راپۆرت

هەرێمی كوردستان و خەباتی چەكداری پارچەكانی دیكە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەرێمی كوردستان و خەباتی چەكداری پارچەكانی دیكە
مەودا میدیا- گۆران قادر

هەرێمی كوردستان لەئێستادا لەژێر فشارێكی تووندی وڵاتانی ئێران و توركیادایە، بە بیانووی بوونی هێزە كوردییەكانی ناوچەكانی دیكەی كوردستان سەر سنوور و ناوچەكانی بۆردوومان دەكرێت، كە ئەمەش وای لە هەرێم كردووە بەدۆخێكی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووریدا تێپەڕێت و كۆتایشی دیار نییە ئەنجامی هەرێم و هێزە كوردییەكانی بەكوێ دەگات، بۆیە لەو روانگەیەوە باس لە چەندێتی توانای هەرێم بۆ لەخۆگرتنی ئەو هێزانە و لێكەوتەكانی دەكەین.

كورد وەك نەتەوە لەناوەخنیدا كۆمەڵێك بەهاو كولتوور و زمان پێكەوەی گرێداون، كە سنوور و جوگرافیا و سیاسیەت لە یەكتریان جیا ناكەتەوە، بەڵام لە واقیعدا بەهۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی و یەكانگیر بوونی بەرژەوەندی زلهێزان لەگەڵ نەیارانی كورد، كوردستان دابەش كراوە و هێشتا وەك كیانێكی سەربەخۆ بوونی نییە، جگە لە هەرێمی كوردستان كە بووەتە پەناگەیەك بۆ هێزەكانی دیكە، بەڵام ئەم لە خۆگرتنە هەروا بە ئاسانی تێنەپەڕیوە كێشە و ئاڵنگاری زۆری بۆ هەرێم و ئەوانیش دروستكردووە،چونكە هێشتا هەرێم  خۆی توانای رووبەڕووبونەوەی هێزە دەرەكیەكانی نییە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دانپێدانانێكی نیە كە هاوشێوەی دەوڵەتێك پارێزگاری لێبكرێت، بەشێوەیەك لەكاتی هەڕەشەكان پەرچەكرداری هەبێت و پشتگیری كردنەكانیش لە ئیدانە كردن تێپەڕ بكات، بۆیە لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە  دۆخێكی سەقامگیری پارێزراوی نیە،ئەمەش وای لێدەكات نەك نەتوانێت بەرگری لە هێزە چەكدارییەكان بكات،بەڵكو بەرگریكردن لە خۆیشی لە ئاستێكی لاوازدا بێت، كە ئەمەش دۆخە نێودەوڵەتییەكە و فشاری وڵاتانی هەرێمی دروستیكردووە و لە دەرەوەی ویستی هەرێمدایە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی (توركیا و ئێران) كە زۆرترین فشار لە هەرێم دەكەن و ناوچە سنورییەكان و ئاوەدانەكانیش بۆردوومان دەكەن،ئەم دوو وڵاتە راستە میراتگری (عوسمانی و سەفەوییەكان)ن، بەڵام لەسەر دژایەتی هێزە كوردییەكان و ڕێگری لە دروستبوونی  قەوارەی كوردی تەواو هاوهەڵوێستن، بۆ ئەمەش دەستبەرداری بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیان دەبن و خۆیان بۆ نەیارە هاوبەشەكەیان یەكلایی دەكەنەوە، نزیكترین نموونەش بۆ سەلماندنی ئەم ئەرگۆمێنتە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم بوو لە ساڵی (2017)دا،كە  هەر دوو وڵاتی ئێران و توركیا، چاوپۆشیان لە قەبارەی بازرگانی و بوونی كۆمپانیاكانیان لە هەرێم كرد،بە یەك دەست دژ بە هەرێم وەستانەوە،لەم ڕوانگەیەوە دەبێت هەرێم و هێزە كوردییەكان باش لەو ڕاستیە بگەن، كە هەرەشەی توركیا و ئێران جدییە و دژایەتی كورد دەخنە پێش بەرژەوەندی ئابوورییان،ئەم بۆچوونە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەمان ئەنجامی هەیە، كە هێزە نێودەوڵەتییەكان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان بڕیاردەدەن، ئۆپراسیۆنی چەند بارەی  توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆ گرتنی كەركوك و لە بنەرەتدا دابەش كردنی كوردستان، هەمووی بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی "دۆستەكانمان" بووە، بۆیە بە هەڵەدا دەچین گەر پێمان وابێت مانەوەمان و پاراستنی گیانی هەرێم بۆ هەمیشە پارێزراوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پارێزگاریمان لێدەكرێت، ئەم بۆچوونەش بە ئاشكرا لەسەر زاری جەنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان گوێ بیستی بووین.

لەو روانگانەوە كە باسمان كرد، هەرێم توانای ئەوەی نییە بە دەنگێكی بەرز بەرگری لە خەباتی ناوچەكانی دیكەی كوردستان بكات، هەرچەندە لە ناخیدا لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری ئەو ویستەی هەبێت، بۆیە دەبێت ئەو هێزانەش ئەم ڕاستیە باش بزانن، كە توانای هەرێم بۆ لەخۆگرتنیان سنووردارە، لەم كاتەشدا گرنگە كارێك نەكەن زیان بە هەرێم بگات، یاخود شێوازی خەباتی خۆیان بگۆڕن و لە دڵی نەیارەكانیاندا خەبات دەستپێبكەن،یان واز لە خەباتی چەكداری بهێنن و رێگاكانی دیكە گەیشتن بە ئازادی ئەزموون بكەن،چونكە تاوەكو ئێستا ئەنجامیان كەم و زیانیان زۆرترە كە لەوەیە ئەم شێوازەش نەیانگەیەنێت بەو مەبەستەی  كە دەیانەوێت، ئەمە جگە لەوەی ئاڵنگاری و هەڕەشەی زۆریان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروستكردووە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان