راپۆرت
هێرش و پەلاماری کوردەکان لە سوریاوە هەتاوەکو عیراق و ئێران
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا
راپۆرتێکی تەلەفزیۆنی "یۆرۆنیوز" تایبەت بە هێرشەکانی سەر کوردەکان لە سوریا و ئێران و عیراق، باس لەو فشارە زۆرە دەکات کە ئێستا لەسەر کوردەکانە و لە هەموو لایەکەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و تاوانباردەکرێن بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران و تورکیا و نائارامی لەو ناوچانە.
لەکاتێکدا رۆژی یەکشەممە کوردەکان لە سوریا و عیراق ئاگاداری هێرشەکانی تورکیا بوون بۆ سەریان، لەلایەکی دیکەشەوە سوپای پاسدارانی ئێران لەدوای هێرشی هەوایی بۆ سەر هەریمی کوردستان، دەستی کردووەتەوە بە هەڕەشەکردن و دەڵێت "ئەمجارە ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانتر بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەڕێگەی زەمینییەوە ئەنجامدەدات".
لەلایەکی دیکەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی تازەی لە هەرێـمی کوردستان و سوریا دەستپێکردووە و وەک خۆیان دەڵێن، ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی 89 شوێن و بنکەی سەربازییە لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی کوردەکانن بە تایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان کە لەم دواییانەدا لەلایەن تورکیاوە تاوانبارکراون بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ.
ئەگەرچی لای خۆیانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە دیموکراتەکانی سوریا بەهەموو شێوازێک رەتیانکردەوە دەستیان هەبووبێت لە تەقینەوەکەی ئیستانبوڵدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 6 کەس و برینداربوونی 81 کەس، بەڵام تورکیا سوورە لەسەر قسەی خۆی.
لای خۆیەوە رێکخراویی مافی مرۆڤی سوریا رایگەیاند "هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچە کوردییەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس لە هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە".
ئەگەرچی چالاکوانانی مافی مرۆڤ باسلە گیانلەدەستدانی ژن و منداڵی زۆر ئەکەن لەئاکامی ئەو هێرشانە و نیگەرانن لەو باردۆخە، بەڵام وەزارەتی بەرگری تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئەو ناوچانە و خاکی سوریا.
ماڵپەڕی ئاسۆشێتپرێس، لە راپۆرتێکی زۆیدا باسلەوە دەکات، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، لەمیانەی سەردانەکەی خۆی بۆ بەغدا، هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر عیراق حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان ناچار نەکات چەکەکانیان رادەست بکەن یان ئەوێ بەجێبێڵن، ئەوا کۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگای زەوییەوە هێرش دەکاتە سەریان و داواشی کردووە هێزەکانی و سوپای پاسداران لەناو خاکی هەرێمی کوردستان جێگیربکرێن.
لای خۆشییەوە راگەیاندنەکانی ئێران باسیان لەوە کردووە کە هێزی سوپای پاسداران لە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران جێگیرکراون.
پلان و بەرنامەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان لەخاکی عیراقدا لەکاتێکدایە، بەشێکی زۆری شارە کوردییەکان لە ئێران نزیکەی دوو مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تێدایە و لەمدواییانەدا ناڕەزایەتییەکان زیاتر و داپڵۆسینی خەڵکی ناڕازیش لەلایەن حکوومەتەوە زۆرتر بووە و قوربانی زیاتری بەدوایخۆیدا هێناوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو دیمەنانەی تایبەت بە شاری مەهاباد بڵاوبوونەتەوە ئەوەمان بۆ رووندەکاتەوە هێزێکی زیاتر بە چەکی قورسەوە لە شارەکە بڵاوەی پێکراوە و رووبەڕووی خەڵک بوونەتەوە و بێڕەحمانە خەڵک دەکوژن .
هەروەها باسلە تەشەنەسەندی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی "پاوە، بۆکا، مەریوان، سەقز، جوانڕۆ، تکاب، پیرانشەهت و سەردەشت" دەکرێت و لە ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتییانەدا شەهید و بریندار هەیە.
بەپێی دوایین زانیاریی لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، لەماوەی ئەم دوو مانگەدا لەئێران، زیاتر لە 40 کەس لەکوردستان، 14 کەس لەکرماشان و 39 کەس لە ئازەربایجان لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر خۆپیشاندەران لە شارە کوردییەکان گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران لەئەنجامی هێرشەکانی بۆ سەر عیراق بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین کەس لەو ناوچانەی کوردەکانی لێیە.
ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران لەکاتێکدا دەستیپێکرد کە کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵ بەناویی ژینا ئەمینی لەتاران لەلایەن هێزە حکوومییەکانی ئێران شەهیدکرا و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە دەستیپێکرد، هەتاوەکو ئێستاش زیاتر لە 400 کەس لەئەنجامی ناڕەزایەتییەکان گیانیان لەدەستداوە، جگە لەو کەسانەی بریندان و بێسەروشوێنن.
لای خۆشیانەوە سوپای پاسدارانی ئێران هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی نیشتەجێ لەهەرێمی کوردستان بە هاندەری خۆپیشاندەران دەزانێت و ناو بەناو بەو بیانووەوە بە درۆن و چەکی قورس هێرشدەکاتە سەر ناوچەکانیان. ئەگەرچی ئەوان رەتی دەکەنەوە کە دەستیان لەهاندانی خەڵکی ناوخۆی ئێراندا هەبێت، ئێران جگە لەم حیزبانە، ئەمریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا و هێزەکانی پەیوەست بە سعوودیا و موجاهیدینی خەلق، بە هۆکاری نائارامییەکان دەزانێت.
س.ر
س.ر