د. ئەڤین  فەتاح حاجی مام

د. ئەڤین فەتاح حاجی مام

خوێندکاران لەنێوان بڕیاری دایباب و خواستی خۆیان لە هەڵبژاردنی کۆلێژ و پەیمانگەدا

قۆناغی دوازدەی ئامادەیی لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا یەکێکە لە قۆناغە هەستیارەکان، کە دۆخێکی تایبەتی دەروونی بۆ قوتابیان و کەسوکارەکانیان دێتەپێشەوە، هەر لە کاتی دەوام و هەوڵدان و کۆشش بۆ هێنانی نمرەی بەرز تا کاتی گەڕانەوەی نمرە و پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆ و پەیمانگەکان، لەم وتارەدا تیشکێک دەخەینە سەر رۆڵی دایباب لە هەڵبژاردنی کۆلێژ و پەیمانگە بۆ منداڵەکانیان.

‎ئەوەی تێبینیمکردووە لە ماوەی رابردوودا دایباب بەپێی پێویست رۆڵیان نەبینیوە لە هاوکاریکردنی منداڵەکانیان بۆ هەڵبژاردنی کۆلێژ و پەیمانگەکان و خواستی خوێندکاران بە کەمی لەبەرچاوگیراوە.

‎لەگەڵ ئەوەشدا رێژەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران دیدگایەکی روونیان نییە بۆ داهاتوو و ناشزانن بۆ دەبێ لەم بەشەدا بخوێنن، تەنانەت خوێندکاری وا هەیە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی زانکۆ و پەیمانگە نازانێ داهاتووی چییە. هۆکارەکەشی بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ دایباب دەگەڕێتەوە، چونکە هاوکارێکی باش نەبوون بۆ منداڵەکانیان.

‎دایبابی وا هەیە حەزدەکات منداڵەکەی لەو بەشە بخوێنێت کە خەونی خۆی بووە، بەڵام بە هەر هۆکارێک لە هۆکارەکان نەیتوانیوە و دەیەوێ لە رێگەی منداڵەکەی ئەم حەز و ئارەزووەی دابمرکێت. ئەگەریش لێی دەپرسی: بەڕێز ئەو منداڵەت باش نابێت بەو شێوە ئاراستەی بکەی»، یەکسەر وەڵام دەداتەوە: «ئەمە حەزی من بووە، بەخۆم دەزانم داهاتووی باشە».
 

بەشێوەیەکی گشتی تێگەیشتنی دایباب بۆ کار و پیشە و پسپۆڕی منداڵەکانیان جیاوازە، یانی هەموو هاوکارییەکانی دایباب بۆ ئەوەیە کە منداڵەکانیان چۆن بتوانن بە زووترین کات و بە کەمترین تێچوو ببنە خاوەنکار و هێزی کۆمەڵایەتی خۆیان، کە ئەمەش لە چەند بەشێکی زانکۆ پەیمانگەکان بەدیدەکرێت، بۆیە لە ئەنجامدا خێزان دەبنە هۆکارێک بۆ تێکدانی باڵانسی زانکۆ و پەیمانگەکان لە لایەک و لەلایەکیتریشەوە زۆربەی بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان بەبێ خوێندکار ماونەتەوە و زۆر بەشیش بە سەدان کەس داواکاریان بۆی پێشکەشکردووە، بۆیەش بەشێوەیەکی روون دەردەکەوێت کە خواستی خوێندکاران بەشێوەیەکی گشتی فەرامۆشکراوە و حەز و خواست و ویستی دایباب زاڵە بەسەر دۆخەکەدا، لە ئەنجامدا داهاتووی منداڵەکە، داهاتوویەکی نادیارە.

* راگری پەیمانگەی تەکنیکیی گەشە
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan