راپۆرت

ژنێکی کورد لە زیندانەوە بۆ سەرۆک کۆماری

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژنێکی کورد لە زیندانەوە بۆ سەرۆک کۆماری
مەودا میدیا-
 

گوڵتەن کشاناک، ژنە سیاسییە بەندکراوەکەی هەدەپە، لەزیندانەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا. کوردەکان دەیانەوێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا بەربژێرییان هەبێت و پارتى دیموكراتى گه‌لان "هه‌ده‌په‌" بەنیازە "گوڵته‌ن کشاناک" هاوسه‌رۆكى پێشوى گه‌وره‌ شاره‌وانى ئامه‌د بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات.

کاندیدکردنی کشاناک لەکاتێکدایە ناوبراو لەساڵی 2016 وە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە زینداندایە.

داواکاری گشتی ئەو کاتە داوای کردبوو ئەم ژنە سیاسییە کوردە بە 230 ساڵ زیندانی سزا بدرێت، دواجار لەساڵی 2019 بە 14 ساڵ و 3 مانگ زیندانی سزا درا، تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە. 

بە کاندیدکردنی هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی ئامەد، پێدەچێت پێداچوونەوە بە دۆسییەکەیدا بکرێت.




گوڵتەن کشاناک، سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووس و نووسەر لە15 ی حوزەیرانی 1961 لە شاری خارپێت لە باکوری کوردستان لەدایکبووە.

بە رەچەڵەک خەڵکی درسیمە، کوردى زازایە و هاوسەرۆکی پێشوی گەورە شارەوانی ئامەد بووە، لەماوەی رابردووشدا دوو خول ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بووە.

لەساڵی 1987 لە پەیمانگەی پەروەردە و فێربوونی زانکۆی "دیکل" دەست بە خوێندن دەکات، بەڵام لەدوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی 1980، کشاناک لەتەمەنی 19ساڵیدا دەستگیرکراوە و بۆماوەی 2 ساڵ زیندانیی بووە، بەوتەی خۆی ماوەیەکی زۆر ناچار بووە لە هێلانەی سەگەکاندا بخەوێت.

لە ساڵی 1986  لە ئەزمیر لە زانکۆی ئیجە بەشی ڕاگەیاندنی خوێندووە، بەڵام لەساڵی 1988 لە ناڕەزایەتییەک دژی هێرشی کیمیاویی سەدام حسێن بۆ سەر هەڵەبجە دەستگیر دەکرێت و ساڵێک زیندانی دەکرێت، دوای ئازادبوونی لە ساڵی 1990 خوێندن لەزانکۆ تەواو دەکات.



کشاناک لەدوای ئازاکردنی دەستی بە کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە و لە چەندین ڕۆژنامەی جۆراوجۆر کاری کردووە، لە ساڵی 2007 توانی وەک پاڵێوراوێکی سەربەخۆ و بە پشتگیری پارتی ئاشتی و دیموکراسی لە شاری ئامەد سەرکەوێت بۆ پەرلەمانی تورکیا.

 یەکەم کاری کشاناک ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەک بوو بۆ ڕێدان بە زمانی کوردی لە شوێنە گشتیەکاندا.

جگە لە سیاسەت و کاری رۆژنامەنووسی نووسەر بووە و كتێبی "ڕه‌نگی مۆری سیاسەتی کورد" یەکێکە لەبەرهەمەکانی کە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە لەزیندان پێکەوە بوون، نووسیویانە.

کتێبەکە باسله‌ ئەزموونی ئەو ژنانە ده‌كات‌ لە سیاسەتی خۆجێیی و گشتییدا به‌رپرسیارێتییان هه‌بووه‌ و ئێستا له‌ زینداندان.

کاندیدکردنی ئەندامێکی "هەدەپە" بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا لەکاتێدایە کە کوردەکان لە تورکیا بەردەوام رووبەڕووی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر دەبنەوە و دەچەوسێنرێنەوە و لە ئێستاشدا زۆربەی بەرپرسان و ئەندامانی ئەو حزبە "هەدەپە" لە زینداندان.

دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆک کۆماری تورکیا لەساڵی 2018 بەڕێوەچوو و لەئێستاشدا ئامادەکاری دەکریت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2023ی تورکیا ئەنجامبدرێت.


ژ.م
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن