شوکریە  فەتاح

شوکریە فەتاح

لە سەردەمی کۆرۆنادا منداڵەکانتان لەبیر مەکەن

ئێستا کە کۆرۆنا هەمووانی بە گەورە و بچووکەوە راپێچی ژوورەکان کردووە، چاوەکانیشی زیاتر خستووەتە سەر شاشەکان، چ تەلەفزیۆن چ تەلەفۆنەکان. هەمووان مافی خۆیانە بەردەوام ئاگایان لە هەواڵ و زانیارییە نوێکان و رێنماییە پزیشکییەکان بێت سەبارەت بە کۆرۆنا، بەڵام تۆی دایک و باوک، دەبێت هۆشیارتر لە جاران لەگەڵ منداڵەکەتدا هەڵسوکەوت بکەیت و ئاگاداری بیت، وریابیت شاشەکان منداڵەکەت بیر نەبەنەوە و شاشەکانیش منداڵەکەت لەگەڵ خۆیان نەبەن.
ئێستا کە دایەنگە و باخچە و قوتابخانەکان نەماون، دایک و باوک جگە لە ئەرکی دایک و باوکایەتی، ئەرکی دادە و مامۆستاشیان هەیە، ئەم هۆشیارییە بۆ دوورخستنەوەی منداڵەکەت لە شاشە، بۆ بەردەوامیدان بە خوێندنەکەی و بەردەوامیی گەشەی مێشک و بیرکردنەوەی منداڵەکەت زۆر گرنگە.

هەرچۆنێک تا ئێستا رەفتارت کردووە، چەند ورد بوویت، ئەم رۆژانە گرنگتر و هەستیارترن بۆ منداڵەکەت، گرنگە نەهێڵیت بێتاقەتی و بێزارییت لە ماڵەوە و خراپیی هەواڵە تەندروستییەکان سەبارەت بە کۆرۆنا، کاریگەریی بکاتە سەر ژیانی رۆژانە و رەوتی فێربوون و یاریکردنی منداڵەکەت بە بەراورد بە بارودۆخی پێش کۆرۆنا.

وێنەکە بەم شێوەیەیە:
*لە چاوتروکانێکدا دنیا گۆڕا، ئامێرەکانی ئاگادارکردنەوە بەیانیان دەنگیان لێ نایەت، دایکم پەلەپەلی درەنگکەوتنی خوێندنگەم لێ ناکات، پۆلەکان چۆڵ و دەرگای خوێندنگەکان داخراون و کەسیش یارییان تیادا ناکات. هاوڕێکانم نابینم، ناتوانم بچم بۆلایان یان ئەوان بێن، ناشتوانم بچمە دەرەوە.
باخچەی منداڵان چۆڵ، کەس نە یاری بە بووکەشووشە دەکات، نە منداڵەکان شەڕ لەگەڵ یەکتری ناکەن ... هەر بەو خێراییە لەناکاوە نەنکم نایەت بۆ لام و منیش ناتوانم بچم بۆ لای.
تەلەفزیۆنەکە زیاد لە رۆژانی ئاسایی هەڵبووە، چاوەکان زیاتر لە جاران لەسەر شاشەکانن و بەردەوامیش باسی ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنایە دەکەن، کە من تائێستا نازانم بە تەواوی چییە و چیمان لێ دەکات.
*دایک و باوکم شەڕ زۆر دەکەن، لەسەر هەموو شتێک، لەسەر ئیشوکاری ماڵ، لەسەر شتکڕین و تەنانەت قسەکردن و دانیشتن و خەوتنیش ... نازانم چۆن و چی بکەم لەگەڵ ئەو هەموو وزەیەی پێمە؟ لەگەڵ ئەو هەموو ترسە پێنەگەیشتووەی پێمە بەرەو کوێ؟ منیش دەترسم، بەڵام کەس لە ترسەکەی من تێدەگات؟
دایک و باوکیشم دەترسن، لە بێکاری، لە بێ پارەیی و لە بەردەوامبوونی ئەو بارودۆخە.
دایک و باوکان، منداڵەکانتان پێویستیی تەواویان بە دڵنیایی و ئارامی هەیە، ئەو ئارامی و دڵنیاییە لە ئێستادا بۆ ئەوان زیاتری کردووە و زیاتر پێویستیان پێیەتی، تکایە مەهێڵن ئەم بارودۆخە ناهەموارە کاریگەریی دەروونیی خراپ لەسەر منداڵەکانتان جێ بهێڵێت.

*لەم بارودۆخەدا کە هەموو میدیاکان باسی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، منداڵەکانیش زۆربەی کات ئاگادارن و گوێیان لە زانیارییەکان دەبێت، مرۆڤەکان بە داپۆشراوی و ماسکەوە دەبینن، وێنەی نەخۆشخانە و نەخۆش و ژمارەیان دەبینن و بە هەندی وەردەگرن. لێرەدا ئەرکی دایک و باوک و کەسی منداڵە، کە چۆن ئەو بەرەنگاربوونەوەیە لە بیرکردنەوەی منداڵەکەتدا درووست دەکەیت، کە ئەرکێکی ئاسان نییە و پێویستە تۆی دایک و باوکیش بە هەند وەری بگریت.

ئەم بارودۆخە چی لە منداڵدا درووست دەکات؟
*رەنگدانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازیی هەیە، هەندێ منداڵ نائارام دەبن، هەست بە ماندووێتی دەکەن و تووڕە دەبن، هەندێکیان تووندوتیژ دەبن و دەنگ بەرز دەکەنەوە. هەندێجار حەزی خواردنیان نامێنێت و تەرکیزیان نامێنێت، خەویان تێک دەچێت، خەوزڕانیان دەبێت و جێگەکانیان بە میزکردن تەڕ دەکەن، بە کورتی هاوسەنگیی لە دەست دەدەن. هەندێ رەنگدانەوەی تریش هەن تیایاندا، بۆ نموونە دڵتێکهەڵهاتن، سکئێشە و سەرئێشە.
تۆی دایک و باوک دەبێت هەوڵ بدەیت تا دەتوانیت نزیک بیت لێی و ببیتە جێگەی متمانەی، ئەوەش بە پەیوەندییەکی هەستیی تووندوتۆڵ دەکرێت.

ئەم هەنگاوانە هاوکاریی تۆی دایک و باوک بکەن لەو رووەوە:
*پلانێکی تەندروستیی رۆژانە دابنێ بۆ منداڵەکەت، کە بەیانی لە خەو هەڵدەستێت تا کاتی خەو، بۆ نموونە زۆر گرنگە خەو و خواردن لە کاتی خۆیدا بێت و خواردنی تەندروست بێت. زۆر گرنگە وەک کاتی خوێندنگە یان دایەنگە و باخچە، لە کاتی خۆیدا بخەوێت.
*دەبێت کاتی فێرکردن و فێربوونی لە رۆژەکەدا دیاریکراو بێت، مەرج نییە تۆ مامۆستایەکی نموونەیی بیت، بەڵام با لە خوێندن و فێربوون دانەبڕێت.
*هەوای پاک و جووڵە لە هۆکارە گرنگەکانن، تەنانەت ئەگەر لە حەوشە یان بالکۆنی بچووکیشدا بێت.
*کاتی یاریکردنی بۆ تەرخان بکە و لەگەڵی بە، نەک ڕۆژەکە تۆ بە دیار شاشەی تەلەفۆن و تەلەفزیۆنەوە بیت و منداڵەکەشت سێ بەشی ڕۆژەکەی لەگەڵ ئایپادەکەی بێت یان لەگەڵ ئەو ترسەی هەیەتی تەنیا بێت و بە تەنیا بیری لێ بکاتەوە.

چۆن ئەم بارودۆخەی بۆ رووندەکەیتەوە؟
یارمەتیی منداڵەکەت بدە، بە سەبر و ئارام بە لەگەڵیدا، کات و دەرفەتی بدەرێ، گوێی بۆ بگرە، با بیروبۆچوونەکانیت بۆ باس بکات ئەگەر دووبارەش بێت، کاتی بدەرێ خۆی لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیەدا بگونجێنێت، بە دیقەت و تێبینییەوە گوێ بۆ سەرنجە جیاوازەکانی بگرە، وەڵامی پرسیارەکانی بە راستی و بە روونی و کراوەیی بدەرەوە، گرنگە لە هەر تەمەنێکدا بێت تێبگات بۆ لە خوێندنگە و هاوڕێ و کۆمەڵگە دابڕاوە.
لەگەڵ ئەوانەشدا بۆی روون بکەرەوە ئەو ڤایرۆسە چییە، چۆن بڵاودەبێتەوە، مەترسییەکانی چین، نیشانەکانی چین و چۆن خۆمانی لێ بپارێزین.

دەبێت تۆی دایک و باوک ئەوە بزانیت، کاریگەریی ئەم بارودۆخە، بەتایبەت ترس و دڵە راوکێکە لەسەر منداڵ زۆر دەبێت و لە کەسایەتی و بیرکردنەوەیدا رەنگ دەداتەوە، بۆیە دەبێت هەرچۆنێک بێت تەواوی ئەم بارودۆخەی بۆ روونبکرێتەوە و لە هەر تەمەنێکدا بێت تێی بگەیەندرێت، قەبارەی ترسەکە، ناسینی ڤایرۆسەکە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیدا بۆ روونبکرێتەوە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan