن هەمووان براوە بوون، كوالیسی رووداوەكە چۆن بوو؟
مەودا میدیا- گۆران قادر

دوای ململانێیەكی زۆر و رێك نەكەوتنی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار، لە كۆتاییدا ئاسانتر لەوەی چاوەڕواندەكرا سەرۆك كۆمارێك بە خواستی هەمووان هەڵبژێردرا كە تیایدا زۆرینەی لایەنەكان بە ئێران و لایەنی شیعە و سوننەوە خۆیان بە براوەی پرۆسەكە دەزانن، بۆ ئەمەش هەر لایەنە و هۆكاری خۆی هەیە، كە لەم راپۆرتەدا باسی دەكەین، لەگەڵ هۆكاری كەوتنی سەرۆك كۆماری پێشوو.

كوالیسی رووداوەكە چۆن بوو؟
ئەوەی ئێستا روودەدات دەگەڕێتەوە بۆ كشانەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، چونكە كشانەوەكەی وای كرد كە ئێرانی و چوارچێوەی هەماهەنگی دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت بە ویستی خۆیان مانۆڕی سیاسی بكەن، ئەمە جگە لەوەی هاوپەیمانەكانی پێشووی سەدر (بارزانی و حەلبوسی) بیر لە رێكەوتن لەگەڵ لایەنەكان بكەنەوە و بە دیدێكی نوێوە بچنەوە ناو پرۆسەی سیاسی، ئەوە بوو ئێران و چوارچێوەی هەماهەنگی هەر زوو ئەم دەرفەتە ئاڵتونەیەیان قۆستەوە،كاندیدی خۆیان كە تاقیكراوەتەوە و رەتكراوەی سەدر بوو، پێشكەش كرد كە ئەویش (محمد شیاع سودانیە)، هەروەها بۆ مسۆگەر كردنی ڕاسپاردنی بە پێكهێنانی حكومەت، پشتگیریان لە كاندیدی یەدەگی یەكێتی كرد، كە د. لەتیف رەشیدە، چونكە پێشتر ئەزموونیان لەگەڵ د. بەرهەم  ساڵح هەیە كە كاندیدی دڵخوازی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپارد نەك كاندیدی ئەوان، بۆیە پشتگیریان لە مانەوەی بەرهەم ساڵح نەكرد، ئەمە جگە لەوەی پشتگیری لە لەتیف رەشید رازیكردنی ویستی بارزانی و هەڵدانەوەی پەڕەیەكی سپییە لە نێوانیان، بەو پێیەی پێشتر ناكۆكی قوڵ لە نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق هەبوو، تەنانەت مالیكی بە عەرابی بڕینی موچەی هەرێم تۆمەتبار دەكرا، بەم هەنگاوە چوارچێوەی هەماهەنگی ویستی خۆی بەدیهێنا و نەیارەكەی پێشووی كردە دۆستی خۆی، بە هەڵبژاردنی كاندیدێكی نزیك لە بنەماڵە، دڵی یەكێتیشی بۆلای خۆی ڕاكێشا،ئەم كارە ڕێك ئەوەبوو كە ئێرانیەكان دەیانویست،چونكە كورد ڕازی دەكەن و نەیاری خۆشیان كە مستەفا كازمی لەگەڵ دۆستی ئەمریكیەكان كە بەرهەم ساڵحە لە پۆست دووردەكەونەوە.

ئەوەی لەم نێوەندە بووە قوربانی بەرهەم ساڵحە بە پلەی یەكەم و پاشان مستەفا كازمییە، لە راستیدا بەرهە ساڵح لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی دووخرایەوە، یەكەمیان  بۆ ئاشت كردنەوەی پارتییە، دووەمیشیان بۆ دوورخستنەوەی تەواوی مستەفا كازمیە، چونكە ئەگەر بكرایەوە بە سەرۆك كۆمار نزیك بوو جارێكی دیكە كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕراسپاردایەتەوە، بێگومان ئەمەش دوای ململانێیەكی زۆر و ناچاركردنی لایەنەكان بەوەی كازمی وەك كاندیدی هاوبەش و بێلایەن حكومەت پێكبهێنێت.

چۆن هەمووان براوە بوون؟
ئەوەی بۆتە جێی سەرنجی رای گشتی و تەنانەت چاودێرانی سیاسی ئەوەیە، كە هەمووان خۆیان بە براوەی پرۆسەكە دەزانن خۆ بە براوە زانینی لایەنەكانیش بەشێك لە حەقیقەت و بەشێك لە خۆدزینەوەی لە شكستی تێدایە، چونكە لە بنەمادا كاندیدی دڵخوازی یەكێتی و پارتی  هیچیان سەركەوتوو نەبوون، كەواتە لەم رووەوە هیچ لایەنكێكیان سەركەوتوو نەبوون،هەر ئەم سەرنەكەوتنی هەردوو لایە وا دەكات كە هەردوو لایەن خۆیان بە براوە بزانن،چۆن؟ پارتی ڕێگای نەدا بەرهەم ساڵح سەركەوتوو بێت، یەكێتیش هەردوو كاندیدی پارتی"شكاند"، واتە هەردوو لایەن سەركەوتوو بوون، سەركەوتنی لەتیف رەشیدیش بۆ یەكێتی سەركەوتنە بەو پێیەی هەموو تەمەنی لەناو یەكێتیدا كاری كردووەوە، هاوسەری شانازی ئیبراهیم ئەحمەدە، بۆ پارتیش سەركەوتنە كە كاندیدی خۆیان كێشایەوە و پشتگیریان لە لەتیف رەشید كرد.

بەرهەم ساڵح لە شكستەوە بۆ سەركەوتن:
بەرهەم ساڵح ئێستا لە شكستدایە، خاڵی لاوازیشی ڕەتكردنەوەیەتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان،بەڵام هەر ئەم رەتكردنەوەی لە داهاتوودا دەكرێت وەك خاڵی بەهێز سودی لێوەربگرێت،چۆن؟
لە ناوچەی زۆنی سەوز هەر كەسایەتییەك دژی سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری كردبێت و گوتاری دژ بە ئەوان بووبێت، كێرڤی جەماوەری زۆر بەرز بۆتەوە، بۆ ئەمەش نموونەی ( لاهور شێخ جەنگی)مان هەیە، كە نەیاری لەگەڵ پارتی كردیە سەركردەیەكی دیار وبە جەماوەر، لێرەدا مەبەستم لە پێش ڕووداوەكانی هەشتی تەمووزە،بەرهەم ساڵحیش دەتوانێت سوود لەم خاڵە وەربگرێت، بەڵام بەو مەرجەی ئامادەسازی بۆ بكات و پێش هەموو شتێك لەگەڵ جەماوەر و بەشێك لە هاوڕێكانی ئاشت ببێتەوە، هەروەها بە فۆرمێكی نوێوە دەست بەم مانۆڕەی بكات.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان