راپۆرت
بچووكترین گرووپی ئایینی لە جیهاندا؛ شوێنكەوتەی پەیامبەر مووسان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- شادان ع.ع
بچووكترین گرووپی نەتەوەیی-ئایینیی لە جیهاندا كە ژمارەی شوێنكەوتووانی ناگاتە 1000 كەس، بنچینەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەنی ئیسرائیل و بەپێی گێڕانەوەی خۆیان "بنەچەی ئەوان بەنی ئیسرائیلن كە لەگەڵ پەیامبەر موسا لە میسڕەوە كۆچیان كردووە" و درێژكراوەی نەوەكانی پەیامهێنەران ئیبراهیم و نوحن.
خۆیان بە "سامرییەكان" ناودەبەن، لەگەڵ ئەوەی شوێنكەوتەی پەرتووكی پیرۆزی تەوراتن و شوێنكەوتووی پەیامبەر موسا-ن، بەڵام رەتیدەكەنەوە بە "جوولەكە" ناویان بهێندرێت و پێیانوایە ئەوان هەڵگری تەوراتی راستەقینەن كە جیاوازە لەو تەوراتەی جوولەكەكانی دیكە لە ئیسرائیل و جیهان پەیڕەوی دەكەن و دەڵێن "نزیكەی 7000 خاڵی ناكۆك لەنێوان هەردوو تەوراتەكەدا هەیە".
سامرییەكان كە بە زمانی عیبری بە "شمرونیم" دەخوێندرێتەوە و لە تەلمۆد بە "كوتیم" ناسراون، گرووپێكی نەتەوەیی-ئاینیین و شوێنكەوتووانی لەنێوان هەریەك لە گوندی لۆزە لە نابلوس و ناوچەی حۆلۆن نزیك تەلئەبیب، واتە لەنێوان هەریەك لە فەڵەستین و ئیسرائیل نیشتەجێن.
مێژوو دەڵێت لە كۆندا هەزاران سامریی لە فەڵەستین دەژیان، بەڵام لەمیانی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ بەیزەنتیینییەكان و دواتریش خاچپەرستەكان ژمارەیان كەمبووەتەوە، لەمیانی گەیشتنی سەڵاحەددینی ئەییوبی بە ناوچەكە، سامرییەكان هاوشێوەی شوێنكەوتووانی هەر ئاینێكی دیكەی جیاوازی ناوچەكە توانیویانە بە سەربەستی بژین، بەڵام لەگەڵ هاتنی عەبباسییەكان سەرلەنوێ هەوڵدراوە بە زەبر ژمارەیان كەمبكرێتەوە و ئاینیان بگۆڕدرێت.
ساڵی 1917 ژمارەی ئەو گرووپە ئاینییە گەیشتە تەنها 146 كەس و مەترسییەكی گەورە لەسەر لەناوچوونیان دروستبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەپێی دوایین سەرژمێریی ژمارەی سامرییەكان نزیكەی 874 كەسە، سامرییەكانی نیشتەجێی نابلوس بە عەرەبی قسەدەكەن و سامرییەكان حۆلۆن بە عیبری، بەڵام دانیشتوانی هەردوولا هەردوو زمانەكە بە باشیی دەزانن.
جیاواز لە جوولەكەی ئیسرائیل و ناوچە جیاوازەكانی جیهان كە مزگەوتی ئەقسا لە قودس بە خاكی پیرۆز ناوزەد دەكەن، سامرییەكان شاخی جەرزیم لایان پیرۆزە كە دەكەوێتە نابلوس و ئەوێش بە ناوەند و شوێنی بنچینەیی خۆیان دادەنێن، ئەو شاخە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، سامرییەكان شاخی جەرزیم بە پیرۆز دەزانن چونكە پێیانوایە زۆرینەی پەیامبەرەكان وەك نوح، ئیبراهیم، یەعقوب و موسا كاری پەیامبەرییان تێدا ئەنجامداوە.
سامرییەكان خۆیان بە بەشێك لە گەلی فەڵەستین دەزانن، حوسنی واسیف، حاخامێكی سامرییەكانە و لەوبارەیەوە دەڵێت "ئێمە نەتەوەی بەنی ئیسرائیلین و رەگەزنامەمان فەڵەستیینییە"، لەلایەكی دیكەوە هارون سلوم، ئەندامی گرووپی حاخامی سامرییەكانیش دەڵێت "داب و نەریتەكانمان لە جوولەكە دوورە و هەركەسێك بێتە ماڵەكانمان دەبینێت، هاوشێوەی فەڵەستینییەكانین، ئێمە خەڵكی ئەسڵی نابلوسین".
ئاینی سامری پێنج بنەمای بڕوای هەیە و پێویستە هەموو سامرییەك پابەندبێت پێیەوە، لە رێسای سامرییەكاندا هاوسەرگیریی لەگەڵ كەسانی دەرەوەی گرووپەكەی خۆیان رێگەپێنەدراوە، لە ساڵێكدا حەوت جەژنیان هەیە، مەڕ دەكەنە قوربانی و تەنها دەیدەنە كەسانی سەر بە گرووپە نەتەوەیی-ئاینییەكەی خۆیان، رۆژانی شەممە رۆژی پیرۆزیانە و لە ساڵێكدا 24 كاتژمێر لەسەریەك بەڕۆژوو دەبن بە شێوەیەك تەنانەت خۆیان لە قسەكردنیش دەگرنەوە.
لە ناوچەی حۆلۆن-ی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەرگیریی لەگەڵ جوولەكەدا بكەن، هەندێك لە سامرییەكان مەزهەبی خۆیان دەگۆڕن بۆ جوولەكە و سامرییەكانی دیكەی ئەو ناوچەیە پێویستە لەسەریان بەشداربن لە سوپا، بەڵام هەتا ئێستا ئەو ئەركە نەدراوەتە سامرییەكانی دانیشتووی نابلوس لە فەڵەستین، سەرجەم سامرییەكانیش هەڵگری رەگەزنامەی ئوردنی، ئیسرائیلی و فەڵەستینین.