تەندروستی
هەشت خواردن و خواردنەوە نابێت لەگەڵ شیر بخورێن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پێچەوانەی ئەوەی كە باوە مۆز لەگەڵ شیردا تێكەڵ بكرێت سوودبەخشە، بەشێك لە توێژینەوە تەندروستییەكان جەختدەكەنەوە كە ئەو گیراوەیە زیانبەخشە بۆ تەندروستی.
زۆر لە مرۆڤەكان گرنگییەكی بەرچاو دەدەن بە تەندروستییان و بەوپێیەش خواردن و خواردنەوەكان هەڵدەبژێرن و تەماشادەكەن بزانن كامەیان باشترینە بۆ جەستە و تەندروستییان؛ چونكە باشترین خواردن و خواردنەوەكان ئەوانەن كە رێژەیەكی زۆر مادەی خۆراكی، كانزا و ڤیتامینەكانیان تێدایە.
شیر یەكێكە لەو خواردنەوانەی دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی ئەی، بی 6، دی، كەی، لەگەڵ كانزاكانی فسفۆڕ، ماگنیسیۆم و یۆد و زۆر سەرچاوەی خۆراكیی دیكە، بەڵام بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان ئەم خواردنەوە سوودبەخشە بەكاربردنی لەگەڵ هەندێك خواردن و خواردنەوە، رۆڵەكەی دەگۆڕێت و زیاندەبەخشێتە جەستە، وەك؛
1.ماست
خواردنی ماست لەگەڵ شیر پێكەوە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سیستمی هەرس و كێشە لە گەدە و هەرس دروستدەكات.
2.ترشەڵۆكەكان
خواردنی ئەو میوانەی ترشەڵۆكیان زۆرە لەگەڵ شیر دەبێتە هۆی ئازار بۆ گەدە و هەندێكجاریش رشانەوە، پێویستە لەنێوان خواردنی ترشەڵۆك و شیر لانیكەم دوو كاتژمێر هەبێت.
3.مۆز
وا باوە خواردنی مۆز لەگەڵ شیر تەندروست بێت، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن بەهۆی ئەوەی شیر و مۆز پێكەوە تێكەڵەیەكی قورس دروستدەكەن، دەبێتە هۆی هەستكردن بە ماندوویەتی و درەنگ هەرسدەبن.
4.ماسی
ماسی زۆر بەسوودە بۆ جەستە، بەڵام خواردنی لەگەڵ شیر دەبێتە هۆی كێشە بۆ كۆئەندامی هەرس و هەندێكجار ژەهراویبوونی گەدەی لێدەكەوێتەوە، كێشەی پەیوەست بە پێستیش دروستدەكات.
5.كاڵەك
رێژەیەكی زۆر لە كاڵەك بریتییە لە ئاو، شیریش مادەیەكی نەرمكارە، بۆیە تێكەڵكردن و خواردنی هەردووكیان پێكەوە كێشە لە گەدە دروستدەكات و هەندێكجاریش دەبێتە هۆی سكچوون.
6. بەهارات
بەهاراتەكان دەبنە هۆی دروستبوونی ترشەڵۆكی گەدە، كاتێك لەگەڵ شیر تێكەڵدەكرێن گەڕانەوەی ترشەڵۆك دروستدەبێت و كردەی هەرسكردن سەختدەكەن.
7. بەرهەمی هەویر و چپس
بسكیت و چپس و بەرهەمەكانی هەویر بە گشتی تینوومان دەكەن، ئەگەر لەبری ئاو شیر بخۆینەوە بۆ شكاندنی تینوویەتی، رێژەی زۆری خوێ دەبێتە هۆی تێكدانی هاوسەنگیی كارەبایی جەستە و هەڵئاوسان و نائارامیی دروستدەكات.
8.خواردنە پڕ لە پرۆتینەكان
لەبەرئەوەی شیر دەوڵەمەندە بە پرۆتین، خواردنەوەی لەگەڵ خواردنەكانی دیكەی پڕ لە پرۆتین وەك گۆشت، هێلكە و فاسۆلیا قورس دەبێت لەسەر گەدە هەرسیان بكات و بەوهۆیەوە ئازار و نائارامیی دروستدەكات.
شادان، ع، ع